_.jpg

ڕەنگی چاوەکانمت داوە بە ئاو

ئەحمەدڕەزا ئەحمەدی/وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە

  

چەند شیعرێک:

 

لە تاو گومانەکانت وێران نابم

من ناوی تۆم بەسە

تا لە سەرما و بۆراندا

کات و حەفتە ڕەت بکەمەوە

من

کە دەزانی

نە بەلەمم هەیە، بە سەوڵ

 

لە تۆ پیرۆز بێت

ئەو گێلاسانەی

کردووتن بە قژتەوە

 

تۆ بەسەبری

تا خەوی من بگاتە کۆتایی

تا بێیتە دیداری من

*

 

تێکڕای دەستی تۆ ڕۆژە و

ڕووخسارت گەرما

نە بێدەنگی بانگهێشت دەکات و

نە درەنگە

ئیتر دەبێ ئامادەگیت هەبێت

لە ڕۆژدا

لە هەواڵدا

لە ڕەگدا و

لەناو مەرگیش…

 

لە ئەڤین

ئەگەر بە زمان هاتین

وەرزێک دەبێ

بۆ خۆمان بانگ بکەین

گۆرانی بڵێین

کە ئیتر برینەکانمان بۆنی بەهاریان گرت

 

بمێنەوە:

کە گەڵای ماڵەکەمت داوە بە خەو

بندووقی بەهارم بە با و

ڕەنگی چاوەکانم بە ئاو

تفەنگێک کە ئێستا تفەنگ نییە و

گولـلەیەک کە لە چیرۆکەکاندا

بووە بە عەتیقە

لە بەرامبەر کۆترەکاندا

تینوویەتیی مەلانی هەیە

*

 

پەلە مەکە

کە هەور لەسەر ماڵەکەت داکات و

ئەڤین

لە لەتێک ناندا ون ببێت

 

هەرگیز ناتوانی

مرۆڤ بێنیتەوە ماڵ

مرۆڤ لە کەوتنی وشەکاندا

دەکەوێت و

 

کاتێکیش لە زەوی هەستێتەوە

وشگەلی پێنەگەیو

پێشکەشی ڕێبواران دەکات

 

مرۆڤ توانای

ئەڤینی نییە

لە ئەویندا دەشکێت و دەمرێت

*

 

ناونیشانی ماڵەکەی خۆمانمان ون کردووە

لوتفی وەنەوشە دەزانین

بەڵام چیتر وەنەوشەیش تەماشا ناکەین

 

ئێمە نازانین

لەوانەیە لە تەنیشت وەنەوشەوە

قەمەیەکیان بە خاک سپاردبێت

 

دەبێ بگرین

دەبێ خامۆش و تار

بڕوانینە کۆتایی حەفتە

لەوانەیە باران

ئێمە

من و تۆ

چەترەکەمان لە ڕۆژێکی بارانی

لە دوکانێکدا کە بۆ تەماشای

گوڵی پلاستیکی

ڕۆیشتبووین

ون کردبێت

 

 

 

 

ئەحمەدڕەزا ئەحمەدی، ٢٠ـی مەیی ١٩٤٠ لە کرمان-ئێران لە دایک بووە. ٧٩ ساڵیەتی. شاعیر و شانۆنووس و وێنەکێشە. شارەزای باشی شیعر کلاسیکی فارسی و نیمایییە، کە بووەتە دەستمایەی شیعرەکانی و بنیادنەری ڕەوتی شیعری نوێیە.


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە