کتێبىێکى ژان بۆدریار، بە کوردى بڵاودەکرێتەوە

وا بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/10/2009 ناوەندى رۆشنبیرى  رەهەند لە زنجیرە چاپکراوەکانى خۆىدا کتێبى (ژان بۆدریارى) بەناونیشانى (چۆنە تا ئێستا هەموو شت ئاوانەبووە؟) لە وەرگێڕانى (وەلید عومەر) بڵاوبکاتەوە، لە پێڕستى کتێبەکەدا چەند ناونیشانێک بەدیدەکرێت، لەوانە: دەروازەیەک بۆ ناو فیکرى ژان بۆدریار، چۆنە تا ئێستا هەموو شت ئاوانەبووە؟، داڕووخانى مانا لە میدیادا، توندوتیژیى گڵۆباڵ، سیمولاکرا و چیرۆک و فیلمى زانستى‌ خەیاڵى، رەنگدانەوەى جەنگ لە میدیاکاندا، گفتوگۆیەک لەگەڵ بۆدریار، دەربارەى بەدیهاتنى ئارەزوو لە «بەهاى ئاڵوگۆڕ»دا....هتد.

 

وەرگێڕى کتێبەکە لەبارى نوسەرى کتێبەکە نوسیویتى:

 ژان بۆدریار(Jean Baudrillard)  لە فەیلەسوفە هاوچەرخەکانى فەڕەنسایە، هاوجیلى دۆڵۆز و دێرێدا و لیوتار و فۆکۆ و باومان و هتد. لە ئاستە زۆرسادەکەیدا دەخرێتە ناو فەیلەسوفە پۆستمۆدێرنەکانەوە، بەڵام وەک وردەکاریى تیۆرى هەندێک تایبەتمەندیى خۆى هەیە. بۆدریار لە گۆشەنیگاى جیاجیاوە، ماناى جیاجیاى لێدەکەوێتەوە. بۆ من وەک خوێنەرێک، بۆدریار ئەو بیرمەندەیە کە دواى رەچەڵەکى واقیع دەکەوێت. مێژوو دەپشکنێت تا تێبگات واقیع لەکوێوە گەیشتووە بە کوێ، بە کام قۆناغدا هاتووە، پەیوەندیى نیشانەکان بە واقیعەوە چۆن بوون و چۆنن. ئەمڕۆ چى بەسەر ئەم چەمکەدا هاتووە؟ ئایا چەشنى کوشتنى خودا(وەک ئەوەى لە مۆدێرنەى خۆرئاواییدا روویدا)، واقیعیشمان نەکوشتووە(بەهۆى لەبەرگرتنەوەى واقیعەوە لەڕێگەى ماسمیدیا و تەکنۆلۆژیا کۆپیکارەکانەوە)؟ بۆدریار لەڕێگەى پرسى لەبەرگرتنەوە (simulation)ـەوە مێژوو دەخوێێێتەوە. ئەو چوار قۆناغ دیاریدەکات کە پەیوەندیى نیشانەکان بە واقیعەوە لەکوێوە گەیشتووە بە کوێ:

وا باشترە ئاماژە بەو ئەو چوار نەزمەى نیشانەکان بکەین کە بۆدریار ریزیاندەکات تاکو بزانین چۆنچۆنى گەیشتووین بەم زێدەواقیعییەى ئەمڕۆ و واقیعیش چۆن ئاوابووە: «یەکەم، قۆناغى کۆپیى وەفادار. بۆدریار قۆناغى یەکەمى نیشانەکان ناودەنێت نەزمى موبارەکى نیشانەکان sacramental order. لەم قۆناغەدا بە وتەى بۆدریار سەروکارمان لەگەڵ ئیمەیج-کۆپییدا هەیە. ئەو کۆپییانەى کە وەفادارن و ئەو وێنانەى کە وەک پەیکەرێکى پیرۆز وان. وێنەکانى ناو ئەم قۆناغە واقیعیەتێک دەنوێننەوە کە هەڵگرى قووڵاییە. مادام وێنەیەکى راستەوخۆمان لەمەڕ واقیع نیە ئەوا ئیمەیج و وێنەکان لەم فەزا مەسیحییەدا پیرۆز و موبارەک وەردەگیرێن. بۆنمونە کە چاو دەبڕینە چاوى قەدیس‌ێک ئەوا هەرناڵێى لەو دەڕوانین بەڵکو هەردەڵێى چاومان بڕیوەتە چاوى خودا؛ چونکە بەپێى ئەم قۆناغى یەکەمە پەیکەرەکان دەسەڵاتێکى پیرۆزیان هەیە و کۆپى و رەنگدانەوەى هەندێک واقیعى قووڵترن. [ئەم قۆناغە لەڕووى مێژووییەوە دەکەوێتە پێش مۆدێرنەوە].

دووەم، شێواندنى واقیع. لە قۆناغى دووەمى نیشانەکاندا کۆپییەکان و ئیمەیجەکان خیانەت لە واقیعە قووڵەکە دەکەن. دایدەپۆشن و لەم رێگەیەوە ئاوەژووى دەکەنەوە. لەم قۆناغەدا نیشانەکان ئەهریمەنى دەبنەوە و تەنیا ئاماژە بۆ واقیعێکى شاراوە دەکەن کە بەشێوەیەکى شێوێنراو ئامادەیى هەیە. هەندێک لە فەیلەسوفانى سەدەى بیست ئەم پەیوەندییەى نێوان واقیع و واقیعى شاراوە بە پەیوەندیى نێوان ئایدۆلۆژیا و واقیع دادەنێن و وەکو پەیوەندییەکى توانجپۆشى باسیدەکەن. بە وتەى لویى ئاڵتۆسێر، پەیوەندیى ئایدۆلۆژیا بى واقیعەوە پەیوەندییەکى تەلمیحى و وەهمییە. واتە تووشى ئەو وەهمەمان دەکات کە لە واقیع دەڕوانین و لەو واقیعەى پشتى پەردەش هەر دەڕوانین بەڵام تەنیا بەهۆى شێواندنیەوە. کەواتە لە قۆناغى دووەمدا، وێنەکان بریتیین لە کۆمەڵێک کۆپیى خیانەتکار و تەنیا بەهۆى ئەم خیانەشەوەیە کە لە واقیعى قووڵى پشت پەردە تێدەگەین [ئەم قۆناغە سەردەمى مۆدێرن دەگرێتەوە کە بە شۆڕشى پیشەسازى دەستپێدەکات و نوسخە ئەسڵەکان وەک ژمارە زۆردەبن و لەبەریان دەگیرێتەوە]. سێیەم، نیشانەکان نەبوونى واقیعێکى قووڵ دەشارنەوە: لە قۆناغى سێیەمدا، نوسخەى کۆپى وا خۆى دەردەخات کۆپییەکى وەفادارە بەڵام لەڕاستییدا کۆپییەکى بێ‌ئەسڵە. لێرەدا کۆمەڵێک کۆپییمان هەیە بەبێ نوسخەى ئەسڵ، و وا خۆیان دەردەخەن نوسخەیەکى ئۆرگیناڵیان هەیە؛ نیشانەکان و وێنەکان وا دەردەکەون شتێکى واقیعى دەنوێننەوە؛ بەڵام هیچ جۆرە نواندنەوەیەک روونادات و تەنیا کۆمەڵێک وێنەمان هەیە کە بە کەیفى خۆیان، خۆیان وەک لەبەرگرتنەوەى شتانێک دەناسێنن کە هیچ پەیوەندییەکیان بەوانەوە نیە. بۆدریار ناوى ئەم قۆناغە دەنێت سیحر و جادوو(sorcery)، لەم قۆناغەدا سەرلەبەرى مانا مرۆییەکان بەشێوەیەکى تەڕدەستانە وەکو سیحرێک بانگدەکرێن کە هەردەڵێى ئاماژە بۆ حەقیقەتێکى مۆرکراو دەکەن کە کۆپییەکانى هاوتاى ئەسڵەکە نین[ئەمەیان سەرمایەداریى دوایین یان پۆستمۆدێرنە دەگرێتەوە]. چوارەم، نیشانەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە هیچ جۆرە واقیعێکەوە نیە. لە قۆناغى چوارەمدا، کۆپییەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە هیچ واقیعێکەوە نیە و تەنیا بەستراونەتەوە بە ریزێک کۆپیى ترەوە. هەر وێنەیەک وێنەکانى تر دەنوێنێتەوە...ئەوەى هەیە گەمەى نێوان کۆپییەکانە. بۆدریار ناوى ئەم قۆناغە دەنێت هاوتابوونى تەواوەتى. لەم قۆناغەدا، کۆپییەکان هاوتا و هاوبەها دەبنەوە و بەرهەمە کەلتورییەکان چیتر وا خۆیان دەرناخەن واقیعیین چونکە شتە ساختەکان بریتییە لە ئەزموونى واقیعیى خەڵکە بەرخۆرەکە. بە وتەى بۆدریار لەم قۆناغەدا لە بڕگەى زێدەواقیعدا دەژین[بۆدریار بەدەقیقى ناوێکى بۆ ئەم قۆناغە نیە و رەنگە بکرێت ناوبنرێت ڤێرچواڵیتە] »(لە پێشەکیى کتیبەکەوە). واتە ئەگەر بۆدریار مێژوو دەخوێنێتەوە، ئەوا بەپێى پەیوەندیى نیشانەکان بە واقیعەوە دەیخوێنێتەوە و شوێنپێى ئەم مێژووە هەڵدەگرێت تا بزانێت واقیع چارەنووسى بە کوێ دەگات.

 بۆدریار لە رەخنەکردنى مارکسیزمى کلاسیکەوە دەستیپێکرد. لەبرى ئابوریى سیاسى، کتێبێکى لەسەر «ئابوریى سیاسیى نیشانە» نوسى. کاڵاکان چیتر بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەک نین بەڵکو هەڵگرى بەهاى نیشانەیین، هەر کاڵایەک نیشانەیەکە، بەهاى نیشانە دەکەوێتە پێش بەهاى مەسرەف و بەکارهێنانەوە. ئەو دەشگاتە سەر رەخنەکردنى کۆى پرۆژە فەلسەفییەکەى فۆکۆ و پێى‌وایە چەمکەکانى فۆکۆ بە دەردى دونیایەک ناخۆن کە دەسەڵات، زانین، مێژوو، واقیع، سێکسواڵیتە، ئابورى وەک جاران کارناکەن و گۆڕاون بۆ نوسخە زیادەڕۆ و پەرش و قەڵبەکەى خۆیان. لە تێکستى فۆکۆ لەبیرکە(forget foucault)دا پرۆژەکەى فۆکۆ وەک پرۆژەیەکى بەسەرچوو دەخەمڵێنێت. بۆیەشە پاش ئەمە بۆدریار لەلایەن لایەنگرانى فۆکۆوە لە ئەکادیمیاى فەڕەنسى دەردەکرێت.

بۆدریار لە مێژووى نوسین و تیۆریزەى خۆیدا گەلێک هەڵاى تیۆریى نایەوە. دیارترینیان ئەوەى ساڵى ١٩٩١بوو کە دەربارەى شەڕى کەنداو بوو: کتێبێکى بچوکى نوسى بەناوى جەنگى کەنداو رووینەدا(gulf war did not take place). ئەم کتێبە بەدحاڵیبوونێکى زۆرى خوڵقاند(وەک‌بڵێى بۆدریار بە مەرامى خۆى گەیشتبێت). ئاخۆ بۆدریار نکۆڵیى لە خوێنى رژاوى هەزاران کەس کرد بەسەر دنکە لمەکانى بیابانەوە؟ دیارە نەخێر. ئەو بەشێوەیەکى زیرەکانە باسى لە ونبوونى واقیع کرد، باسى جەنگێکى کرد کە بەرکەوتنى واقیعیى تیا نیە و پتر لە رێکخستنى ستۆدیۆیەکى گەورە دەچێت و موشەکهاوێژەکان لە فەزایەکى سایبەردا موشەک دەنێرن و ئێمەش جەنگەکە لە شاشەکانەوە دەبینین کە لینکێکى راستەوڕاستى بە جەنگەکەوە نیە. لەم کتێبەدا توێژینەوەیەک وەرگێڕدراوە کە پەیوەندیى جەنگ و میدیا رووندەکاتەوە.

ناونیشانى ئەم کتێبە، ناونیشانى ئەو تێکستەى بۆدریار خۆیەتى کە «بە ئەگەرى زۆرەوە» دوا تێکستە پێش مردنى (لە ٢٠٠٧) بڵاویکردبێتەوە. بایەخى تێکستەکە ئەوەیە پاکانەحیسابى بۆدریار دەبینین لەگەڵ دونیا و فیکردا بەگشتى. وەک‌بڵێى ئەم تێکستە درێژکراوەى لۆژیکیى هەموو ئیشەکانى پێشترێتى. ئەو باس لە دونیایەک دەکات کە سوبێکت(بکەرى مرۆیى) لە ئاوابوونى خۆیدا دەژى. ئەوەى هەیە زاڵبوونى دونیاى دەرەوە و ئۆبێکتیڤە. جیهان منەتى بە دەستکاریى مرۆڤ خۆى نەماوە، و خۆى هەڵدەسوڕێنێت. جیهان هەر هەیە، بەڵام بەبێ ئێمە. ئێمەش هەین، بەڵام نەک بەو فۆرمە مۆدێرن و پێشمۆدێرنەوە کە خاوەنى ئاگایى و ئیرادە و هتد بووین. ئەمە رەشبینى و نیهیلیزم نیە، بەڵکو یەکێکە لە ئیمکانەکانى مێژوو کە بە ئێرە گەیشتووە. ئاوابوون و دیارنەمان(disappearance)یش، شتێکە تایبەتە بە مرۆڤ، ونبوونێکى فیزیکى نیە، چارەنوسێکیش نیە گیانلەبەرانى تریش هەیانبێت- پرۆسەکە تایبەتە بە مرۆڤ کە خەریکە ئەزموونیدەکات. شتەکان نامرن بەڵکو بەهۆى پەرشبوونەوە و تێپەڕین لە خۆیانەوە، ئاوادەبن. ئاوابوون واتە بمریت بەر لەوەى بمریت. ئەم ئاوابوونە، ریشەى دەچێتەوە سەر پرسیارێکى دێرینى فەلسەفى کە بۆدریار پێچەوانەى دەکاتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچى شتەکان هەن لەجیاتیى ئەوەى نەبن(بە دەربڕینێکى تر: شتەکان بۆ هەن)؟ بەڵام بۆدریار دەپرسێت: شتەکان بۆچى نین لەبرى ئەوەى هەبن؟ واتە بۆدریار نەبوون بە بنەما وەردەگرێت نەک بوون. مرۆڤ فۆرمێکى تایبەت بە نەبوون-ى هەیە کە نە عەدەمى رووتە و نە نیهیلیزمیش. بە مانایەکى تر، ئەم ئاوابوونە بەتەواوى بە ماناى کۆتایى نایەت. بۆدریار لە سەردەمێکدا کە باسى کۆتایى مێژوو دەکرا، دژى ئەو بارە ماناییە بوو کە دەدرایە وشەى کۆتایى. ئەو فۆکۆیاماى بە کابرایەکى ساویلکە دەزانى و کۆتاییەکەى ئەوى بە جیا لە دالى کۆتایى(the end) دەزانى لە فیکرى خۆیدا. کۆتایى، لەپاش ئەم گەشتەى مێژوو وەرگەڕاوە بۆ داڕووخان بۆ ناوەوە، بۆ شلبوونەوەى خاڵى دەسپێک و ئەنجام، بۆ لەدایکبوونى بێشومار کۆتایى نوێ. بە قەولى خۆى، کۆتایى خۆیشى کۆتاییهاتووە. ئاوابوون لاى بۆدریار کەشفێکى تیۆرییە نەک هاشوهووشێکى رووت (بەپێى یەکێک لە شرۆڤەکارەکانیش کۆى دەرەنجامەکانى بۆدریار ستراتیژێکى پەروەردەییە بۆ ئەوەى جارێکى تر پەیوەندیى خۆمان لەگەڵ شتەکاندا هەڵسەنگێنینەوە).

بۆدریار ژمارەیەک کتێبى گرنگى هەیە وەک: سیمولەیشن و سیمولاکرا، کۆمەڵگاى بەرخۆرى، ئاوێنەى بەرهەمهێنان، نەزمى شتەکان، ئاڵوگۆڕى رەمزى و مەرگ، ستراتیژە کوشندەکان، ئەمریکا، وەهمى کۆتایى، تاوانى تەواوەتى، یادەوەرییە ساردەکان، نەشوەى پەیوەندیگرتن، شەفافیەتى خراپە، پاسۆردەکان، و هتد. هاوکات وەک هەر بیرمەندێکى گەورەى تر، کەوتووەتە بەر رەخنە و رەتکردنەوە. لە زۆر پۆڵێنیشدا، نابینین ناوى بۆدریار بهێنرێت. پێموایە لەودیوى ئەو هۆکارانەوە کە هەن، هۆیەکى دەروونشیکارانەى شاراوەى تریش هەیە: بۆدریار دەست بۆ تابۆ(taboo)یەکى هەستیارى مرۆڤ دەبات کە ناوى واقیع(یان پرسى واقیعى)یە و بێباکانە(بەرپرسیارانە بۆ نا؟) دەیخاتە ژێر پرسیارەوە. پشکنینى واقیع بەپێى ئەم تابۆیە، کۆتاییهێنانە بە خەیاڵیش- چونکە بۆدریار پێى وابوو واقیع و خەیاڵ لەو شتەدا تواونەتەوە کە ناوى زێدەواقیعە و خەیاڵ چیدى شوێنێک نیە بۆى هەڵبێین! خەیاڵ هەر توندبوونەوەى واقیع خۆیەتى کاتێک نە واقیع وەک خۆى ماوەتەوە و نە خەیاڵیش ئەو رووبەرە پاکیزە و دوورەیە رووى تێبکەین.

ڕەنگە بایەخى فیکرى بۆدریار بۆ ئێمە لەوێدا بێت کە دیاردە تازەکان گەیشتوونەتە سەر کۆمەڵگاى ئێمەش. بۆدریار تا ئەو جێیە کۆمەکماندەکات کە تێبگەین ئەو دیاردانە لە ئاستە گەردوونییەکەیدا چۆن کاردەکەن. مۆدێرنە کە هەڵدەوەشێتەوە، دواى خۆى چى جێدەهێڵێت؟ ئاخۆ ئەم دۆخەى کە بۆدریار باسیدەکات، مێژووى کۆن و نوێى ئێمە لە فۆرمێکى تێکەڵى رەقهەڵاتوودا ناهێڵێتەوە؟ خزانى مرۆڤى ئێمە بۆ ناو زێدەواقیع ئەوە دەرناخات کە ئێمە لە خۆرئاواییەکان زیاتر ئامادەى توانەوە و هاوشوناسییمان تیایە لەگەڵ دۆخەکەدا؟ بەهەرحاڵ سەربارى تێکستى(ئاوابوونەکە...)، پێشەکییبەکى درێژى ٦٠ لاپەڕەیى بۆ ئیشەکە ئامادەکراوە. هەندێک فەسڵى تریشمان بۆ وەرگێڕاوە کە لە کتێبە جیاجیاکانى بۆدریارەوە وەرمانگرتووە. فەرهەنگۆکێکیشمان بۆ درووستکردووە تاکو فشارى تێگەیشتن کەمبکاتەوە. بۆدریار وەڵامى هەموو شتێکمان ناداتەوە (ڕەنگە ئەمە نهێنیى فەلسەفە خۆى بێت)، بەڵام ئیمکانى تێگەیشتنمان بۆ دەکاتەوە تا بزانین چ جۆرە پەیوەندییەکمان بەم جیهانەوە هەیە. بەختى باشى تێگەیشتنیش بۆ ئەو کەسانەیە کە بەشێوەیەکى فیکرى / رۆحى دەرگیرى ئەم جیهانە تازەیەن و پرسیارى زیندوو داگیرى کردوون. بۆدریار بەدیاریکراوى لە کایەکانى: فەلسەفە، ئێستاتیکا و هونەر، ئەپستمۆلۆژیا و زانینناسى، میدیا و تەکنۆلۆژیا و هتددا جێى ئاوڕلێدانەوەیە. ئەم کتێبە تەنیا ورووژاندن و بەشدارییەکى بچوکە لە فیکرى بۆدریاردا.


ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو