زانکۆی سلێمانی هه‌زاران به‌ڵگه‌نامه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

لە سایتى زانکۆى سلێمانى، هەواڵى بڵاوکردنەوە گەڕانەوەى هەزاران بەڵگەنامە بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتاى هەواڵەکەدا هاتووە: "ناوەندی کوردستانی زانکۆی سلێمانی نزیکەی پێنج هەزار لاپەڕە بەڵگەنامەی تایبەت بە مێژووی نوێی کورد لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقەوە دەگێڕێتەوە بۆ سلێمانی بەمەبەستی پێڕستکردن و هەڵگرتن و ئامادەکردنیان بۆ بەردەستی توێژەران.
بەڵگەنامەکان کە بەشێوەی دیجیتاڵین و پێڕست و بەرگ و ڕونکردنەوەیان لەگەڵدا هاوپێچە تایبەتن بە مێژووی سیاسی و کارگێڕیی شارەکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، هەڵەبجە، خانەقین و شەنکال و مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 1900 تا ساڵانی پەنجاکان کە هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندن و چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەتی عێراق لەسەر نەخشەی ئێستا".
شوێنى پێشووى بەڵگەنامەکانیش ئاشکرا کراوە، کە ئەم بەڵگەنامانە تا ئێستا بەشێوەی کاغەزیی لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراقدا لە شاری بەغدا هەڵگیراون کە مێژووی دامەزراندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1920 و بەئەستەم ڕێگە دەدرێت بە گواستنەوەو کۆپیکردنیان لەبەر هەستیاری دۆسییەکانیان و ڕێوشوێن و بەندوباوەکانی وەرگرتنی بەڵگەنامەکان، بەڵام لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا "ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی" توانی وێنەیەکی دیجیتاڵی دەوروبەری پێنج هەزار لەو بەڵگەنامانە لە ئەرشیفخانەکانی بەغداو شاری نەجەفەوە بگێڕێتەوە بۆ سلێمانی و کارکردنیش بەردەوامە بۆ گێڕانەوە هەزاران لاپەڕەیتر لەو ئەرشیفە گرنگ و دانسقەیەی کە بەشێکی گرنگە لە یادەوەریی تۆمارکراوی شارو شارۆچکەکانی کوردستان.
ناوەندی کوردستان رایدەگەیەنێت کە پاش گەشتنەوەی ئەو بەڵگەنامانە توێژەرانی ناوەندەکە لەهەوڵی پێڕستکردن و جیاکردنەوەو ئەرشیفکردنیان دەبن لە ناو پرۆگرامی تایبەت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا وەک سەرچاوەیەکی دانسقە بخرێنە بەردەستی توێژەران و لێکۆڵەرانی مێژووی نوێ و هاوچەرخی کوردستان.
سەبارەت بە جۆرەکانى بەڵگەنامەکانیش رونکراوەتەوە کە، بەڵگەنامەکان بریتین لە نەخشە، ڕاپۆرتی ئیداری، یاداشت و سکاڵاو داواکاریی هاوڵاتیانی کورد، بروسکەی دەزگا فەرمییەکان، پۆستەو نامە گۆڕینەوەی نێوان دەزگاکانی عێراق و ئێران دەربارەی سنوور و کێشە سنوورییەکان و هەندێ بڕیارو ڕێوشوێنی قەزایی دەربارەی خەڵکانی داواکراو، ئەمە جگە لەچەندین بەڵگەو تۆماریتر کە تیشک دەخەنە سەر ئەڵقە ونەکانی مێژووی کورد لە عێراق.
ناوەندی کوردستان ناوەندێکی بەڵگەنامەیی- دیکۆمێنتکردن و توێژینەوەی ئەکادیمی سەر بە زانکۆی سلێمانییە، کار دەکات لەبوارەکانی دیکۆمێنتکردن(التوپیق)، دیکۆمێنتپارێزی، کۆکردنەوەی دیکۆمێنتی ناوخۆ و دەرەوە و ئەرشیفی رۆژنامەوانی کوردستان، دەستنووسەکانی کوردستان (کۆکردنەوە و پاراستن) لەگەڵ کۆکردنەوەی مێژووی زارەکی و ئەنجامدانی توێژینەوە لەم بوارانەو کۆمەلێک چالاکیتری زانستیی.
لە کۆتایشدا داوا لە هەموولایەک دەکەن لە پێناو کۆکردنەوە و پاراستنی ئەرشیفکی بەڵگەنامەیی و دەستنووس و مێژووی زارەکی و کەلەپوری نیشتیمانیمان، ئەم دامەزراوەیە وەک ناوەندێکی زانستیی حکومیی نیشتیمانیی بە دەستێکی ئەمین و دڵسۆز بزانن بۆ ڕادەستکردنی #وێنە، #بەڵگەنامە، #دەستنووس و فایلە دەنگی و رەنگییەکانتان بۆ ئەوەی لەناو پێشکەوتووترین سۆفتوێری تایبەتمەنددا (بە پاراستنی مافی خاوەندارێتیتانەوە) دیجیتاڵ بکرێن و بخرێنە بەر دەستی توێژەران.
ناونیشان: هەرێمی کوردستانی عێراق/ سلێمانی/ سەرەتای شەقامی مەولەوی-بەرامبەر سلێمانی پاڵاس و باخی گشتی- بینای پێشووی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی- خوار قایمقامییەتی سلێمانی.


ئەم بابەتە 17 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو