محەممەد عەباس بارام، دواى نەخۆشییە مەترسیدارەکەى پەیامێکى هەیە

محەممەد عەباس بارام، هونەرمەندی نێوداری باشووری کوردستان کە ئێستا لە تاراوگە و لە وڵاتى  بەریتانیا دەژی، تووشی نەخۆشییەکی مەترسیداربووە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە، کە تاکو ئێستاکە چەند چارەسەرێکى وەرگرتووە. هەر زوو بڵاوبوونەوەى ئەم هەواڵە هاووڵاتیانى کوردستانى نیگەران کرد، جگە لە نووسینى چەندین هەواڵ لەسەر نەخۆشیەکەى و هیواى زوو چاکبوونەوە چەندین هونەرمەندیش هاوخەم بوون بە بیستنى هەواڵەکە، هونەرمەند ئەمەلی سەعید کوردە لە لەندەن لە پۆستێکدا نووسیبووى: چەند تاقەت پروکێنە، هەر لە غوربەتەوە تا کەرکوک و سلێمانی ڕێگای بۆ گوڵ ڕێژ بکەن خوا نەکردە نەکا دوا دیدار بێ و بێ بە میوانی، بە پێی خۆی تا ئەژنۆکانی هێزی تیایە نەک لە سندوقە ڕەشەکەی بیانی بگاتەوە سلێمانی ، تکایە....... وەک هونەرمەندێک داواکارم لە لایەنی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان بانگهێشت نامەیەکی فەرمی بۆ هونەرمەند (محمد عەباس بەهرام) بکەن و بگەڕێتەوە نیشتیمان چاوی بکەوێت بە خزم و کەسوکاری لە فڕۆکەخانەوە پێشوازی بکرێ بە گوڵ و شیرینی ، ئێستاکە پێویستی بەئێوەیە ڕێز و خۆشەویستی ئێوەی گەرەکە . ئەزانن لەدوای چەند کۆرسێکی کیمیاییش هێشتا ئەو لە من و خێزانی زۆر بەهێز تر بوو؟ ئەو دڵنەوایی ئێمەی دەکردەوە؟".

ناوبراو خۆى نەخۆشیەکەی ئاشکرا دەکات کە تووشی غودەی لیمفاوی بووە، بۆ ئەمەش لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، دەڵێت: "زۆر سوپاس بۆ هەمو دڵسۆزان و خەمخۆرانم، زۆرسوپاس بۆ ئازیزانی خۆشەویستم کە بە ڕاستی بەتەنگمەوە هاتوون لەم ڕۆژە ناخۆشانەی من، سوپاسێکی بێ پایان و پڕ لە خۆشەویستی بۆ هاوڕێ ی هونەرمەندی گەورەی کورد ی خەمخۆر و دڵسۆزو خۆبەخش خانمی هونەرمەند ی ڕۆح سووک ئەمە ل سەعید کوردە بۆ خەمخۆری و دڵسۆزی بەرامبەر بە من ونەخۆشیەکەم، هەروەها هاوڕێ ی دڵسۆزم کاکە حەمە رۆوف کەرکوکی و هونەرمەندی کورد ی شانۆ و سینەما کاکە علی کەرکوکی و ئێزگەی روداوو لەهەولێر و دامدەزگای رۆشنبیری و هونەری کورد، وە زۆر سوپاس بۆ دەزگای مرۆیی مام لە سلێمانی و زۆر بۆ هەموو برادەران و ئازیزانی دڵسۆزم و هاوڕێ خۆشەویستەکانم خەمیان خواردووم و پەیوەندیان پێوە کردووم و هەوادارانی خۆشەویستم کە نەیانتوانیوە وناتونن پەیوەندیم پێوە بکەن، چاوی هەمووتان ماچ دەکەم خوشە ویستن جێگای ڕیز و خوشەویستین منیش بە ئێوەوە جوانم بە جوانی و رەویشتی جوانتان جوانی و سەربەرزی من دەر دەکەوێت و ئازارەکانم لە بیر دەچن و ئارام دەبن خودای گەورە و میهرەبان ئێوە لە من نەستێنێ و هەر بمێنن بۆ من هەتا هەتایە".

هەروەها لە پۆستەکەدا ئەوەشى وتوە: "بەڵێ دەردەکەی من زۆر قورسە کە تووشی سەرەتانی غودەی لەمفاووی پێ دەڵێن کە ئەمانی نیە و زوو فریای نەکەویت زوو وە بەپەلە لە لەشدا بڵاوو دەبێتەوە بەڵام هەرچەند ئازارم زۆرە، ورەم بەرنەداوە، ورە و ئومێدو بڕوام زۆر بەخودا هەیە و ئەمەش دیاری خودای گەورە و میهرەبانە خۆشی چارەسەرو شیفای دەبەخشێت پێمان ان شا‌واللە، زۆرسووپاسی گەورەو بێ پایانتان دەکەم هەر بمێنن بۆمن خۆشەویستیتان بۆمن دەواو دەرمانە بێ دووعامان مەکەن لەسۆزتان دوورمان مەکەن، خەستەخانە و داودەرمانیش ئەسبابەکانی چارەسەرن بەئومێدی خودای گەورەمان، تا ئێستا دووجار کیمیاوی لێ داوە چواری ترم ماوە لەگەڵ عیلاجی تردا، خوا خراپتر نەدات یاخوا کەس نەخۆش نەبێت و تووشی ئێش و ئازارو سەغڵەتی و دڵتەنگی نەبێت هەر خۆش بن و لەش ساغ بن، قوربانی ئێوەی دڵسوزو خۆشەویست

 

محەمەد عەباس بارام لە چەند دێرێکدا:

لە ساڵی 1952 لە شاری کەرکووک لە گەڕەکی مەلا عەبدوڵڵا لەدایکبووە.

لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو بە گۆرانیی (کیژۆڵەی سوورە گوڵ) دەستیپێکرد و دواتر بە گۆرانیی (ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش) زیاتر ناوی دەرکرد.

ئێستا لە بەریتانیا دەژی و ماوەیەکە تووشی نەخۆشى شێرپەنجە بووە.

چەند بەرهەمێکی نوێی ئامادەن بۆ تۆمارکردن.

بە یەکێک لە هونەرمەندە ناسراوە دەنگخۆشەکانی باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت.


ئەم بابەتە 48 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو