ستایشەکانى عیشقى فەرەیدون سامان بڵاودەکرێتەوە

لە درێژەى کار و چالاکییەکانیدا یەکێتى نووسەرانى کورد/ لقى سلێمانى رۆژى دووشەممە 9/9/2019 کاژێر (4)ى ئێوارە لە هۆڵى نووسەران لە شارى سلێمانى ئێوارە کۆڕێک بۆ دیوانە شیعرى (ستایشەکانى عیشق)ى شاعیر و نووسەر (فەرەیدوون سامان) ڕێکدەخات.

سەبارەت بەم بەرهەمە شاعیر و نووسەر فەرەیدوون سامان تایبەت بە سایتى گەلاوێژ وتى: "دیوانى ستایشەکانی عیشق، ١٨ تیکستی شیعرییە، لەدوو بەش پیکهاتووە، شیعری رۆمانسی و لیریکی لەگەڵ شیعری سیاسی و نیشتمانی، دیوانەکە پارساڵ 2018 لە چاپخانەی رۆژهەڵات لەهەولێر چاپکراوە و زۆریبەی شیعرەکان بۆ زمانەکانی عەرەبی و فارسی وەرگێردراون".

هەروەک ئاماژەى بۆ ئەوە کرد ئەو بەرهەمە چوارەم  کۆمەڵە شیعریەتى و بەرهەمى پێنجەمیشى بە ناوى (تاوسەکانى لالش) چاپکراوە بە هەرسێ زمانى کوردى، عەرەبى و فارسى بەڵام هێشتا بڵاونەکراونەتەوە.

فەرەیدون سامان لە چەند دێرێکدا:

ناوى تەواوى فەرەیدون مامە کەریم

لە 15/1/1961 لە شارى هەولێر لەدایکبووە.

دەرچووی کۆلیجی کارگیری و ئابووری زانکۆى بەغدایە لە ساڵى 1984.

سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزرییە.

ئەندامی کۆمیتەی رێبەرایەتی ناوەندی پینکوردی نیودەوڵەتییە.

ئەندامی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە.

بەشداری لە کۆنفرانسە زانستییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی کوردستان کردووە..

چەندان توێژینەوەی لەسەر پرسگەلی ئیزەدی، فەیلی، شەبەک، یارسان، زەردەشتی، کێشەکانی زمانی کوردی و دیالیکتەکانی لەسەر ئاستەکانی پەروەردەیی و میدیا و رۆژنامەنووسیى کوردیدا بڵاوکردۆتەوە.

چەندان دەقی شیعر و وتار و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لەزمانەکانی فارسی و عەرەبی وەرگێردراوە و  سەر زمانى کوردى بڵاوى کردونەتەوە.

زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی  دەزانیت.

کتێبە چاپکراوەکانی:.

هۆنراوە یاخییەکان .هەولێر -١٩٩١ 

پڕم لە عیشقی تۆ- ٢٠٠٦

ستایشەکانی عیشق- ٢٠١٨

تاوسەکانی لالش ٢٠١٩

امتلی عشقا منک- مجموعة شعریة مترجمة الی العربیة. اربیل –٢٠٠٥

زمان و ئیتنیک لە ژێر چاپدایە.

 

 

گۆڕ بزر

 

چامەی: فەرەیدوون سامان

 

نەتزانی ئەو کێیە؟

ئەو کە لەگەڵ ھەورە برووسکەدا گۆشکرابوو

شیری لەمەمکی تاشەبەردەکاندا دەنۆشی

لە ناو خاک وخۆڵدا پاک دەبۆوە

بە ئاوی زوڵالی رووبارەکان  خۆی دەشۆری

لەسەرماو سۆڵەشدا

بەرگی ئاگر دەپۆشی...

 

ترۆپکی کێوەکانی دەکرد بە ماڵی خۆی

بۆ ژوانی ئەستێرەکان

بست بە بستی چینەکانی ئاسمانی  دەپێوی

بەڵام تۆ ...

 ھەر نەتزانی ئەو کێیە؟

ئەو ھەڵۆی بەرزەفڕی حەوت چینەکەی ئاسمان بوو

لەسەرباڵی خەمەکانی

نیشتمانێکی ھەڵگرتبوو

تیری کەوانی گەردەلوول بوو نەگەڕایەوە

تووڕەیی ھەڵچوونی دەریاکان  بوو

ھەنگاوە  شەپۆل ئاساکانی

بۆ دواوە ئاوڕی نەدایەوە،

رۆیشت و بە رووی شاخدا ھەڵکشاو

دواجار لوتکەکانی کرد بە ماڵی خۆی...

 

کەچی ئەوان بۆ خۆیشیان نازانن

 بۆ ھێند کەڕولاڵ و کوێرن

کە ناتوانن  بەری خۆرەتاو بخوێننەوە

چما بەری رووناکییان گرتووە

لە نەبوونی توولەڕێیەکدان

لەغیابی مردووەکان

تەنانەت

گۆرستانیش بەنەفرەتی کردوون.

ئەمێستا لە باتی تۆ

ئەو مەشخەڵێکی بەدەستە

عاشقە سەرسەختەکەی باو بارانە

نە خاکی سەر زەوی

نەچینێک لە چینەکانی ئاسمان

نە گەردوون لەخۆی دەگرێ ،

لە وەرزە قات و قڕەکاندا

لافاوێکی تووڕە بوونی

پێیدا دەڕۆی...

ھەرچی خەڵتەی ستەمی رۆژگار ھەیە ڕایدەماڵێ

ھەنگاو ھەڵدێنی

ھەر بەرەو لوتکە  دەڕۆی

لەوێوە لەھەتاو ڕامێنی

دەبینیت کە چۆن عاشقانی خۆرەھەتاو

خوێنی خۆیان لەناو لەپی خۆیان کردووە

لەگەڵ مەرگدا سەما دەکەن

ئەوان  لەگەڵ ھەورەباراندا دەبارن

و

تیشکی ھەتاو ئاسا

پڕشنگ دەھاوێنە  ماڵی ھەژارەکان

سوچێک نییە

ڕووناکی  نەکەنەوە...

 

لەوە زێتر کێ دەتوانێ

سەری خۆرەتاو ببڕێ؟

تا ئەوان ھەبن

 خۆرەتاو ھەیە

لە بەھارێکدا سەوز دەڕوێننەوە

لەگەڵ کشانی ھەر ئەستێرەیەکدا

جریوەی دەرکەوتنی  سەدان ئەستێرەی تر

سروود بۆ بەرەبەیان دەچڕن...

سەرمەستن بە بۆنی خوێن

بەھەڵدانەوەی قەتما‌غەی برینەکانی مێژوو

تینوو بەخوێنی رژاوی تەرمێک

کە لەبەردەم تریفەی مانگەشەوێکدا بەجێماوە

لەبەر پەنجەرەی کام سەدەی تاوان

سەدەی نکۆڵی و سەربڕین

لەکام زۆنگاوی دڕندەیی

ھەڵتۆقیون

بە زمانی نێزە و شمشێر

بە شێرپەنجەی تەور

چامەکانی عیشق و سووتان

دەخەنە نێو مەنجەنیقی تاوانەکانتان...

 

شەوی گورگانە و کەڵبەی ژەھراوی

دەخەنە سەر دڵی سمۆرە ی دیل و

چناری زیندانیکراو...

سەرمەستن بە بۆنی خوێن

 

ئێمەین ھەورە باران و

 تەرمەکان دەشۆینەوە

لە سەر روخساری نەخۆشی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ

جێی چڕنووکتان سارێژ دەکەین

تا لە مانگەشەوی پڕ لەتریفەوە

دەنگێک ھەبێ

لە پێدەشتەکانەوە

لەسەر ترۆپکەکانەوە

زایەڵەی نەڕەیەک هەێ...

 

دەنگی تۆ درەوشانەوەی نیگایەکە

بە ڕۆحی زامداری ئاسمان،

ئێی ھەورەکان

 ھەورە سەرکەشە سپی پۆشەکان

ئێوە بۆچی؟

ڕوخساری زێڕینی مانگی پڕی ئێمەتان داگیرکردووە

ئاسمانی نیشتمانی ئێمەتان لەبیر کردو‌وە؟

دە گیانی وەبەردبووی خەو ڕاچڵەکێنە

کە بە بیابانە قات و قڕەکاندا

 سەر ھەڵدەبڕێ

چۆن لەسەر بست بە بستی ئەم خاکە

نە گۆڕ بزرێ

نە دووان،

 نە ھەزار،

نە هەزاران

لەسەر خوێنی بەربووی گوڵاڵەسوورەکان راکشاون

خوێنی رژاوی ئێوە

ناسنامەی ئێمەیە

تا تروسکایەکی خۆرەتاو مابێ

لە قەندیلی سەرکەشەوە

چاو بۆ ئازادیت دادەگرێ...

دوای  تۆ

خاچێکم لەکۆڵ ناوە

حاشام لە کۆیلەگەلێک کردووە

کە مەرایی بۆ جەلادەکانیان دەکەن

 

هەولێر ٢٠١٦


ئەم بابەتە 36 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو