Bwchany.jpg

دواى ئەوەى لە زینداندا سێ خەڵاتی جیهانی بەدەستهێنا، ئازادکرا

بێهروز بوچانی، نوسەر و پەنابەرى کوردی رۆژهەڵاتى کوردستان، کە بۆ ماوەی (6) ساڵە بەهۆی هەڵهاتنی لە سزای لەسێدارەدانی ئێران، لە دورگەی (مانوس)ی ئوسترالیا دەستبەسەرکرابو، سەرەنجام رۆژى هەینی ئازادکرا و گەیشتە شاری نەرویج.

رۆژى هەینى بوچانی لە واڵى تایبەتى خۆى لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "لە ئێستادا ئازادە و بەرەو شاری کرایسچەرچ لە نیوزلەندا بەڕێدەکەوێت".

لە پۆستەکەیدا سوپاسی سەرجەم ئەو کەسانەی کردوە کە پشتیوانیان کردوە و بەردەوام هاوکاری بون، سەبارەت بە رۆشتنی بۆ نیوزلەنداش دەڵێت: "لە فێستیڤاڵی جیهانی کرایسچەرچ بانگهێشتکراوە و بە مەبەستی بەشداریکردنی لەو فێستیڤاڵە لەوێیە".

بوچانی کە لەدەست بڕیاری لەسێدارەدان هەڵهاتوە بۆ ئوسترالیا، تەواوی سەرگوزشتەکەی لەرێگەی یەک نامەی وەتساپەوە نوسیوە و دواتریش لەلایەن (ئومێد تۆفیقیان)ی هاوڕێیەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و بڵاوکراوەتەوە.

بۆچانی پێشتر لەبارەى نوسینى رۆمانەکەى وتویەتى: "رۆمانەکەم لەسەر کاخەز نەدەنووسی، چونکە پاسەوانەکان هەفتە یان مانگێ جارێک هەڵیان دەکوتایە سەر ژوورەکان و نێو شتەکانمان دەگەڕان و دەترسام نووسینەکانم لەنێو بچن".

سەرگوزشتەیەی ژیانى بوچانی کە بەهۆیەوە تا ئێستا سێ خەڵاتی جیهانی وەرگرتوە، تایبەتە بە ژیانی خۆی بە ناوی (تەنها شاخەکان دۆستن)، باس لە گەشتەکەی دەکات لە ئیندۆنیزیاوە بۆ ئوسترالیا لەرێگەی بەلەمەوە، دواتریش دێتە سەر باسی دەستگیرکردنی و رەوانەکردنی بۆ دورگەی مانوس لە زەریای هێمن.

(تەنها شاخەکان دۆستن) لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا خەڵاتی باشترین دەربڕین و نوسینی Victorian premier’s literary awards، ی بە بەهای (125) هەزار دۆلار پێبەخشرا، کتێبەکەی بوچانی بوە پڕخوێنەرترین کتێب و لە ئوسترالیا ناسرا، ئەوە سەرەڕای رێگریکردن لە بێهروز تا لە ئوسترالیا خەڵاتەکەی وەربگرێت.

دواتریش بە بڕی (10) هەزار دۆلار خەڵاتێکی دیکەی جیهانی وەرگرت لە بواری چیرۆکی راستەقینەدا و لە ئێستاشدا براوەی خەڵاتی بایۆگرافی نێودەوڵەتیە کە بڕەکەی (25) هەزار دۆلارە و پێگەی (چیرۆکی ئوسترالیا)ش رایگەیاندوە، "بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئوسترالیا رێگەنادات راستەوخۆ خەڵاتەکە وەربگرێت، لە رێگەی وەتساپەوە خەڵاتەکە نێردراوە بۆ بوچانی".

بێهروز بوچانی لە چەند دێرێکدا:

لە ساڵی 1983 لە پارێزگای ئیلام لە ئێران لە خێزانێکی کورد لەدایکبووە.

تەواوەی قۆناغەکانی خوێندنی لە ئێران تەواوکردون.

خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە جوگرافیای سیاسی، لە زانکۆی تەربیەت مودەریس لە ئێران.

لەژیانیدا وەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ و نووسەر کاری کردووە.

لە ساڵى 2013 دواى ئەوەى بڕیارى لە سێدارەدانى بۆ دەرچوو، لە زیندان رایکرد و لە ئێرانەوە بە قاچاخ بەرەو ئوسترالیا بەڕێکەوت، بەڵام لە لایەن هێزەکانی سەرسنوری ئوسترالیاوە دەستبەسەرکرا و دروخرایەوە بۆ دورگەی مانوس لە ناوەڕاستی زەریای هێمن.

دواى لە گۆشەی زینداندا پەرتوکێکی بایۆگرافی لە یەک نامەی وەتساپدا نوسیەوە کە سەرگوزشتەی ژیانی خۆی بو و ئەو پەرتوکە بوە پڕفرۆشترین یەکێک لە پەرتوکە بەناوبانگەکانی ئوسترالیا و جیهان.

خەڵاتی ئەدەبیی ڤیکتۆریای پێ بەخشرا کە گرانبەهاترین خەڵاتی ئەدەبیی ئوسترالیایە و بڕەکەی (100) هەزار دۆلارە.

لە رۆژی پێنجشەممە 31/10/2019 کاژێر (3) دواى نیوەڕۆ لە ناوەندى غەزەلنووس لە مەراسیمێکدا رۆمانى (هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان) بڵاوکرایەوە، کە بێهروز بوچانی نوسەرى کتێبەکە لە ڕێگەی سکایپەوە بەشدارى مەراسیمەکە بوو.

لە بەشێکى رۆمانەکەدا هاتووە:

"بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی زیندان و کاردانەوەی سیاسەتەکانی زیندانبانان لەگەڵ زیندانییەکان، شێوازی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە. کەسانێک ئاگر لە جەستەی خۆیان بەردەدەن. کەسانێک مەچەک و ڕەگی ملی خۆیان دەبڕن. کەسانێک شێت دەبن. کەسانێک خۆیان بە پەیامهێنەر بە هاوبەندییەکانیان دەناسێنن. هەندێکیان ماندوو دەبن و دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. هەندێکیان تووشی نەخۆشیی دەروونی و جەستەیی دەبن و تێدا دەچن. بەڵام کەسێک شێوازێکی تری بەرەنگاربوونەوە هەڵدەبژێرێت. ئەو لەودیو دنیای ئوستورەکانەوە و لە هەناوی دنیای تەکنۆلۆژیادا پەنجەکانی دەخاتە سەر تەلەفۆنە گیرفانییەکەی و بە وەتساپ هەزاران پەیام لە ئاسمانی دوورگەی مانوسەوە هەڵدەفڕێنێت، تا لەولاتر کۆمەڵێک لە دۆستان و غەمخۆرانی پەیڤ وەریان بگرن و دواجار ببن بە کتێبی هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان''.


ئەم بابەتە 687 جار خوێندراوەتەوە