KaFrosh.jpg

کچى کافرۆش دەچێتە کەرکوک

لە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو فیلمی سینەمایی کچی کافرۆش لە شاری کەرکووک نمایش دەکرێت.

وا بڕیارە رۆژى شەممە 23/11/2019 کاژێر (4)ى ئێوارە، لە سەنتەری ڕۆشنبیری شاری کەرکوک فیلمی سینەمایی کچی کافرۆش نمایشبکرێت، فیلمەکە یەکێکە لە فیلمە کوردیە سینەماییەکان کە بەشێکی دیمەنەکانی فیلمەکە لە کوردستان و بەشێکیشی لە دەرەوەی هەرێم تۆمار کراوە.

فیلمى کافرۆش، هونەرمەند (تەنیا کەریم) دەرهێنانی بۆ کردووە و  هەریەکە لە هونەرمەندان شەهرام نامیق و سنور ئالانی و گۆران دلشاد رۆڵی سەرەکی لە تێدا دەگێڕن و چەندین هونەرمەندى دیکەى بە ئەزموون لە فیلمەکەدا رۆڵیان هەیە.

ئەوەى لەبارەى کچى کافرۆش وتراوە:

کچى کفرۆش، کە بە (مۆنالیزای کورد)یش ناسراوە، بەهۆی جوانییەکەی ئەفسەرێکی ئینگلیز لە هەولێر دەیڕفێنی و دەیبا بۆ بەریتانیا.

 ناوى تەواوى (خەجیج جومعە مەولود شکاک)ە، دەوترێت کچە کوردێکی هەولێری بووە و بە کیژەکەی کافرۆش ناسراوە، ساڵی ١٩٣٤ لەو کاتەی کە تەمەنی لە کچێکی (12) دوانزە ساڵیدا بەولاوە زیاتر نەبوو لە لایەن ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئینگلیز کە ئەوکاتە عێراق لە ژێر فەرمانڕەوایەتی ئەوان دادەبێت، لە دوای چەند جارێک خوازبێنیکردن و وەرنەگرتنەوەی وەڵامێکی ئەرێنی لە لایەن باوکییەوە، لە رێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە و دوای جێهێشتنی دوکانی کافرۆشی باوکی لە هەولێر بە چەند خولەکێک، دەڕفێنرێت. بە چەند مانگێکیش دوای رفاندنەکەی، باوکی خەجیج (کچی کافرۆش) پاش تۆمارکردنی داواکەی لەلایەن بنکەی پۆلیسی جولەکەکان لە گەڕەکی تەعجیل ئاگادار دەکرێتەوە کە کچەکەی لە وڵاتی بەریتانیایە.

دایکی کچی کافرۆش بە بنەچە رووسی بووە، هاوسەرەکەى لە دوای ژیانی هاوسەرێتیان ناوەکەی کردبووە (مەنیج).

خەجیجە هۆکارى ناوهێنانى بە کچى کافرۆش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە باوکى کاتێک هاتۆتە شارى هەولێر هیچ کارێکی نەزانیووە و کەسیشی نەناسیووە، بۆیە دوکانێکی لە نزیک سینەما حەمرا بە کرێ گرتوو کای فرۆشتەوە، بۆیە ئەو خۆشناوانەی لە گوندەکانی سەرەوە ترێ و میوەیان دەهێنایە ناوشاری هەولێر هەموویان کایان بۆ وڵاغەکانیان لە جومعە کافرۆش دەکڕی، هەرئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە خەجیجە بەو ناوە بناسرێتەوە.

هونەرمەندى کوردیش میکائیل، گۆرانى بۆ کچى کافرۆش وتووە و چەندین هونەرمەندى دیکەش گۆرانیان بەو ناوەوە وتوە.


ئەم بابەتە 89 جار خوێندراوەتەوە