Galawej1.jpg

بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ، مەراسیمێکى شایستەى بۆ بوونى سلێمانى بەشارى ئەدەب رێکخست

لە مەراسیمێکى شایستەدا بەئامادەبونى ژمارەیەکى زۆر لە ئەدیب و هونەرمەند و کەسایەتییەکانى شارى سلێمانى و نوێنەرى یونکسکۆ، بنکەى روناکبیریی گەلاوێژ مەراسیمێکى بۆ بوونى شارى سلێمانى بە شارى ئەدەب لە لایەن رێکخراوى یونسکۆوە ئەنجامدا.

شەوى 24/11/2019 کاژێر (6:30) شەو لە هۆتێل راماداى شارى سلێمانى بنکەى روناکبیریی گەلاوێژ، بە ئامادەبونى (مەلا بەختیار) سەرپەرشتیارى ناوەندى رۆشنگەرى چاودێر و (د. هەڤاڵ ئەبوبەکر) پارێزگارى سلێمانى و (د. مێرى لابروس) بەرپرسى سەنتەرى کلتورى کەشکۆڵ لە زانکۆى ئەمەریکى  و (سامى هادى) لێپریسراوى ناوەندى رۆشنگەرى چاودێر و ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى زانکۆ و ئەدیب و نوسەر و شاعیر و هونەرمەند و کەسایەتیەکانى شارى سلێمانى مەراسیمێکى شایستەى بۆ بوونى سلێمانى بە شارى ئەدەب رێکخست.

لە سەرەتاى مەراسیمەکەدا پێشەنگى فۆتۆگرافى (هێمن جەمیل) کرایەوە، کە ژمارەیەک فۆتۆى شارى سلێمانى لەخۆ گرتبوو، دواتر (د. ابتسام اسمماعیل) سەرۆکى بنکەى روناکبیرى گەلاوێژ وتەى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژى خوێندەوە، لە سەرەتادا بەخێرهاتنى مێوانانى کرد و دواتر وتى: "هەڵبەتە ئەم نازناوە نامۆ نییە بە شارێکى وەکو سلێمانى، کە لە مێژووى کەمى دروستبوونیدا چەندین سەروەرى تۆمارکردووە، خەرمانێک لە داهێنان و شاڕایەکى لە شیعر و ئەدەب، لە ئەدەبى زارەکى تا دەگاتە نێو قوڵایى خامە و پەڕەمووچى زاناکانمان هەر لە تەکیە و خانەقاکانى تا دەگاتە لوتکەى دەزگا ئەکادیمییەکان.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کە بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە هەتا ئەمڕۆش، سەر مەشقە و نێوەندى پێشبڕکێى روناکبیران بووە، هەوڵەکانى دەستەى دامەزرێنەر و کارمەندانى بەدرێژایى ئەم چەند ساڵە جێگەى بەرز نرخاندنە، ئەوانیش پشکێکیان هەبووە لە وەرگرتنى ئەم نازناوە... (22) ساڵ پێشبڕکێى ئەدەبى و هێنانى ژمارەیەکى بەرچاو لە وڵاتانى جیهان و ئاڵۆگۆڕى فیکرى و ئەدەبى جێگەى خۆى دەگرێ، ئەم بەردەوامییە بۆتە هۆى ئەوەى مەشخەڵى فکرى ئازاد لەم شارە کڵپە بسەنێت.

لە لایەکى دیکەوە سوپاسى هەوڵەکانى گروپى کەشکۆڵى لە زانکۆى ئەمەریکى لە سلێمانى و پارێزگارى سلێمانى و بەڕێوەبەرێتى گشتى رۆشنبیرییى و هونەرى سلێمانى کرد، هەروەک سوپاسێکى تایبەتی رێکخراوى یونسکۆى جیهانى کرد کە پێزانینیان بەرامبەر بە داهێنانەکانى ئەم شارە هەبووە و بەرو نرخاندوویانە.... (دەقى وتارەکەى وەک خۆى بڵاودەکەینەوە).

دواتریش هەر یەکە (د. هەڤاڵ ئەبوبەکر) پارێزگارى سلێمانى و (د. مێرى لابروس) بەرپرسى سەنتەرى کلتورى کەشکۆڵ لە زانکۆى ئەمەریکى دو وتەى جیایان پێشکەش کرد، کە لە وتەکانیاندا هۆکارەکانى دەستنیشانکردنى شارى سلێمانى بە شارى ئەدەب رونکردەوە، هەروەک ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، بۆ ئەوەى ئەم شارە هەر بەم نازناوە بمێنێتەوە پێویستە بەردەوام بێت لە چالاکییە ئەدەبییەکانى و پشتیوان و هاوکارى خۆشیان بۆ ئەنجامدانى ئەم چالاکیانە دەربڕى.

دواتریش (مەلا بەختار) سەرپەرشتیارى ناوەندى رۆشنگەرى چاودێر وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا سوپاسى هەموو ئەوانەى کرد کە لە هەوڵى ئەوەدا بوونە کە شارى سلێمانى بکرێت بە شارى ئەدەب، دواتر ئاماژەى بەسەرجەم ئەو چالاکییە ئەدەبى و هونەریانەدا کە لە شارى سلێمانى لە چەند ساڵى رابردوودا ئەنجامدراون، هەروەک ئاماژەى بە فێستیڤاڵى گەلاوێژدا کە (22) ساڵە بەبەردەوامى ئەنجامدەدرێت و بیست و سێیەمین فێستیڤاڵیش لە ساڵى داهاتوو ئەنجام دەدرێت، کە هەموو ئەو چالاکییە ئەدەبیانەى لە شارەکە ئەنجامدران، بوون بە شایانى ئەوەى سلێمانى ئەو نازاناوەى پێبدرێت.

دواتر هەر یەکە لە شاعیران (قوبادى جەلیزاد، باست حەمە غەریب، ریاز غەریب، ئیسماعیل محەمەد، د. فەرەیدون عەبدول بەرزنجى) چەند شیعرێکى تایبەتى خۆیان خوێندەوە هەروەک ئاسۆ عومەر سوارە چەند شیعرێکى شاعیر (داناز عەبدولڕەحمان)ى خوێندەوە و کە سەرجەم شیعرەکانى تایبەت بوون بە شارى سلێمانى.

هەر لە مەراسیمەکەدا، فلمێکى دۆکیۆمێنتارى لەسەر مێژووى شارى سلێمانى نمایشکرا، کە لە ئامادەکردنى هاوبەشى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ و کۆمپانیاى مەستى فیلم بوو.

لە کۆتایشدا تیپى موزیکى (لوڕ) بە هاوبەشى هونەرمەند (بێژەن جەزا)، ئاهەنگێکى پرسۆز و گۆرانیان ئەنجامدا.


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە