Nawzad.jpg

دادگاییکردنی ئەدەب، کەوتە بەردیدەى خوێنەران

لە چەند رۆژى رابردوودا نوێترین کتێبى (د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد) کە ئامادەىکردوەو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانى کوردى لە چاپێکى ناوازەدا کەوتە بەردیدەى خوێنەران.

دادگاییکردنی ئەدەب، لە بڵاوکراوە نوێیەکانی ناوەندی غەزەلنوسە و ناونیشانى کتێبەکەش لەوە سەرچاوەى گرتووە، کە لە مێژووی نوێدا (شارڵ بۆدلێر) بەهۆی کۆمەڵە شیعری (گوڵەکانی خراپە) دراوەتە دادگا، هەروەها (فلۆبێر) بەهۆی رۆمانی (مەدام بۆڤاری)، (د. هـ. لۆرەنس) بەهۆی رۆمانی (دۆستی خاتوو چاتەرلی)، (جەیمس جۆیس) بەهۆی (رۆمانی (یۆلیسیس) و (ڤلادیمێر نابۆکۆڤ) بەهۆی ڕۆمانی (لۆلیتا) و زۆری تریش،بەهرى بەرهەمەکانیان دادگایى کراون.

د. نەوزاد، لێرەدا دادگاییکردنی (3) داهێنەری فەرەنسیی سەدەی نۆزدەدا لە چەند سەرچاوەیەکەوە کردووە بە کوردی، کە ئەوانیش:

1- فلۆبێر و ڕۆمانی "مەدام بۆڤاری".

2- بۆدلێر و دیوانی "گوڵەکانی خراپە".

3- ڕامبۆ و ڤێرلین.

ئێستا کتێبەکە جگەلە ناوەندی غەزەلنوسلە یەکەمین پێشانگاى نێودەوڵەتى سلێمانى دەستدەکەوێت.

لە پێشەکى کتێبەکەدا هاتووە:

دادگاییکردنى ئەدەب و هزرو فەلسەفە مێژوویەکى زۆر دورودرێژى هەیە، لەوانەیە ئەم دادگاییکردنە لە سوکراتەوە دەست پێبکات (ساڵى 399 پ.ز) کە یەکەمین دادگاییکردنە لە مێژوودا، دادگاى ئەسینا سوکراتى ناچار کرد پەرداخە ژەهرەکە بخواتەوە، لەدواییدا چەندین ئەدیب و فەیلەسوف بە هۆى بیروڕا و نووسینەکانیان، کە پێچەوانەى بیروڕاى کەنیسەو پیاوانى ئایین بووە، دراونەتە دادگا.

کچە شۆڕشگێڕى فەرەنسى جان دارک لەساڵى  1429دا خاکى ئۆرلیانزى فەرەنسیى لەژێر داگیرکاریى ئینگلیزەکان ئازاد کرد، بەڵام دواتر لەساڵى 1431 لەتەمەنى 19 ساڵیدا دادگایى کراوەو پاشان بە تۆمەتى یاخیبوون و بەکرێگیراو و سیحرباز و گومڕایى لە ئایین سوتێنراوە.

فەیلەسوفى ئیتالى جیۆردانۆ برۆنۆ  لەساڵى 1600دا بەهۆى بیروڕاکانى کە دژى کەنیسەى کاتۆلیکى بوو، بە زەندیق و گومڕایى لە ئایین تۆمەتبار کراو پاشان سووتێنرا.

 لە خۆرئاواو ئەوروپادا، بەتایبەتى لەسەدەکانى ناوەڕاست و دواتریشدا، ژمارەیەکى زۆرى ئەدیب و بیرمەندو فەیلەسوف دراونەتە دادگا. گالیلۆ لە ساڵى 1633 لە رۆما دراوەتە دادگا بەهۆى بیروڕاکانى کە وتویەتى زەوى بە دەورى خۆى و بە دەورى خۆریشدا دەسوڕێتەوە، ئەمەش پێچەوانەى بیروڕاى کەنیسەو کتێبى پیرۆزە. گالیلۆ ئەو دۆزینەوانەى لە کتێبێکدا چاپ کرد بەناونیشانى (گفتوگۆیەک دەربارەى دوو سیستمە سەرەکییەکە لە جیهاندا) کە دواتر کەنیسە ئەمەى بە لایەنگریى بیرەکانى بەتلیمۆس دایە قەڵەم، بۆیە بریارى زیندانیى هەتاهەتایى لەنێو ماڵەکەى خۆیدا  بەسەردا دەبڕێتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەى تەندروستیى زۆر خراپ بوو و تەنانەت بیناییشى لەدەست دا، گالیلۆ بەپێى بریارى کەنیسە تاوانبار بوو، ئەم تاوانە بەردەوام بوو تا ساڵى 1992 کە لەو ساڵەدا کەنیسە دانى بەوەدا نا زانیارییەکانى گالیلۆ راستن و داواى لێبوردنى کرد. ئەمەش بە درێژترین دادگایى لە مێژوودا دادەنرێت چونکە دواى 359 ساڵ لە مردنى، ئینجا بێتاوان دەرچوو.

 هەروەها کۆپەرنیکۆس، بەر لە گالیلۆ، بە هەمان تۆمەت دراوەتە دادگا. 

لە مێژووى نوێشدا شارل بۆدلێر بەهۆى کۆمەڵە شیعرى (گوڵەکانى خراپە) دراوەتە دادگا، هەروەها فلوبێر بەهۆى رۆمانى (مەدام بۆڤارى)، د.ه.لۆرەنس بەهۆى رۆمانى (دۆستى خاتوو چاتەرلى)، جێمس جۆیس بەهۆى رۆمانى (یۆلیسیس) و ڤلادیمێر نابۆکۆڤ بەهۆى رۆمانى (لۆلیتا) و زۆرى تریش، کە ئێمە لێرەدا دادگاییکردنى سێ داهێنەرى فەرەنسیى سەدەى نۆزدەهەممان لە چەند سەرچاوەیەکەوە کردووە بە کوردى، ئەوانیش:

1- فلوبێرو رۆمانى "مەدام بۆڤارى".

2- بۆدلێرو دیوانى "گوڵەکانى خراپە".

3- رامبۆ و ڤێرلین.

بۆ هەر یەکێکیشیان پێشەکییەکمان نووسیوە.

لەدواى بڵاوبوونەوەى رۆمانى (مەدام بۆڤارى)، ئاشکرا دەبێت کە لەراستیدا مەدام بۆڤارى کارەکتەرێکى راستەقینەیەو ناوى (دلڤین دیلمار)ەو ژنى دکتۆر دیلمارە، فلوبێر ناوەکەى گۆڕیوە، ناوەرۆکى رۆمانى مەدام بۆڤارى زۆر نزیکە لە ژیانى راستەقینەى دلڤین دیلمار. (بڕوانە ئەو پێشەکییەى بۆ دادگاییکردنى مەدام بۆڤارى نووسیومە).

  لە روسیاى سەردەمى یەکێتیى سۆڤیێتدا ژمارەیەکى زۆرى شاعیرو ئەدیب و نووسەر دادگایى کراون، بۆ نموونە: ئیسحاق بابل، ئەندرێ پلاتۆنۆڤ، ئۆسیپ ماندلشتام، بۆریس پاسترناک، ئەلیکساندەر سۆلجنستین، ئیڤان بۆنین، ئیڤان شمیلیۆڤ، ساخارۆڤ، میخائیل بۆلگاکۆڤ، ئاننا ئەخماتۆڤ، میکائیل باختین، جۆزیف برۆدسکى، ئیهرینبۆرگ، یەفتۆشینکۆ و زۆرى تریش.

بۆریس پاسترناک (1890-1960)  بەهۆى رۆمانى (دکتۆر ژیڤاکۆ) دوچارى رەخنەو سانسۆرو دەربەدەرى و فشارێکى دەرونیى زۆر بووەوە، کاتێک لەساڵى 1958دا ئەکادیمیاى سویدى بریار دەدات خەڵاتى نۆبێلى ئەدەبى بە باسترناک ببەخشێت، رۆژنامەى پراڤداى زمانحاڵى حزبى کۆمۆنیستى سۆڤیێت داواى لێدەکات خەڵاتەکە رەت بکاتەوە، بەڵام باسترناک دەڵێ: "من بەهەموو ئیرادەى خۆمەوە خەڵاتەکە رەتدەکەمەوە نەک لەژێر پاڵەپەستۆى رژێمى سۆڤیێت، بەڵکو لەبەرئەوەى خۆرئاوا رۆمانەکەى منیان بۆ نیازێکى سیاسى بەکارهێناوە"، هەروەها بەردەوام جەخت لەوە دەکات کە ناکۆکییەکى قوڵ لەنێوان دەسەڵات و داهێناندا هەیە، بەو پێیەى دەسەڵات هەرگیز لە ماناکانى داهێنان تێناگات، بۆیە پێویستە داهێنان لەژێر دەستى دەسەڵات ئازاد بکرێت. لەدواى 48 کاتژمێر لە راگەیاندنى بەخشینى خەڵاتى نۆبێل بە باسترناک، دەسەڵاتى سۆڤیێتى باسترناک لە وڵات دوور دەخاتەوە.

رۆماننوسى رووسى ئەلیکساندەر سۆڵجنستین (1918-2008) بەهۆى بەرهەمەکانى و بیروباوەڕى، ساڵانێکى زۆرى تەمەنى لە بەندیخانەکان و لە سیبیریاى بەستەڵەکدا بەسەربردووە. لەدواى مەرگى ستالین ئازاد دەکرێت، بە پاڵپشتیى خرۆشۆڤ رۆمانێک بڵاو دەکاتەوە بە ناونیشانى(رۆژێک لە ژیانى ئیڤان دینیسۆڤیچ) کە باسى زستانى سەختى زیندانەکانى سیبیریاو کارى قورسى ناو ئەو ئۆردووانە دەکات. دواتر کۆمەڵێ رۆمانى تر دەنووسێت دەربارەى موعاناتى گەلى رووسیا لەسەردەمى دەسەڵاتى تۆتالیتاریى ستالیندا، شایانى باسە سۆڵجنستین لەساڵى 1970دا خەڵاتى نۆبلى ئەدەبیى وەرگرت. هەروەها نووسەرى رووسى ڤارلام شالامۆڤ (1907-1982) ئەویش بەشێکى ژیانى بەکارى قورسى ناو بەندیخانەکانى سیبیریا بەسەر بردووە، لەدواى ئازادکردنى، رۆمانە ناودارەکەى بڵاو دەکاتەوە بەناونیشانى (حیکایەتەکانى کولیما) کە باسى ژیانى سەختى بەندیخانەى بەدناوى کولیما دەکات.

شاعیرى رووسى جۆزیف برۆدسکى (1940-1996) لەساڵى 1964دا، بەهۆى ناوەرۆکى شیعرەکانى، لەلایەن دەسەڵاتى سۆڤیێتییەوە دەگیرێت و دادگایى دەکرێت، نووسین و بڵاوکردنەوەى لێ قەدەغە دەکرێت لەبەر ئەوەى ئەندام نەبووە لە "یەکێتى نوسەران و ئەدیبانى سۆڤیێت"، هەروەها چەندین تۆمەتى ترى وەک ئەوەى کە تاکڕەو و یاخى و بێکارو بێلایەن بووەو بەپێى پێوەرەکانى یەکێتى نووسەران و سنووربۆدانانەکانى دەسەڵاتى سۆڤیێتى نەینووسیوە.

لە ساڵى 1972دا دەسەڵاتى سۆڤیێتى برۆدسکى دوور دەخاتەوە بۆ ئەمریکا و رێگەى پێنادات بگەڕێتەوە بۆ زێدى خۆى، تەنانەت لەو کاتەشدا کە لەناوەڕاستى هەشتاکاندا دەیەوێ لە ناشتنى تەرمى دایکیدا ئامادە بێت. برۆدسکى لەساڵى 1987دا خەڵاتى نۆبێل-ى ئەدەبى وەردەگرێت. لە رێکەوتى 28/1/1996 لە نیویۆرک و دوور لە نیشتیمانەکەى خۆى، کۆچى دوایى دەکات و لەتەنیشتى شاعیرى ئەمریکى ئیزرا پاوەند دەنێژرێت.

لەسەدەى نۆزدەیەمدا تا نیوەى یەکەمى سەدەى بیستەمیش، ژمارەیەکى زۆرى ئەدیبان و نووسەران لە ئەوروپادا بەهۆى ناوەرۆکى کتێبەکانیان دادگایى کراون یان کتێبەکانیان قەدەغە کراوە. بەڵام لە نیوەى دووەمى سەدەى بیست و لە سەدەى بیستویەکدا دادگاییکردنى ئەدەب نامێنێت، (جگە لە یەکێتیى سۆڤیێتى جاران)، چونکە لەلایەک ئازادییەکانى نووسین و بیروڕا فراوان و بەرینتر دەبنەوەو دامەزراوەکانى سانسۆر لەسەر کتێب هەڵدەگیرێن، لەلایەکى تر رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و سیستمى دیموکراسى و بگرە دادگاکانیش مافى ئازادیى تەواویان بۆ نووسەران دەستەبەر کردووە، سەربارى ئەوەى کەنیسەو ئایین لەسەرێک دەسەڵاتى ئەوەیان نامێنێت نووسەران لەسەر ناوەرۆکى کتێبەکانیان بدەنە دادگا، لەسەرێکى تر ئایین و کەنیسە خۆیشى کرانەوەیەکى مەعریفیی و زانستییان بەرامبەر بە دنیاى مۆدێرن هەیە.


ئەم بابەتە 70 جار خوێندراوەتەوە