شەوە تاریکەکانی کەژاڵ ئیبراهیم خدر بڵاوکرایەوە

دیوانە شیعری (شەوە تاریکەکانی ژیان خەم دەنووسنەوە)، شاعیرى کۆچکردوو کەژاڵ ئیبراهیم خدر بڵاوکرایەوە. لەدرێژەى کۆڕ و کارو چالاکییەکانى ‌ساڵۆنی کوردستانی نوێ رۆژى 1/9/2019 کاژێر (10:30) سەرلەبەیانى مەراسمیمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی دیوانە شیعری (شەوە تاریکەکانی ژیان خەم دەنووسنەوە) شاعیری کۆچکردوو کەژاڵ ئیبراهیم خدر بەڕێوەچوو.

سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌که‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند پارچه‌ شیعرێکی شاعیری کۆچکردوو ده‌ستیپێکرد.

 لەکۆڕەکەدا لەلایەن ئامادەبووانەوە بەشێوەیەکی ورد گفتوگۆ دەربارەی ژیان و شیعرەکانی شاعیری کۆچکردوو کەژاڵ کرا، هەروەک کۆڕەکە لەلایەن رۆژنامەنووس رێبوار محەمەد یوسف هاوسەری کەژاڵ ئیبراهیم خدر بەڕێوەچوو.

دوابەدواى مەراسیمەکە دیوانە شیعرییەکە به‌سه‌ر میواناندا دابه‌شکرا.

چاپکردنى ئەو دیوانە شیعرییە دواى ئەوە دێت کە بەر لەمردنى وەسێتى ئەوەى لاى هاوژینەکەى کردبوو کە بەڵێنى ئەوەى پێبدات بەرهەمە چاپنەکراوەکانى بۆ چاپ بکات.

 

کورتەیەک لە ژیاننامەى کەژاڵ ئیبراهیم خدر

لەساڵی ١٩٦٨ لەشاری قڵادزێ لەدایک بووە.

خوێندنی سەرەتای و ناوەندی و دواناوەندی لەم شارەدا تەواو کردووە.

بەهۆی ڕاگواستنی دانیشتوانی شاری قەڵادزێ و گوندەکانی دەوروبەری خۆى و خێزانەکەی کۆچدەکەن بۆئۆردوگای خەبات و چەند ساڵێک لەوێ نیشتەجێ دەبن.

خاوەنی سێ منداڵ بووە بەناوەکانی: نامرێ، نواڵه‌ و داریاس.

لەساڵی ١٩٨٧ دەستی بەنووسین کردوە و سەرەتا بە شیعری منداڵان دەستی پێکردووە.

ساڵی١٩٩٨دەست دەکات بە نوسینی شیعری سۆزداری.

زۆربەی زۆری شیعرەکانی لە گۆڤار و رۆژنامە و سایتەکاندا بڵاوکراوەتەوە.

خاوەنی 28 دیوان و نامیلکەی شیعرییە.

زۆر بەی هۆنراوەکانی وەرگێڕاونەتە سەر زمانەکانی (عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئەمازیخی، رووسی و ئیسپانی).

ئەندامی دەستەی نوسەرانی کورد بوو.

لەزۆربەی کۆڕ و فیستیڤاڵەکان بەژداری کردووە.

چەندین جار خەڵاتی ڕێز لێنانی پێ بەخشراوە.

چوار دیوانی شیعریی چاپنەکراوی لەدواى خۆى بەجێهێشت کە هەموویان شیعری کورت و کۆپلەن.

هەشت لە دیوانەکانی لەلایەن چەند نووسەرێکی کوردەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی عەرەبی و چاپ نەکراون.

دوو لە هۆنراوەکانی کراون بە شانۆگەری.

یەکێک لە دیوانەکانی وەرگێڕدراوە بۆ زمانی ئەمازیغی.

شەوی ٢٣/4/٢٠١٨ ، کاژێر 11:30 خولەک لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا لەسلێمانی کۆچی دوایی کردووە.


ئەم بابەتە 46 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو