رێگە بە هونەرمەندێکى کورد نادرێت گۆرانى بە کوردى بڵێت

بەپێى کرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، کە پۆلیسى تورکیا ڕێگە بە هونەرمەندێکى کورد نادات گۆرانى بە کوردى بڵێت.

هونەرمەندی کورد (دۆدان ئۆزەر)، براوەی پرۆگرامی خۆشترین دەنگی تورکیا (ئۆ سێس)، لەکاتی پێشکەشکردنی کۆنسێرتێک لە کافتریایەکی شاری (باتمان)ی باکوری کوردستان، کە ویستویەتى گۆرانی کوردی (ئەی دوڵبەری) بڵێت، هێزەکانی پۆلس بەسەر کافتریاکەیان داداوە و کۆتاییان بە کۆنسێرتەکەى هێناوە.

بەپێى سەرچاوە هەواڵیەکانى ناو تورکیا، هێزەکانی پۆلیس مایکرۆفۆنیان لە دەستی هونەمەرمەند دۆدان دەرهێناوە و رێگەیان نەداوە گۆرانی بە زمانی کوردی بڵێت و پێیان گوتووە گۆرانی گوتن بە زمانی کوردی لە تورکیا قەدەغەیە.

لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کە دۆدان بە پۆلیسەکانی وتوە: "تۆ هاوڵاتیت و منیش هاوڵاتییەکم. تۆ مافی یاسایی خۆت هەیە و منیش مافی یاسایی خۆمم هەیە، وا نیە؟ لەوانەیە تۆ لێرە کار بکەی، من لە ئیستەمبوڵەوە بۆ کۆنسێرت هاتوم. مافی ئەوەت نیە کە مایک لە دەستم ببەیت. من پیاوێکی (42) ساڵم، من وەک کەسێکی لەتۆ گەورەتر پێت دەڵێم. تۆ لە من گەنجتری".

ئەم ڕێگریە هەر زوو کاردانەوەى خێراى بەدواى خۆیدا هێنا، سەزگین تانرکولو، پەرلەمانتاری جەهەپەش ناڕەزایەتی خۆی لەبەرامبەر مامەڵەی هێزەکانی  ئاسایش دەربڕیوە و رایگەیاندووە، کە "ئەم بابەتە دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە کاری جدی لەسەر بکرێت، ئەمە پێشێل کردنی مافە، لە بەرپەرچدانەوەی ئەمەش دەبێت لە پەرلەمانەوە وابکەم کە هەموو تورکیا گوێی لەم گۆرانیە بێت".


ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو