کۆنسێرتەکەیان ئەمڕۆ ئەنجامدەدەن

دواى ئەوەى بەهۆی دیارنەمانی پارەی بلیتەکانەوە، کۆنسێرتی هاوبەشی هەردوو هونەرمەند فرمێسک و هانی ئەنجامنەدرا، کۆمپانیای میترۆنیۆم پرۆدەکشنیش رایدەگەیێنێت، تێچووی کۆنسێرتەکە دەگرنە ئەستۆ و وا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە کاژێر (6)ى ئێوارە کۆنسێرتەکە لە هەمان هۆڵ ئەنجام بدرێت.
بەپێى بڕیارەکەش هەموو ئەو کەسانەی بلیتیان کڕیوە دەتوانن بە هەمان بلیت ئامادەی کۆنسێرتەکە بن، کەسانی دیکەش کە دەیانەوێت بەشداری کۆنسێرتەکە بن، دەتوانن راستەوخۆ پێش کۆنسێرتەکە بلیت بکڕن.
پێشتر بڕیاربوو لە رۆژى پێنجشەممە 26/9/2019 کۆنسێرتی هونەرمەندان هانی و فرمێسک لە سلێمانی بە هۆی دیارنەمانی پارەی بلیت و دیارنەمانی خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکاری کۆنسێرتەکە هەڵوەشایەوە، کە کۆمپانیای سەدا پرۆدەکشن بە سپۆنسەری کەناڵی نێت تیڤی چەند رۆژێک ریکلامى بۆ بەڕێوەچوونی کۆنسێرتێک دەکرد و بە بەهای زیاتر لە 30 هەزار دۆلار بلیتیان فرۆشتیبوو، بەڵام سەرپەرشتیاری فرۆشتنی بلیتەکانی رایکردبوو، هەر ئەمەش بووە هۆکارى ئەوەى کۆنسێرتەکە ئەنجام نەدرێت و هەر دوو هونەرمەندیش بە گریانەوە داواى لێبوردنیان لە هەوادارانى خۆیان کرد.
ئەم روداوە هەروا بە ئاسانى تێنەپەڕى، بەڵکو کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، هەموو چین و توێژەکان نیگەرانى خۆیان دەربڕى و هیوایان خواست کارى لەم جۆرە دوبارە نەبێتەوە.
هەر زووش پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کە ناوی ئەو کەسەیان لایە و چاوەڕوانی تۆمارکردنی سکاڵان.


ئەم بابەتە 47 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو