Balnda.jpg

ناوەندی باڵندە بە چوار کتێب بەشداریی پێشانگەى نێودەوڵەتى دەکات

ناوەندى باڵندە، کە ناوەندێکى ئەدەبییە و گرنگى بە شیعر دەدات، بە چوار کتێبى شیعرى ناوازە بەشدارى یەکەمین فێستیڤاڵى کتێب لە شارى سلێمانى دەکات.

دواى ئەوەى لە رۆژى 14/11/2019 لە شارى سلێمانى پێشانگاى کتێب کرایەوە و وا بڕیارە تا 24ى ئەم مانگە بەردەوام بێت، ناوەندى باڵندە بە چوار کتێب بەشدارى پێشانگاکەى کردووە، وەک خۆیان وتەنى: "بەو پارەیەی لەم پێشانگەیە دەستمان دەکەوێت کتێبی پێنجەممان چاپ دەکەین"

کتێبە چاپکراوەکانى ناوەندى باڵندە پێکهاتوون لە:

یەک: مشتێک پەپوولە، شیعرەکانی شاعیرانی گەورەی عێراقی عەبدولعەزیم فنجان، تەیب جەبار لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوە.

دوو: کتوپڕ خەون دەبینم لە ماڵەوەم، شیعرەکانی شاعیری چینی (لی بای)، هەڵۆ فەریق لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە.

سێ: ژیانێکی تر، شیعرەکانی دانا ڕەووف کە بە سویدی نووسیویەتی، کەریم تاقانە وەریگێڕاوە

چوار: باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت، شیعرەکانی شاعیری گەورەی لوبنانی وەدیع سەعادە، بڕیار محەمەد تاهیر لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوە

ناوەندی باڵندە، ناوەندێکی ئەدەبیی سەربەخۆیە و سەر بە هیچ دەزگا و ڕێکخراوێکی حکوومی و ناحکوومی نییە. کارەکانی خۆی لە شیعردا چڕ دەکاتەوە. کاری سەرەکیی ئەم ناوەندە لە ”ماڵپەڕی باڵندە“ و چاپی کتێبی شیعرـدا دەبێت، کە ماڵپەڕەکە بۆ وەرگێڕانی شیعری جیهانە بۆ سەر زمانی کوردی، هەروەها، بە پێی توانا، وەرگێڕانی شیعری کوردی بۆ زمانانی دیکە. لە پاڵ ئەمەیشدا بڵاوکردنەوەی شیعرە بڵاونەکراوەکانی شاعیرانی کورد و ناساندنی دەنگی تازەی شیعری لە نەوەی تازە. 


ئەم بابەتە 53 جار خوێندراوەتەوە