Pashew.jpg

عەبدوڵڵا پەشێو وەڵامى کوردستان موکریانی دەداتەوە

دواى ئەوەى د. کوردستان موکریانی، ژنە ئەدیب و نووسەری کورد لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنى کەناڵى رووداودا لەبارەی بوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوان خۆیی و عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیردا دیمانەیەکى ئەنجام دابوو، هەر زوو قسەکانى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبویەوە و کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، هەروەک خۆى وتەنى: " پەشێو کاتێک کە منی ناسی، بەڕاستی منی خۆشویست، هەندێک شیعری بۆ من نووسیوە، دەزانم کامانەن ئەو شیعرانە، یەکێک لەوانە وا بزانم کراوەتە گۆرانیش (بەڵێن بدە)"یە.
چەند رۆژێکى کەم بەسەر چاوپێکەوتنەکە تێنەپەڕى عەبدوڵڵا پەشێوى شاعیر وەڵامى د. کوردستانى دایەوە، ئەمەى خوارەوە دەقى وەڵامەکەیە وەک خۆى.
خوایە، هەرچیم بەسەر دێنیت پێی قایلم، خرەفان نەبێ!
تەمەن، هەرچەند هەڵکشێ، دەشێ بەختەوەریی تێدا بدۆزیتەوە، بۆیە، پێم وا نییە پیری خەوش و کێماسی بێ، یان کارەسات، بەڵام گەورەترین کارەسات ئەوەیە، لە سەروبەندی پیریدا مرۆڤ تووشی خرەفان بێ، دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکا، ببێتە زەلیلی دەستی چەقەنەچییان و درۆی لێ ببێتە ڕاستی، دنیایەک لە وەهم بۆ خۆی بنیات بنێ. بەڵێ، مرۆ کە خرەفا دەشێ خۆی لێ ببێتە قارەمانی شیعر و داستانان، ببێتە حەبیبەی نالی و شیرینی وەفایی، بخزێتە ناو مێژووی ئەدەبییاتەوە، جێ بە ئازیزانی پەپوولەئاسای ناو شەونامەی شاعیرێک لەق کا.
مێژووی سیاسیمان ئەگەر هەمووشی نەبێ، بەشی هەرە زۆری درۆیە، خەریکە مێژووی ئەدەبیشمان بە هەمان دەرد دەچێ. من، کە هێشتا زیندووم هەزار درۆم بۆ هەڵدەبەستن و بە زەبری پارە و دەسەڵات دەیکەن بە فاکت، بەڵام، نەخێر! تا خۆم زیندووم، ناهێڵم ئەوە سەر بگرێ.ناهێڵم قارەمانی ساختە جێی خۆشەویستەکانم بگرنەوە.
خوایە، من قەت بۆ تەمەنی نووح ناپاڕێمەوە. دەزانم، شێوازی ژیانی من و ئەو ڕێبازەی لەسەری ڕۆیشتم هی ئەوە نەبوون کە تەمەنم هێندە بڕبکا، بەڵام کردی و هەروا بەردەوامە. سوپاس.
خوایە، هەرچیم بەسەر دێنیت پێی قایلم، خرەفان نەبێ!


ئەم بابەتە 153 جار خوێندراوەتەوە