یاداشتەکانی کافکا، بەمزوانە بڵاودەکرێتەوە

لە درێژەى کتێبە چاپکراوەکانى غەزەلنووس وابڕیارە بەمزوانە یاداشتەکانی کافکا لە وەرگێڕانی چیرۆکنوس و وەرگێڕى گەورەى کورد مامۆستا رەئوف بێگەرد بڵاوبکرێتەوە، بەپێى زانیاریەکانى سایتى (گەلاوێژ) هەموو کارەکانى کتێبەکە لە وڵاتى ئێران تەواو بووە و لە هەفتەى داهاتوو بە چاپێکى ناوازەوە لە کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
وەرگێڕى کتێبەکە لە بارەى کافکاوە نوسیویەتى: "ژیانی تایبەتی کافکا تراژیدیایەکە بۆخۆی، ئەو بەردەوام لەنێو ئازارێکی هەمیشەیی خۆخواردنەوە، گۆشەگیری، شکست، ترس، بێزاری لە کار و تەریکی لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی لەگەڵ باوکی و پاشان تەواوی خێزانەکەیدا ژیاوە. ئەو بێزار بووە لە پەروەردە خێزانییەکەی، لە مامۆستا، لە هاوڕێ، لە ئۆفیسی کار و هەموو شتەکانی دەوروبەری. هەر لەم بارەیەوە لە نامەیەکیدا دەنووسێت: "من کەسێکی داخراوم، کەمدووم، تەریک و ناڕازیم، ئەمانە لە بەدبەختیی منەوە نین، بەڵکو کاردانەوەی ئامانجەکانمە. من لەناو خێزانەکەمدا کە چاکترین و دلۆڤانترین کەسن، لە نامۆ نامۆترم. لە ساڵانی پێشتردا تێکڕا ڕۆژانە لە بیست وشە زیاتر قسەم لەگەڵ دایکمدا نەکردووە. جگە لە سڵاو هیچم لەگەڵ باوکم نەوتووە، لەگەڵ خوشک و شووەکانیاندا هەرگیز قسە ناکەم، ئەمە لەبەر دوژمنکاری نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە هیچ شتێکم نییە لەگەڵیاندا بیڵێم. جگە لە ئەدەب هەر شتێکی تر بێزارم دەکات و حەزی پێ ناکەم. توانای ژیانی هاوسەرگیریم نییە. هەست بە هیچ شتێکی خێزانی ناکەم. کە میوانمان دێت وا دەزانم نامەردانە پەلامارم دەدەن. هەرگیز ژیانی هاوسەرگیری من ناگۆڕێت". کافکا لەوپەڕی نائومێدیدا پەنا بۆ مەحاڵ دەبات و دەڵێت: "خۆزگه بکرایە مرۆڤ خەمەکانی خۆی لە پەنجەرەیەکەوە فڕێ بدایەتە دەرەوە".


ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو