رەئوف بێگەرد، هیواى سەرکەوتنى بۆ بیست و سێیەمین فێستیڤاڵى گەلاوێژ خواست

ناوەندى رۆشنگەرى چاودێر و بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ سەردانى مامۆستا رەئوف بێگەردیان کرد.

سەر لەئێوارەى ئەمڕۆ 2/10/2019 بەمەبەستى هەواڵ پرسین و بەسەکردنەوەى چیرۆکنوس و وەرگێڕى گەورەی کورد مامۆستا (رەئوف بێگەرد)، ناوەندى رۆشنگەرى چاودێر و بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی سەردانیان کرد.

لەم سەردانەکەدا هەریەکە لە بەڕێزان (سامى هادى) لێپسراوى ناوەندى رۆشنگەرى چاودێر و (د. ئیپتسام ئیسماعیل) سەرۆکى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ و (ئاسۆ عومەر سوارە) جێگرى بنکە و (سیامەند هادى) ئەندامى دەستەى بەڕێوەبردنى بنکە، لە نزیکەوە لە تەندروستى ناوبراویان پرسى و هیواى تەندروستیەکى باشیان بۆ خواست، هەروەک چەپکە گوڵى وەفا و رێزو خۆشەویستیان پێشکەش کرد لەپاى ئەو کارانەى کە لەرابردوودا لە بوارى ئەدەبى و روناکبیرى خزمەتى بەرچاوى کردووە و بۆ ماوەیەکى زۆریش سەرۆکى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ بووە و لەو بوارەشدا خزمەتێکى زۆرى ئەدیب و هونەرمەندانى کردووە.

لە بەرامبەر ئەو سەردانەشدا مامۆستا رەئوف بێگەرد سوپاسى بنکەى روناکبیرى گەلاوێژى کرد، کە لەنزیکەوە سەردانیان کردووە و لە تەندروستیان پرسیووە، هەروەک هیواى خواست هەمووان بەیەکەوە بین لە بیست و سێیەمین فێستیڤاڵى گەلاوێژ و کارى نوێ و ناوازە پێشکەش بکرێن. لەلایەکى دیکەوە باسى لەکار و چالاکییەکانى خۆى کرد لە بوارى چیرۆک و وەرگێڕاندا، کە دواهەمین کارى بریتییە لە وەرگێڕانى (یاداشتەکانی کافکا)، کەمزوانە ناوەندى غەزەلنووس لە چاپێکى ناوازە بڵاوى دەکەنەوە.

رەئوف بێگەر، لە ساڵى 1942 لەشاری کەرکووک لە دایکبووە، لە ساڵى 1970 بۆ یەکەمجار دەستی کردووە بە چیرۆکنووسین، لە ساڵى 1991 بووە بە سەرۆکی نووسەرانی کورد/ لقی سلێمانی، لە ساڵى 1997 بووە بە سەرۆکی بنکەی ئەدەبی و ڕوناکبیری گەڵاوێژ، لە ساڵى 1998 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمیان دامەزراندووە و بووە بە سەرنووسەری گۆڤاری (سەردەم) بووە، کە تایبەت بووە بە وەرگێڕان، خاوەنى چەندین چیرۆکى چاپکراوە.


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو