Zhanaral.jpg

بۆ تاقانەکەى پایز

سەردار قادر

دڵت پارچەیەک ئاڵتوون بوو

هەرچەندە ڕۆژگارت لێڵ بوو

کە تێ ناگەن کە نازانن تۆ دەڵێى چى

ئەم هەوارە بە جێ بێڵە

***

تۆ سەربوردەى ئەوینێک بووی

باران پەڵەى تیا نەداوە

تۆ ڕۆمانێکى پایزیت

کە تا ئێستا نەنوسراوە

****

تۆ ئەو گوڵەى لە ناو زریانا

 سەوز بووى

لە ناو ئەشکى هەژاراندا

شەوەهاى شەو بێ وەنەوز بووى

****

لە نێو پەرستگاى پایزدا

ڕێبوارێکى سەرگەردانى

تۆ مەولاناى سەردەمێک بووى

(شەمسێ ) نەهات بە میوانى

***

دڵت وەک سنەو بەر کەسکە

هەرچەندە زادەى پایزى

لە وێرانەى ئەم شارەدا

عاشقێکى هەردەم زیزى

****

ساڵانێک بوو ڕووى هەتاوت لێ گیرابوو

ڕۆژەکانت گشت دەیجور بوو

لە لام سەیرە هێشتا خەندە

لە سەر لێوانت بوو

دڵیشت پارچەیەک  نور بوو

***

بە دواى وەرزى پێنجەمینا

چوارە وەرزە لە ئێش و ژاناى

تۆ چرایەکت داگیرساند

خەڵک بێ ئاگا بوون لە ماناى

****

لە لام سەیرە

بزەى ئەوینت تیا ماوە

دڵى تۆ پەرتەقاڵێکە

هەر بە دارەوە گوشراوە

***

پایزى تۆ

لە گەڵاى شەهید لێو ڕێژە

بەر لەوەى تۆ بۆ هەمیشە

سەرهەڵگرى

لام دانیشەو شیعرێکى ترم بۆ بێژە

***

ناکرێ و نابێ تۆ دڵ تەنگ بى

گوڵێکى سیس و بێ ڕەنگ بى

لە نیشتمانى گوڵ کوژا

توانیت گوڵزارێکى شەنگ بى

***

تۆ شۆڕشیى بەهارێ بووى

لەو دیوو تاراى پایزەوە

تۆ سێڵاوى گریانێک بووى

بە گڵێنەى ئازیزەوە

***

تۆش وەک( سوارە)  هەردەم دەڵێى

دڵێم بڕۆم لە شارەکەت

زۆر درەنگە بۆ مانەوە

لە شارە پڕ ئازارەکەت

***

تۆش وەک (گۆران )

ئەفسووس عەکسى قەمەرێکى

لە ناو حەوزێکى لیخندا

بۆ پەیامى ئەوینداران

هەم پەناگاو تەتەرێکى

****

ئەى شاعیرى هەردەم تەنیا

تۆ هەمیشە ئاواتت بوو شیعرەکانت

لە سەر ئاو بنوسیتەوە

تاریکایى دروێنەکەت

پرشنگى خۆر بچنیتەوە !

 

سلێمانى – 28/5/2018


ئەم بابەتە 70 جار خوێندراوەتەوە