دیوانی ساڵح بێچار بڵاوکرایەوە

به‌رگی یه‌که‌می دیوانی شاعیر و نوسەرى کورد (ساڵح بێچار) کە له‌ (522) لاپه‌ڕه‌ پێکهاتووه‌ و به‌رهه‌می زیاتر له‌ (35) ساڵ نووسینی خۆیەتى لە‌ به‌رگێکى جواندا بلاوکرایەوە و کەوتە بەردیدەى خوێنەرانى.

له‌ پێشه‌کی دیوانه‌که‌یدا هاتووە: "ئه‌و شیعرانه‌ی له‌م دیوانه‌دا هاتوون هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له‌و تێکستانه‌ی که‌ له‌ 35 ساڵی رابردوودا نووسراون و له‌ هه‌ندێک کات و زه‌مه‌ندا له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌ کوردییه‌کان پێش راپه‌ڕین و دوای راپه‌ڕین به‌ تایبه‌تی له‌ 10 ساڵی رابردوو بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ و یان له‌ کۆڕ و فێستیڤاڵه‌کاندا خوێندراونه‌ته‌وه"‌.

شعرەکانى بێچار زۆرترین کاریگەرى و کاردانەوەى لەناو دنیاى ئەدەبى کوردیدا، هەر بۆیەش خوێندنەوە و قسەى زۆر لەبارەى شیعرەکانیەوە کراوە، بۆ نمونە شاعیر و رۆژنامەنووس (دڵسۆز حەمە) لە هۆڵەندا و لە رۆژى ٣٠/٣/٢٠١٩ سەبارەت بەم دیوانە و شیعرەکانى بێچار وتویەتى: "رەنگە زەحمەتترین نووسین، ئەو رستانەبن کە لەسەر شتێک، کەسێک، دەقێک، رووداوێک، یان کتێبێک دەنووسرێت کە پێگە و جێگە و نرخ و بەهای رۆحی و تایبەتی گەورەیان هەیە لە هەستی نووسەردا. ساڵح بێچار وەکو شاعیرێک و وەکو مرۆڤیش پێگەیەکی هێندە تایبەتی و بەنرخی هەیە کە نووسین لەسەر شیعرەکانی بۆ من وەکو گرتنی خەیاڵ و دەستبردن بۆ ئەستێرە و داگرتنی هەورەکانە، کاک ساڵح یەکێک لەو شاعیرە دەگمەن و رەسەن و جواننووسانەی ئێمەیە کە وەختێک شیعرێکی دەخوێنیتەوە راستەوخۆ بۆنی خاک و باران و رەز و کێڵگەی پاراوی سروشتی کوردستان بە رۆحدا بڵاودەکاتەوە، پڕ دەبیت لە نۆستالیژیا، لەو وردەکاریی و قوژبن و گۆشانەی هەست و زمان کە تەنها لە توانای شاعیرێکی بەسەلیقە و زمانزان و خەیاڵ دەوڵەمەندی وەکو ساڵح بێچار بووەشێتەوە کە بەچرایەکەوە شوێنی جوانی و قوڵایی هەستەکان دەدۆزێتەوە و دەیانکاتە تێکستی ناوازە و پڕی جوانی، تێکستەکانی ناسنامەیان لە ئازار و مەینەتیی و خەمە گشتیەکانەوە وەرگرتوە هەر بۆیە شیعرەکانی زۆر لەناو خەڵکدا بڵاوە و بەسەر زاری زۆرێک لە خەڵکەوەیەوە. دەیان شیعری ساڵح بێچار، کراونەتە گۆرانی و وەکو پۆلە پەپوولە بە ژیاندا بڵاوبوونەتەوە، بێچار بە چاوی هەست و هۆشیاری و سەلیقەی شاعیرێکی راستەقینە دەنووسێت هەر بۆیە دەقەکانیشی تەژین لە ژیاندۆستی، ژندۆستی، مرۆڤدۆستی و عیشقدۆستی بە زمانێکی روون و هونەریی و پڕ لە مۆسیقای وشە و وێنەی قوڵ و دەربڕینی قوڵتر، راستگۆیانە نووسراون، من لەو کەسانەم کە هەمیشە بە خوێندنەوەی شیعرەکانی ساڵح بێچار تووشی سەرسامی و راچڵەکین دەبم، دەکەوم بەسەر دەیان گوزارشتی ناوازە و وێنەی شیعریی دەگمەندا، زمانێکی روون وەکو کانی بەڵام قوڵ وەکو دەریا، کە ئەمانە گەواهی بە سەلیقەیی و لێهاتویی ئەم شاعیرەن، ناتوانرێ باس لە ئەزموونی شیعری هەشتا و نەوەدەکان و ئەم نەوە نوێیە بکرێت بەبێ ئەزموونی ساڵح بێچار وەکو یەکێک لە سنەوبەرە بەرز و هەمیشە سەوزەکانی شیعری کوردی".

پێشتریش نەمر محەمەد موکری نوسەر و ئەدیب ‌و روناکبیرى کورد سەبارەت بە چوار کورتە شیعری بێچار لە ژمارە (١)ى گۆڤاری (ئێستا) لە تەمموزی ١٩٩٦ لە ژێر سەردێڕی (نوقڵانە) نوسیویەتى: "پاداشت و حێار و وەفا و ژوان، چوار مایکرۆ شیعری سەرکەوتوو و پڕ و ئاوسن، من ئەم برا شاعیرە ناناسم بەڵام کە ئەم چوار پارچە شیعرەم بەرچاوکەوت نەمتوانی ھەر بۆ خۆم بڵێم جوان بوو. دەمەوێ بەخوێنەرانی شیعر بڵێم، فەرموون لەم رۆژگارە فرە شیعر بڵاوکردنەوەیەدا سەرنجی بدەن و بەچاوی رەخنەی بێلایەنەوە ھەڵیسەنگێنن، گەلێ بە وردی خۆی لە درێژدادڕی پاراستووە و بەسفتی و وردەکارییەوە بنیاتی ھەریەک لەو مایکرۆ شیعرانەی بنیاتناوە، تەنانەت ئەگەر تاقە حەرفێ لە شیعرەکان دەرکرێ ئەوا جێی پێوە دیار دەبێ.. ئەم یەک دوو دێڕە نووسینەی من داواکارییەکە لە رەخنەنووسان کە چاکی لێ ھەڵماڵن و بێلایەنانە ھەڵیسەنگێنن".

مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، رەخنەگری کوردیش باس لە شعرەکانى دەکات و دەڵێت: "کاک ساڵح شاعیری دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردووە، لەو کاتەوە شیعرەکانی دەخوێنمەوە. جیهانی شیعریی ئەم هەر تەنها لیریک نییە، خۆی لە نووسینی چەندین جۆری شیعریی داوە، جیهانی لە خەمی تاک و خود فراوانترە، لە هەندێک رووەوە لە زۆربەی ئەو شاعیرانەی جیادەکەمەوە کە شیعر بۆ گۆرانی دەنووسن، بەوەی کە هەر تەنها بە خەمێکی سادەی رۆژانەوە ناوەستێت، بەڵکو بابەتی شیعری گۆرانی فراوانتر دەکات. سوود لە هەندێک تەکنیکی شیعریی دەبینێت. دەقی (جادەی گۆران) یەکێکە لەو شیعرە جوانانە، تێیدا دەقئاوێزان لە نێوان دەقێکی بەناوبانگی گۆران و دەقەکەی ئەمدا روودەدا، دەقەکەی گۆران ئەبێت بە بناغە بۆ نووسینی شیعرەکەی کاک ساڵح، کە فەزای شیعرەکەی گۆران لە لادێ‌وە بۆ رووبەری شار دەگێزێتەوە، نموونەیەکی جیایە لە زۆربەی ئەو شیعرانەی بۆ گۆرانی نووسراون".

 

 ساڵح بێچار لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: ساڵح عەلى کەریم

- لە رۆژى 1/7/1967 لە گەڕەکى سەرشەقامى شارى سلێمانى لەدایکبووە.

- شاعیر، نووسەر و  رۆژنامەنووس.

- لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٤ تا ١٩٨٨ لە سەر شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی کارى کتێبفرۆش کردووە.

- لە ساڵى ١٩٨٢ لە سەردەمی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سلێمانی پەیوەندیی بە رێکخستنە نھێنییەکانی کۆمەڵەی رەجدەرانی کوردستان کردووە.

- یەکەم شیعری لە رۆژى 20/10/1983 لە رۆژنامەی (ھاوکاری)دا بڵاوکراوەتەوە.

- لە ساڵى ١٩٨٥ شیعری لە ژمارە (١٠)ی گۆڤاری گزنگ ی یەکێتی نووسەرانی کوردستان لە شاخ بڵاوکردۆتەوە.

- لە رۆژى 31/1/1986 یەکەمین چیرۆکی خۆى بەنێوى (نوێبوونەوەی زامی دەروونێک) لە ھۆڵی  یەکێتى سەندیکاى کرێکاران خوێندۆتەوە.

- لە ساڵانى هەشتاکاندا بەشدارى زۆربەی کۆڕە ئەدەبییەکانی لە شارى سلێمانی کردووە.

- لە ساڵى 1991 ئەندامى یەکێتی نووسەرانی کورد بووە.

- لە ساڵى 1992 ئەندامی کۆڕی رۆشنبیری کورد - سلێمانی، بووە.

- لە ساڵى 1996 ئەندامی کۆنگرەی دامەزرێنەری بنکەی ئەدەبی و رووناکبیریی گەلاوێژ بووە.

- لە ساڵى 1998 ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یانەی چیرۆک – سلێمانی بووە.

- لە رۆژى 13/5/2005 لەبەرامبەر بەشداریکردنی لە ئەدەبیاتی شۆڕشی نوێ لە شاخدا خەڵاتی پێزانینی سەرۆک مام جەلالى وەرگرتوە.

- لە رۆژى 20/6/2000 لە ناوەندی راگەیاندنی  زانکۆى سلێمانى کارى کردووە و چەند ئەرکێکى وەرگرتووە، لەوانە: دەستەی نووسەرانی هەفتەنامەى زانکۆ، لێپرسراوی رادیۆى زانکۆ و لێپرسراوی ماڵپەڕی ناوەندی زانکۆ.

- لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٠ دا وەک لاتینیزان لە بەشی تێکستی کەناڵی کوردسات دامەزراوە.

- لە ساڵى ٢٠٠٠  تاکو ساڵى  ٢٠٠٤ لێپرسراوی بەشی لاتینی و بەڕێوەبەری نووسینی مانگنامەى بەدرخان بووە.

- لە رۆژى 1/3/2007 تا 3/4/2013 لێپرسراوی ماڵپەڕی کوردسات بووە.

- لە ساڵى 2008 ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی رووناکبیریی شارباژێڕ بووە.

- ئەندامی کارای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە.

- ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان (IFJ) ـە.

- لە ساڵى 2014 دامەزرێنەری کۆمەڵەی شاخەوانیی سلێمانی بووە.

- لە رۆژى 8/5/2013 تاکو 30/11/2015 کارمەندی بنکەی ژین و سەرنووسەری ماڵپەڕی بنکەی ژین بووە.

- لە ساڵی ٢٠٠٠ بووەتە لێپرسراوی لاپەڕەی لاتینی گۆڤاری (پەپوولەی مناڵان) کە رێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان لە سلێمانی دەریدەکات.

- چەندین شیعری لەلایەن ھونەرمەندانى کوردستان کراون بە گۆرانی، لەوانە: (عەدنان کەریم، شەھێن تاڵەبانی، دیاری قەرەداخی، چۆپی فەتاح، خالید رەشید، لوقمان سەلیم، ئاریان کەریم، زاھیر جەلال، رەوا جەمال، ئاڤان جەمال، کیژان ئیبراهیم خەیات، محەمەد رەئوف کەرکوکی، نیان عەبدوڵڵا، موحسین عەبدوڵڵا، محەمەد عەبدول، کازم ئیبراھیم، شوانە (برای میکایل)، ئاڵا عومەر، چیا فەتاح، ھیوا عارف، ئەکرەم رەشید، سیاوەش ماملێ، حەمید عوسمان، کامەران عومەر، زەردەشت بانەیی، ھونەر بابان، ئەنجام عەبدولواحید، ئالان جەمال، شیلان عوسمان، سەرکار ھیرانی، بەختیار ساڵح، ئاسۆ مەحمود، کەنار تەھا، سێوە کامیل، ڤیلیا شوان و... ھتد.

- چەندین شیعری وەرگێڕدراون بۆ زمانەکانی: ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی.

چەند بەرهەمێکى چاپکراوى هەیە، لەوانە:

- ئەوان مرۆڤن بەرلەوەی بەساڵچووبن، ٢٠٠٣.

- فریشتەسپییەکان، 2005.

- ھاوڕێیانی ژینگە، 2012.

- دیوانی ساڵح بێچار، 2019.


ئەم بابەتە 58 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو