عەبدوڵڵا پەشێو بۆ مەزڵوم کۆبانێ: تێڕامانی وێنەکانت سڕیان کردووم

دەزانم باشبوون لەم ساتەدا بۆتۆ، لە درۆی شیرینی ئەم شەڕڤانە دەچێت، کە پێی کەوتووە بە سەر مینێک دا، لەو کاتەدا لە وڵامی زەنگی هاوسەرەکەیدا دەڵێ: من باشم ئازیزەکەم ، باشم!
لە دوێنێوە تێڕامانی وێنەکانت سڕیان کردووم، لە چاوانتا خەمێکم لێوە دیارە، هێندەی خەمی سێدارەکەی قازی تەنیایی نیشتیمانی تێدا دەبینم.
وای چ ئازارێکی مەزنە، لەو خەونەی نیشتمان خەریکە دەیبینێت بە ئازادییەوە، بە دەنگی تۆپ بێداری بکەنەوە ،سەختە.

ژنڕاڵی ئازیز، مەزلوومی کوردان:
پێوویست نییە تۆ خۆتمان پێ بناسێنیت، هەر ناوەکەت بەسە تا تۆ کێیت؟ تۆ گادفازێڕی٭ ئێمەیت، مرۆڤێکیت خۆڕاگریت لە کێوان دزیوە، کەرامەتت لە باڵی هەڵۆکان دەرهێناوە، بەڵام چی دەڵێیت کە ئەم سەرزەمینە پڕ بووە لە قەلە ڕەشی خوێڕی، هەر کە زانیان بە پێوەیت، دێن لە کاسە سەرت ئەخۆن، کاتێ دەفڕیت پەلاماری بێچووەکانت دەدەن.

هاوڕێم مەزلووم:
ئێمە گەلێکین مرۆڤایەتی نامانناسێت، خودا هەر بۆ ئەوەی درۆست کردووین گوزارشت لە تەنیایی ئەو بکەین، بۆیە نەکەس دەمانناسێت، نەکەسیش باوەڕی بە بونمان هەیە.
ئیتر گەیشتمە ئەو باوەڕەی ئازادی ئێمە، بە لوولەی تفەنگەکان نایەتە بوون.
بەو هەموو خوێنەی دەیڕێژین تەنیا ڕەنگی سرووشت دەگۆڕین، هەر بۆیە بەهار لە نیشتمانەکەی ئێمەدا هەمیشە جوانترە.

شەڕڤانێک بۆی گێڕامەوە:
لە گەرمەی شەڕدا هاوسەرەکەم هەواڵی پێدام، خودا کوڕێکی پێبەخشیوین چی ناو بنێم؟
گوتم: ئازادی... تا گەڕامەوە هەردووکیان شەهید کرابوون...

ئاوایە هاوڕێ، ئازادی لە نیشتیمانەکەی ئێمەدا هەرگیز گەورە نابێت.
لە ماوەی چەندین ساڵی تەمەنم دا ئەوڕۆ زانیم ناچاری واتای چییە، دەزانیت هەندێک بڕیار هەن، تا جارێک دەیدەیت ئەو سەد جار دەتکوژێت. لە قووڵی ئازارەکەت تێدەگەم پیاو، بەڵام ناچارین هەمووان بیچێژین، ئەمەی تۆش کردت هەرگیز فرۆشتن نییە، هەرگیز، بەڵکو ڕێگری بوو لە سڕینەوەی نەژادی نەتەوەیەک.

سوپاس جەنگاوەر ، سوپاس

عەبدوڵڵا پەشێو


ئەم بابەتە 559 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو