پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى رانیە خولێکى ڕاهێنانى کردەوە

پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى رانیە لە ساڵى 2000 لە شارى رانیە کراوەتەوە، وەک نەریتێکى ساڵانەش ئەمساڵیش خولێکى ڕاهێنانى کردۆتەوە، بۆ ئەم مەبەستە مامۆستا (دارا عومەر) یاردەدەری بەرێوەبەری پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى ڕانیە بۆ کاروبەری کارگێڕی تایبەت بە سایتى گەلاوێژ وتى: "هەموو ساڵێک خولێکى ڕاهێنان بۆ خوازیارانى خوێندنى پەیمانگاکەمان بۆ هەردوو بەشى شێوەکارى و موزیک دەکەینەوە، بۆ ئەمساڵیش لە 1/9/2019 هەڵساوین  بەکردنەوەى خولێکى یەک هەفتەیى کە رۆژانە نزیکەى (3) کاژێر وانە لەلایەن مامۆستایانى پەیمانگاکەمان دەگوترێتەوە مەبەستیش لێى بۆ پێدانى زانیارى سەرەتایى بۆ هەردوو بەشەکە".

هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کە پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى رانیە تاکە پەیمانگای هونەرە جوانەکانە لە سنوورى پەروەردەى رانیە و قەڵادزێ و دوکان، کە لە دوو بەش پێکدێت، ئەوانیش بەشەکانى (موزیک و شێوەکارى)یە.

سەبارەت بەشێوازى وەرگرتنى خوێندکارانیش لە هەردوو بەشەکەدا وتى: "ساڵانە لەسەر داواکارى بەشەکان خوێندکار وەردەگرین، بەجۆرێک (20) خوێندکار بۆ بەشى شێوەکارى و (15) خوێندکاریش بۆ بەشى موزیک، وەرگرتنى خوێندکارانیش لە ڕێگەى پڕکردنەوەى فۆڕمە و دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت".

بۆ وەرگرتنى خوێندکارانیش بۆ ساڵى نوێى خوێندن ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کە بەپێى ڕێنمایى وەزارەتى پەروەردە تەمەن و ساڵى دەرچوونى خوێندکار دیاریدەکرێت، بۆ ساڵى نوێى خوێندنیش (2019-2020)، ساڵى دەرچوونى خوێندکاران بۆ ساڵەکانى (2017-2018) و (2018-2019) دەبێت و تەمەنى خوێندکاریش بەپێى ساڵى لەدایکبوونیەتى بۆ کچان لە دایکبوانى ساڵى (1999) و بۆ کوڕانیش ساڵى لەدایکبوونى (2000) وەردەگیرێن.


ئەم بابەتە 323 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو