مەلا بەخیتار: دەوترێ‌، فیلممان نییە، فێستیڤاڵمان بۆ چییە؟! ئەی ئەم هەموو پێشانگەی ئۆتۆمبێلەمان بۆچییە كە ناتوانین پایسكیلێكیش دروستبكەین

کاژێر (6)ى ئێوارەی ئەمڕۆ (1/10/2019) چوارهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستیپێكردو لەڕێوڕەسمی كردنەوەی فێستیڤاڵیشدا، مەلا بەختیار، سەرۆكی فێستیڤاڵەكە، وتارێكی پێشكەش كردو تیایدا رایگەیاند: ئێوە بێباك بن‌و ئێمەش بێباكین، ئەوە هەموو ئەرشیفی فێستیڤاڵ لەبەردەستاندایە. ئێمە باوەشمان بۆ هەمووتان كراوەیە..

ئەمەی خوارەوەش، دەقی وتەكەی مەلا بەختیار، سەرۆكی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانییە..

 

فێستیڤاڵتان باش..

بەخێربێن بەسەرچاو، میوانان، دۆستان، خەڵكی شارە حەیاتەكەو كوردستان..

بەدڵخۆشی نەیاران‌و بەئازادكردنی گەردنی نەیارانی فێستیڤاڵ، وا فێستیڤاڵمان گەیاندە، چوارهەمین فێستیڤاڵ..!

هەموو ساڵێك جۆرێك لەگرفت بۆ فێستیڤاڵ دروستدەكرێ‌، ئەمساڵ بەجۆرێك، ویسترا پیشان بدرێ‌ كە كێشەی یاسایی هەیە، ئەویشمان تیپەڕاند بە بێئەوەی هیچ ‌و كەس‌و دەزگایەكیش لەخۆمان بتۆرێنین. ئێستاش دەیڵێین: ئێوە بێباك بن‌و ئێمەش بێباكین، ئەوە هەموو ئەرشیفی فێستیڤاڵ لەبەردەستاندایە. ئێمە باوەشمان بۆ هەمووتان كراوەیە.

ئامادەبوان..

ئێمە وتمان تا شەشەمین فێستیڤاڵ لەگەڵ ئەم فێستیڤاڵە دەبین، بەندە دوو فێستیڤاڵی تر قەرزارم كە لەگەڵیاندا بم. دڵنیابن دەیگەیەنینە شەشەمین فێستیڤاڵ و لەشەشەمین فێستیڤاڵدا، فێستیڤاڵ لەخەمدەڕەخسێ‌‌و ئیتر هیچ كۆسپ‌و تەگەرەیەك ناتوانێ‌، رایبگرێت. بەڵكو دەروازەكانی جیهانیشی بۆ دەكرێتەوە.

دەوترێ‌، فیلممان نییە، فێستیڤاڵمان بۆ چییە؟! ئەی ئەم هەموو پێشانگەی ئۆتۆمبێلەمان بۆچییە كە ناتوانین پایسكیلێكیش دروستبكەین. ئەی ئەم هەموو پێشانگەیەمان بۆ چییە بۆ گیرفان! لەكاتێكدا فێستیڤاڵ بۆ ویژدانە. ئەمیش تێدەپەڕێنین.

سینەما شوناسێكی جیهانی هەیە، كولتوری جیهانییە، سینەما رۆشنگەرییە، سینەما شارستانیەتە، نە رۆشنگەریی‌و نە شارستانی قۆرغ ناكرێ‌‌و تەلبەند ناكرێ‌ بە ئەقڵە دواكەوتووەكان. فێستیڤاڵ بەردەوام دەبێت‌و مێژووی سینەمای كوردیش دەوڵەمەند دەكات، بەمێژوییەكی دەوڵەمەندتر‌و نەمریش دەبێ‌. سینەماسازان‌و هونەرمەندانی كوردستان، نەمرن.

ئامادەبوان، تەمەنی دەسەڵات، سیاسەت، دوو هەزار ساڵ پتر پێش زاینە، بەڵام تەمەنی سینەما بۆ سەدو پەنجا ساڵێك دەڕوا، با بزانین ملیۆنەها سیاسەتمەدارو دەسەڵاتداری ملهور لەمێژوودا نەمرن، یا هونەرمەندەكان لەمێژوودا نەمرن؟ كامیان نەمرن!

ئێمە ئومێدەوارین، بەهاتنی ئەم میوانە ئازیزانە، لەئێران، لەوڵاتانی رۆژئاوا، لەوڵاتانی عەرەبی، دراوسێكانمان، هزری هونەری سینەمازانی كوردستانیش  موتوربە بكەن‌و توانای داهێنانیان بگەشێننەوە. رۆژگاریش یارمەتیدەرمانە، ئەگەر خۆمان یارمەتیدەری خۆمان بین. هەلومەرجی جیهانی، تەكنیك‌و تەكنەلۆجیای جیهانی، نەمانی سنورەكان وەكو بەربەست لەبەردەمماندا، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرمانن كە ئێمە لەسەردەمی جیهانگیریدا، قەرەبوی سەردەمە تاریكەكانی رابردوو بكەینەوەو ببین بەخاوەن سینەماو فێستیڤاڵی باشتر لەمە.

خۆشحاڵین بەئامادەبوونتان، میوانانی بەڕێز..

بێڕادەش سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەین، كە تائێستا بودجەی فێستیڤاڵ سەرف نەكراوە، بەڵام نەیانهێشت فێستیڤاڵ پەكی بكەوێ‌. بە پەكنەخستنی فێستیڤاڵ، لەلایەن ئاسیا سێڵ‌و جەنابی كاك فاروق‌و هەموو ئەو جەنابانەی یارمەتیانداوین كە دوای باس دەكرێن، جارێكی تر سەلمێنرایەوە:  ئەم شارە، هەر شاری هەڵمەت‌و قوربانی نییە، هەر بەڕاستی شاری داهێنان‌و پایتەختی رووناكبیرییە.

زۆر سوپاس بۆ ئامادەبونتان، نامەوێ‌ كاتتان لەم فێستیڤاڵەدا بەقسەی تر بكوژم، بەڵام تەنها ئەوەندە دەڵێم:

ئەگەر ئێوە لەمن رادەبینن، بەردەوام بم، ئەوا دڵنیابن لەخزمەتی هەموو بوارەكانی هونەردا دەبم، هەر سەربەرز بن.   


ئەم بابەتە 81 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو