maxresdefault.jpg

ئێریک-ئیمانۆئێل شمیت: سەرسامی شیعرەکانی مەولانای ڕومیم

وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە

 

 

ئێریک-ئیمانۆئێل شمیت، لە نوێترین گفتوگۆیدا باس لە مەیلی خۆی بۆ شیعرەکانی مەولانای ڕومی دەکات.

 

ئیمانۆئێل شمیت لە زۆربەی وڵاتانی جیهان نووسەرێکی ناسراوە. زۆرێک لە ڕۆمان و شانۆیییەکانی ئەم نووسەرە ٥٩ ساڵە فەڕەنسی-بەلجیکییە وەک "وردەتاوانەکانی هاوسەرێتی" و "میوانخانەی دوو دنیا" و "مسیۆ برایم و گوڵەکانی نێو قورعانەکەی" بۆ زۆر زمانی جیهان وەرگێڕدراون و زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیهانیشدا شانۆیییەکانی پێشکەش کراون.

 

لە نێوان بەرهەمەکانی شمیتدا "مسیۆ برایم و گوڵەکانی نێو قورعانەکەی" پێگەیەکی تایبەتی هەیە و زۆر جار کراوە بە شانۆیی و هەتا جارێکیش لە لایەن فڕانسوا دوپرۆنەوە کراوە بە فیلم.

 

شمیت دەربارەی ڕۆمانی "مسیۆ برایم..." و ناوەڕۆکە تەسەووفییەکەی دەڵێت: "لەو کاتەوە کە مەولانای ڕومی- شاعیر و سۆفیی ئێرانیم ناسیوە و شیعرەکانیم خوێندووەتەوە مەیلم بۆ تەسەووف جووڵاوە." ئەو هەروەها دەڵێت: "کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانەکەم لە ژیانی برۆنۆ ئەبراهامەوە وەرگرتووە کە ئەکتەرێکی کۆمیدیی فەڕەنسییە."

 

ماوەیەک لەمەوبەر نمایشێکی تر لەم ڕۆمانە خرایە سەر شانۆ کە خودی ئێریک-ئیمانۆئێل شمیت ڕۆڵی مسیۆ برایمی دەگێڕا، لەم بارەیەشەوە دەڵێت: "لە ڕاستیدا سەرەتا لە بری فڕەنسز لالین ڕۆڵی مسیۆ برایمم گێڕا، بەڵام دوایی سەیرمان کرد زۆر جێی پەسەندی بینەران بوو، بۆیە لە ڕێگەی ڕاهێنەرێکەوە دەستم کرد بە پرۆڤە لەسەر دەنگ و جووڵەکانم."

 

شمیت شێوازی جیاوازی نووسینی تاقی کردووەتەوە، لە ڕۆمانەوە بگرە تا شانۆ و سیناریۆ و کورتەچیرۆک. دەربارەی ژانرە دڵخوازەکەی دەڵێت: "لە ڕاستیدا کەسایەتی و دۆخەکانن کە شێوەی هەڵبژێردراوی خۆیان پێشکەشی من دەکەن و ئەز تەنیا دەینووسمەوە. بەڵام شانۆ لە سەرەتادا شێوەی بەیانی ڕوون و بنەڕەتی و سەرەتاییی من بوو. پاشان ویستم بزانم ئاخۆ ڕۆماننووسێک لە بنی قەڵەمەکەمدا بوونی هەیە، ئەوە بوو دۆزیمەوە."


شمیت سەبارەت بەوەی چۆن ڕووی کردووەتە دنیای نووسین دەڵێت: هەمیشە حەزم کردووە خۆم بخەمە بری کەسێکی تر بۆیە بووم بە نووسەر. ویستم لە بری یەک ژیان چەندین ژیان تاقی بکەمەوە. بۆ من ئەدەبیات وەک مەودای نێوان من و ئەوی دییە.


 شمیت لە کۆتاییدا دەڵێت: هەر جارێک کتێبێک دەنووسم وا دەزانم ئەمە دواهەمین نووسینمە. هەست دەکەم خوێنەریش ئەم ڕەهەندە هەستیار و پێویستە هەست پێ بکات.


ئێریک-ئیمانۆئێل شمیت لە ٢٨ـی مارسی ١٩٦٠ لە فەڕەنسا لە دایک بووە. ٥٩ ساڵ تەمەنیەتی. چەندین جار ڕۆمانی "مسیۆ برایم و گوڵەکانی نێو قورعانەکەی" کراوە بە کوردی و لە دنیای کوردییشدا نووسەرێکی بەناوبانگە.

 


ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە