Qwbad.jpg

ژنێک ناهێلێت پیر ببم

قوبادى جەلیزادە

قوبادى جەلیزادە، شاعیرى گەورەى کورد، وەک ئەوەى هەمیشە دەیەوێت عەشق و خۆشەویستى خۆى لە سەرتا و کۆتایى هەموو وەرزێک و سەرەتا و کۆتایى هەموو ساڵ و مانگ و رۆژێکدا بۆ ژنێک دەرببڕێت، شیعر بۆ خۆشەویستەکەى دەڵێت، دەشێت ئەم شیعرە کۆن بێت، بەڵام عەشقى ئەو هەمیشە نوێ و نوێ دەبێتەوە.

جەلیزەدا لە واڵى تایبەتى خۆى هۆنراوەیەکى کتێبى چاکەتێک لەکۆنە دەکڕم، کە چوار ساڵ لەمەوبەر چاپى کردووە بڵاوى کردەوە، ئێمەش لێرەدا بە سوپاسەوە بۆ ئێوەى بڵاودەکەینەوە.

ژنێک ناهێلێت پیر ببم

" پردی سیرات "

---------


ژنێک پێی حەیفە پیر ببم
پێی گوناهە نەخۆش کەوم
پێی کفرە بمرم.
ژنێک،
پرچە سپییەکەمی خۆشدەوێ
تاڵ تاڵ لەپەنجە لووسەکانی خۆی دەئڵێنێ و
ماچیان دەکات.

ئەو دەلێ؛
بەسەر ئەو تاڵە سپی و باریکانەدا
لەمەشخەلانی دۆزەخدا،
دەپەڕینەوەو
لە باخچەیەکی بەهەشتدا
زەماوەند دەکەین.
بەهەشت؛
نە زیندانی تێدایەو نە شمشێر.

ژنێک،
خوێنی شەڵاڵ کردم
لە جریوە جریوی گەنجییەتی.

ژنێک،
هەموو گۆچانەکانی
بەلاوەکان فرۆشت.

ژنێک؛
ناهێلێ پیر ببم
ناهێلێ نەخۆش کەوم
ناهێلێ بمرم.


---------------------------------------------------------
* کتێبی: چاکەتێک لەکۆنە دەکڕم، ٢٠١٥، لاپەڕە 132-133.
*سارا گیان چرکاندوویەتی.


ئەم بابەتە 138 جار خوێندراوەتەوە