ئەمڕۆ، فیلمى سینەمایى بارهەڵگریی زێڕ لە دهۆک نمایشدەکرێت

 وابڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 11/9/2019 کاژێر (7)ى ئێوارە فیلمی سینەمایی بارهەڵگریی زێڕ ( Gold Runner) لە دەرهێنانی توورەج ئەسڵانی پێشکەش بکرێت، کە فیلمەکە وەکو بەشی پێشبڕکێی سینەمای جیهان لە حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک نمایش دەکرێت.

فیلمەکە  لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کوردى رۆژهەڵاتى کوردستان (توورەج ئەسڵانی) و لە نووسینی  (توورەج ئەسڵانی و هادی نادی) یە و لە بەرهەمهێنانی (مەنسوور سۆهراب پوور)ە، بە نوێنەرایەتی سینەمای ئێران بەشدارى ڤێستیڤاڵەکەى کردووە. وا بڕیاریشە دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 12/9/2019 کاژێر (3) جارێکى دیکە بۆ ئامادەبوان نمایشبکرێتەوە.

"فیلمى (بارهەڵگریی زێڕ) بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی سینەمایى لەگەڵ ژمارەیەک فیلمى دیکە لە وڵاتانى (فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، سوید، ئاڵبانیا، کرۆواسی، کۆزۆڤۆ، جۆرجیا، هەنگاریا، تورکیا، هۆڵەندا، شیلی، ئاڕژەنتین، ئۆکڕاینیا، سووریا، لۆبنان و نیپال) لە پێشبڕکێدایە و پێشبینى بەدەستهێنانى خەڵاتى لێدەکرێت.

رۆژى دووشەممە 9/9/2019  حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەست پێکرد، کە تیایدا ژمارەیەک فیلمی ناوخۆیی و بیانی لە بەشی پێشبرکێی فێستیڤاڵەکەدا ڕۆژانە لە دوو کاتی جیاوازدا نماش دەکرێن، جگە لە نمایشکردنی فیلمەکان ڕۆژانە چەندین چالاکیی جۆراوجۆری هونەری بەڕێوە دەچێت و چەند پانێڵێکیش بۆ میوانەکانی فێستیڤاڵ ئەنجام دەدرێت.


ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو