کتێبی بیبلیۆگرافیای (پیرەمێرد) کەوتە بەردیدەی خوێنەران

لە چەند رۆژى رابردوودا کتێبی بیبلیۆگرافیای (پیرەمێرد) حاجى تۆفیق مەحموود ئاغا، بیبلۆگرافیاى کتێب، نووسین و وەرگێڕان 1908 – 2018،  بیبلۆگرافیاى و پێرستى لە کتێبى کوردیدا 1939 – 2010 لە ئامادەکردنى (بوار نوورەدین) کەوتە بەردیدەى خوێنەران، سایتى گەلاوێژ وێڕاى دەستخۆشى لەناوبراو و هیواى بەردەوامى بۆ دەخوازێت بۆ ئەوەى هەمیشە بەردەوام بێت لەخزمەتکردنى بوارى ئەدەبى و روناکبیرى، لەهەمانکاتیشدا جارێکى دیکە ئاگادارى سەرجەم نووسەران دەکەینەوە کە هەر بەرهەمێکى چاپکراویان هەیە دەتوانن بۆمان بنێرن بۆ ئەوەى لێرەدا بڵاوى بکەینەوە.

سەبارەت بەم بەرهەمەش (بوار نوورەدین) ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، کە ئەم بیبلیۆگرافیایە تەواوی بابەت، نووسین و وەرگێڕانەکانی پیرەمێردە، یەکەم بیبلیۆگرافیاشە، کە بە شێوەیەکی ئاوا فراوان ئامادەدەکرێت، 256 لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگە و دوو تەوەرەی سەرەکییە:

تەوەرەى یەکەم تایبەتە بە بیبلیۆگرافیای کتێب و نووسینی لە ڕۆژنامەکانی ژیان- ژین و گۆڤاری گەلاوێژدا 1931- 2018.

یەکەم بەش: لە ساڵی 1932 تا 2018، 49 کتێبی پیرەمێرد بە زمانی کوردی بڵاوکراونەتەوە، یان بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون، لەم بەشەدا کتێبی دوای ساڵی 2010یش تۆمارکراون.

دووەم بەش: ڕۆژنامە و گۆڤار 1908- 1950.

ئەم بەشە، بیبلیۆگرافیای نووسین و وەرگێڕانەکانی پیرەمێردە لە ڕۆژنامەکانی «کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسی»، «ژیان»، «ژین»، «هەتاو» و «گۆڤاری گەلاوێژ»دا.

دووەم تەوەرە:

سێ‌ بیبلیۆگرافیای ئەم تەوەرەیە، تەنها تا ساڵی 2010 وەرگیراون، چونکە بەزاندنی سنووری پڕۆژەی کورد و کوردستان، گەڕانی زۆرتری پێویستە و هەر وا بە ئاسانی ناکرێت.

یەکەم بەش: بیبلیۆگرافیای پیرەمێرد لە کتێبی کوردیدا، کە لە ساڵی 1951 تا 2014، 14 کتێبی سەربەخۆ لەبارەی پیرەمێردەوە نووسراوە.

دووەم بەش: پێڕستی پیرەمێرد لە ناوەرۆکی کتێبی کوردیدا، کە لە ساڵی 1939 تا 2010، 79 بابەت لەبارەی پیرەمێردەوە نووسراوە.

سێیەم بەش: بیبلیۆگرافیای ڕۆژنامەکانی ژیان و ژینە لە کتێبی کوردیدا، کە لە ساڵی 1984 تا 2008، شەش کتێبی سەربەخۆ لەبارەیانەوە نووسراوە.

چوارەم بەش: پێڕستی ڕۆژنامەکانی ژیان و ژینە لە ناوەرۆکی کتێبی کوردیدا، کە لە ساڵی 2001 تا 2005، 14 بابەت لەبارەی ئەم دوو ڕۆژنامەیەوە نووسراوە.

لە پێشەکیی کتێبەکەدا نووسراوە: پیرەمێرد، خزمەتی زۆری کردووین و ڕەنگە وەک پێویستیش، پارسەنگی بۆ دانەنرابێت. لەم کارەدا، ناونیشانی دوا نووسینی پیرەمێرد (فەلسەفەی حەیات لە سەرەمەرگا، ژین، ژ1015، 15ی حوزەیرانی 1950، ل3) کە چوار ڕۆژ پێش مردنی نووسراوە، سەرنجی زۆر ڕاکێشام، ئەگەر کتێبەکە بیبلیۆگرافیا نەبوایە، بەم ناونیشانەوە ناودێرم دەکرد.

بوار نوورەدین لە چەند دێرێکدا:

 - ناوى تەواوى (بوار نوورەدین سابیر)ە.

- ساڵی 1962 لە شارۆچکەی قەڵادزێ‌ لەدایک بووە.

- سەرەتای هەشتاکان دەستی بە نووسین کردووە و یەکەم بەرهەمی بە ناوی خوازراوی (کارا)، لە ژمارە سێی گۆڤاری قەندیل لە ساڵی 1987 لە شاخ بڵاوبووەتەوە.

- ساڵانی 2002- 2012 لە ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد کاریکردووە.

- چەند ساڵێک هاوکاری بنکەی ژین بووە.

- لە ساڵى 2013 تا ئێستا بەرپرسی (ئەرشیڤی بڵاوکراوەکان)ی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

- ساڵانی 2014- 2018، ئیدیتۆری پڕۆژەی ئینسایکلۆپیدیای پارێزگای سلێمانی بووە.

- دەیان بابەت، لێکۆڵینەوە و بیبلیۆگرافیای تایبەتی بڵاوکردووەتەوە، کاری ئیدیت و پێداچوونەوەی بۆ زۆرتر لە 100 کتێب کردووە.

- تاکو ئێستاکە (24) بەرهەمى چاپکراوى هەیە.

- دوو (2) بەرهەمى دیکەى کارى لەسەرکراون و ئامادەن بۆ چاپکردن.

- تاکو ئێستاکە (10) خەڵات و ڕێزلێنانى پێبەخشراوە لەلایەن دەزگاکانى حکومەت و ناوەمدە چاپەمەنى و کەسایەتییەکان.


ئەم بابەتە 26 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو