camus-1-e1494939707186.jpg

کێ ئەلبێر کامیوی کوشت؟

وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە

  

کتێبێکی نوێ کە بەم دوایییانە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بووەتەوە، پێی وایە ئەلبێر کامیو نەک بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە بەڵکوو لە لایەن دەزگای زانیاریی یەکێتیی سۆڤیەتەوە تیرۆر کراوە.

 

گاردیان بڵاوی کردەوە: شەست ساڵ دوای ڕووداوە مەرگبارەکەی ئەلبێر کامیو لە تەمەنی ٤٦ـساڵیدا، کتێبێکی نوێ زانیاریی لەو بارەیەوە بڵاو دەکاتەوە کە کامیو لە لایەن سیخوڕەکانی دەزگای زانیاریی یەکێتیی سۆڤیەتەوە وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە دژی گوتارەکەی ئەنجام دراوە. کامیو گوتارێکی دژەسۆڤیەتیی نووسیبوو.

 

جیۆڤانی کاتلی، نووسەری ئیتاڵی و بنووسی کتێبی "مەرگی کامیو"، یەکەمین جار لە ساڵی ٢٠١١ـدا تیۆرییەکەی خستە ڕوو. ئەو لە ڕۆژنامەی ئیتاڵیی کۆرییەر دۆلا سلا نووسیی، کە یادداشتگەلێکی لە دەفتەریادی جان زەبرانا- وەرگێڕ و شاعیری چیکی دۆزیوەتەوە، کە دەڵێ مەرگی کامیو بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە نەبووە.

 

ئەنجامی لێکۆڵینەوە بەرفراوانەکانی کاتلی سەرئەنجام لە کتێبێکدا بە ناوی "مەرگی کامیو" بە ئینگلیزی بڵاو کرایەوە.

 

کامیو لە ڕۆژی ٤ـی جێنیوەریی ١٩٦٠ـدا، سێ ساڵ پاش وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات، لەگەڵ چاپەرەکەیدا میشێل گالیمار لە ئۆتۆمبیلێکدا بوو کە کتوپڕ کۆنترۆڵی ئۆتۆمبیلەکە لە دەست گالیمار- کە شۆفێر بوو- دەرچوو؛ بەر درەختێک کەوت و کامیو دەستبەجێ گیانی سپارد. گالیماریش پاش چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە گیانی سپارد.


هێربێرت لوتمەن، نووسەری ئەمەریکی، لە بیۆگرافیی کامیودا لە ساڵی ١٩٧٨ـدا نووسیی، پێ دەچێت ئەم ڕووداوی هاتوچۆیە بە هۆی تەقینەوەیەکەوە ڕووی دابێت. شارەزایانی ئەوکات، لە ڕووداوێکی لەم جۆرە لە جادەیەکی ئاوا ساف و ڕێکدا تووشی شۆک بووبوون.

کاتلی پێی وایە پەرەگرافێک لە بیرەوەرییەکانی زەبرانا زۆر ڕوون نیشانی دەدات کەسێکی ئاگەدار و جێی متمانە، هۆی مەرگی کامیوی پێ ڕاگەیاندووە، کە هۆکاری سیاسی و تۆڵەکردنەوەی لە پشتەوە بووە. "ئەوان لە تایەکانی سەیارەکەدا ئامرازێکیان دانابوو کە لە کاتی خێرایییەکی ئەوتۆدا لە پڕ کون ببن."


ئەو لە درێژەدا باسی ئەوە دەکات: "ئەم کارە تیرۆریستییە بە فەرمانی دیمیتری شپیلۆف، وەزیری کاروباری ناوخۆی یەکێتیی سۆڤیەت بە دوای گوتارە ئاگرینەکەی ئەلبێر کامیو ئەنجام دراوە، کە ڕەخنەی توندی لە یەکێتیی سۆڤیەت دەگرت و لە ڕۆژنامەی فەڕەنسیی فرانک تیرۆردا لە ١٩٥٧ـدا بڵاوی کردەوە."

 

لە دەفتەری بیرەوەرییەکانی زەبرانادا هاتووە: "سێ ساڵی پێ چوو تا هێزەکانی دەزگای زانیاریی سۆڤیەت ئەم بڕیارە دەربکەن و تا ئەمڕۆیش هەموان وا بیر دەکەنەوە کامیو بە هۆکاری ڕووداوێکی ئاساییی هاتوچۆ مردووە. ئەو پیاوە ئاگەدارە ئامادە نەبوو سەرچاوەی زانیارییەکانی ئاشکرا بکات، بەڵام دەیگوت تەواو باوەڕپێکراو و جێی متمانەیە."

 

کامیو پشتگیریی شۆڕشی هەنگاریای لە ساڵی ١٩٥٦ـدا دەکرد کە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بوو دژی سیاسەتە سەپێنراوەکانی یەکێتیی سۆڤیەت. ئەو هەروەها ستایشی بۆریس پاستەرناکی دەکرد، کە نووسەرێکی ڕووسی و باوەڕی دژەسۆڤیەتانیی هەبوو. پاستەرناک خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتیشی پێ بەخشرا، بەڵام بە هۆی فشاری سیاسییەوە ڕەتی کردەوە.


کاتلی نووسەری کتێبی "مەرگی کامیو" لێکۆڵینەوەی وردی دەربارەی گوتەکانی زبرانا کردووە و تەنانەت چاوپێکەوتنی لەگەڵ هاوسەری ئەو شاعیرەشدا ئەنجام داوە و دەربارەی هەژموونی ناوەندی سیخوڕییەکانی ئەوکاتی سۆڤیەت لە فەڕەنساش پشکنینی ئەنجام داوە، کە مەرگی پارێزەری ناودار ژاک ڤۆرژیش دەکەوێتە خانەی ئەم هەژموونەوە.

 

ژاک ڤۆرژ بەر لە مەرگی، لە چاوپێکەوتنێکدا دەربارەی ڕووداوەکەی کامیو گوتی: "مەرگی کامیو بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە، لە لایەن دەزگای زانیاریی فەڕەنسا و کۆمیتەی ئەمنیی سۆڤیەت بەرنامەی بۆ دارێژراوە."


کاتلی لە کتێبەکەیدا بەڵگە بۆ ئەوە دەهێنێتەوە کە قسە ڕاستەوخۆ و لەڕووەکانی کامیو دەربارەی پەیوەندیی فەڕەنسا و سۆڤیەت بۆ هیچ لایەک دڵخۆشکەر نەبوون. هەم فەڕەنسا و هەم سۆڤیەت لە کوژاندنەوەی ئەو بابەتانەی کامیو لێی دەدوان، سوودمەند دەبوون.

 

کاتلی دەڵێت تیۆرییەکەی لە لایەن کچەکەی ئەلبێر کامیو (کە چاپکردنی بەرهەمەکانی باوکی لە وەشخانەی گالیمار قەدەغە کردووە) پشتڕاست نەکراوەتەوە. سەرەڕای ئەمە، کتێبی "مەورگی کامیو" لە ئیتاڵیا، ئەرجەنتین و فەڕەنسا چاپ کراوە و پۆل ئەستەری نووسەری ئەمەریکییش پشتگیریی خۆی لە ناوەڕۆکیی کتێبەکە ڕاگەیاندووە.


ئەم بابەتە 282 جار خوێندراوەتەوە