لە ئێستادا خانمە هونەرمەندى کورد ئەمەل سەعید کوردە گەڕاوەتەوە بۆ نیشتیمانی دایک و سەرقاڵی چەند پرۆژەیەکی هونەریىە، سایتى گەلاوێژ زانیویەتى لە ئێستادا سەرقاڵی کلیپکردنی دوو بەرهەمی هونەرییە بە ناوەکانى (ناوازەترین ئازار) لە هۆنراوەی خاتوو کەژاڵ ئەحمەد و ئاوازی ئەنوەر قەرەداغى، هەروەها (ئاهێک بۆ مناڵی) لە هۆنراوەی (کاوە حسێن) و ئاوازی (سەڵاح رەئوف)ە، کە هەردوو بەرهەمەکەشى کلیپى بۆ ئەنجامداوە لە شارەکانى سلێمانی و لەندەن.
هەروەها لەم سەردانەیدا سەرقاڵی تۆمارکردنی بەرهەمێکی دیکەى نوێیە لە هۆنراوەی شاعیری کۆچکردوو (کەژاڵ ئیبراهیم خدر) و ئاوازی (ئارام تەها).
ئەمەل سەعید کوردە لە چەند دێرێکدا:
- لە شاری کەرکوک لەدایکبووە.
- لە ساڵانى نەوەدەکان سەدەى رابردوو دەستى بەکارى هونەرى کردووە.
- دەرچووی بەشی میوزیکی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی سلێمانییە.
- لە قۆناغی یەکەمی خوێندنی لە پەیمانگەدا چووەتە سەر تەختی شانۆ و کاری کردووە.
- لە زۆربەی کار و چالاکی و فێستیڤاڵەکانی پەیمانگە و یادی ئەنفال و هەڵەبجە و راپەرین و بۆنەکان بەشداریکردووە.
- لە سەرەتادا لەگەڵ کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی دەرکەوتووە.
- یەکەم گۆرانیی تایبەتى بۆ تیڤی بەناوی (دەریا) تۆمارکردووە.
- ساڵی 2004 رووی کردووەتە هەندەران و لە بەریتانیا دەژێت.
- خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە زانکۆى لەندەن بەناوی (بریقەیەکی کوردی لە موزیکی جازدا)، کە کلتووری کوردی و بیانی تێکەڵکردووە.
- چەندین ڤیدیۆ کلیپ و ئەلبومى گۆرانى بڵاوکردۆتەوە.
- لە ئێستادا بەرهەمهێن و پێشکەشکاری بەرنامەی (مرواریەکانی غوربەت)ە لە لەندەن.