لە ساڵڕۆژى کۆچى دوایى جه‌لال ته‌قی ‌نوسه‌ر و وه‌ڕگێری‌ کورددا

جەلال تەقى لە (54) ساڵ تەمەنیدا خزمەتێکى زۆرى بە بوارى ئەدەب و ڕووناکبیريى کوردى کردووە، لەو ماوەیەدا جگە لە نووسینى چەند کتێبێک چەندین کتێبى بەنرخى لە زمانى رووسى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى، لە ساڵی 1939 لە شارى ‌سلێمانی له‌دایکبووه‌، لە رۆژى 5/9/1993 بە نەخۆشى کۆچى دوایى کردووە، سایتى گەلاوێژ وەک ئەرکێکى پیشەیى بە ئەرکى خۆى دەزانێت باس لە ژیان و بەرهەمى هەموو ئەو کەسانە بکات کە خزمەتیان کردووە، لە سالڕۆژى کۆچى دوایى نووسەر و وەرگێڕ (جەلال تەقى)، تیشک دەخەینە سەر بەشێک لە ژیانى و بەرهەمەکانى.

جەلال تەقى لە چەند دێرێکدا:

لە ساڵی 1939 لە شارى ‌سلێمانی له‌دایکبووه‌.

لە شارى سلێمانى قۆناغەکانى خوێندنى سەرەتایى و ناوەندى و ئامادەیى خوێندووە.

هەر بەمنداڵى باوکى دەمرێ و لاى (ئەحمەد تەقى) پوورزاى بەخێو دەکرێت.

لە تەمەنى لاوێتى دەستى بە چیرۆک نووسین کردووە.

خزمەتێکى زۆرى بوارى ئەدەب و هونەر و مێژوو و کەلەپورى کوردى کردووە.

 (12) کتێبى چاپکراوى هەیە و (15) کتێبى دەستنووسیش لەدواى خۆى بەجێهێشتووە.

یه‌کێک بوو له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ئاماده‌کاری فه‌رهه‌نگى تەقى، که‌ پێش له‌ چاپ دانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ کۆچی دوایى کرددوە.

ساڵى 1960 لەبەر زیرەکى و سەرکەوتنى لە خوێندنى ئامادەیى بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا نێردراوە بۆ رووسیا.

لە ساڵى 1967 کۆلێجى ئەندازیارى بیناسازى لە مۆسکۆ تەواو کردووە.

ساڵى 1967 دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و لە وەزارەتى کاروبارى باکور دادەمەزرێت.

ئەندامێکى چالاکى کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد بووە لە ئەوروپا.

لە ناوەڕاستى ساڵانى شەستەکاندا ژیانى هاوسەرى لەگەڵ کچێکى رووسى بەناوى (نینا) پێکهێناوە، بەڵام بەهۆى نەخۆشى شێرپەنجە کۆچى دوایى کردووە. بۆیە لە ساڵى 1974 جارێکی دیکە لە سلێمانى هاوسەرگیرى لەگەڵ (نیعمەت ئەحمەد مەڵکەندى) دەکات.

لە بوارى وەرگێڕاندا خزمەتێکى زۆرى کردووە بە تایبەتى وەرگێڕان لە ڕووسى بۆ کوردى.

جگە لە وەرگێڕان وێنەکێشێکى دەستڕەنگین بووە، بۆ کتێبەکانى خۆشى هێلکارى و وێنەکانى خۆى کێشاونى.

لە بوارى دارتاشى و ئاسنگەرى و بەرگدوریش شارەزایى هەبووە و کارى کردووە.

لە دواى راپەڕینى ساڵى 1991 رۆڵێکى بەرچاوى بینیووە و بۆ ئاوەدانکردنەوەى کوردستان و ئەنجامدانى چەندین پڕۆژە.

ساڵى 1991 لەگەڵ چەند رۆشنبیرێکى دیکە کۆمەڵەى کەلەپوور و فۆلکلۆرى کوردیان دامەزراند.

 لە رۆژى 5/9/1993 بە نەخۆشى کۆچى دوایى کرد.

ئەو کاتەى کۆچى دوایى کردووە وەک ئەندازیارێکى بیناسازى لێپسراوى بەشى تەنیکى فەرمانگەى ئەشغاڵى سلێمانى بووە.

جگە لەکارى وەرگێڕان چەند بەرهەمێکى لە نوسینى خۆى هەبووە، ئەمانەى خوارەوە بەشێکن لە بەرهەمەکانى:

نهێنى کۆنترین مێژوو، نووسینى گەڕبۆفسکى، لە ڕووسیەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردى.

خەبات لە ڕێى کوردستاندا، نووسینى خاڵفین، لە ڕووسیەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردى.

سەرەتایە لە فەلسەفەى یۆنانى کۆن، نووسینى (کۆمەڵێک زاناى رووسى) وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى.

ئەو پیاوەى وێراى بپرسێ، نووسینى کۆراسن، لە زمانى عەرەبى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى. چاپخانەى ڕاپەڕین، سلێمانى، 1973.

شەوانى کوێ ئاگردان، کۆکردنەوە و ئامادەکردنى جەلال تەقى، چاپى یەکەم، 1984.

بەدبەختى بێمێشکێک، چیرۆک.

شانۆنامەى سالۆمى، نووسینى ئۆسکار وایلد، وەرگێلاِانى جەلال تەقى.

دەوارنشینێکى هندى، نووسنى ئێرنست هەمەنگواى، لە زمانى عەرەبى وەرگێڕدراوەتە سەر زمانى کوردى.

دەربارەى شۆڕشەکانى شێخ مەحمود و سمکۆ، سلێمانى، 1998.

شانۆنامەى سێ خوشک، نووسینى چێخۆ‌ف، وەرگێڕانى جەلال تەقى.

پەندى پێشینان و قسەى نەستەقى کوردى، لە زمانى رووسیەوە د. شوکریە رەسوڵ و جەلال تەقى وەریان گێڕاوەتە سەر زمانى کوردى.

کوردى تورکیا.


ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو