دەرهێنەری فیلمی لالەنگی كۆچی دوای كرد

 دەرهێنەری ناوداری جۆرجی (زازا ئوروشادزێ) لە تەمەنی (54) ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوەکانى هەواڵ لە جۆرجیا هەواڵى کۆچى دوایى دەرهێنەر  و نوسەرى جۆرجیان بڵاوکردەوە، بەپێى سەرچاوەکانى هەواڵ زازا لە رۆژى 7/12/2019 لە شارى تبلیسى هەمان ئەو شارەى لێى لە دایکبووە و هەر لەو شارەش لە تەمەنى (54) ساڵى کۆچى دوایى کردووە.

‎زازا دەرهێنەرێکی بەئەزمونی سینەمایی وڵاتی جۆرجیا بوو، خاوەنی چەندین فیلمی سینەماییە، یەکێک لە بەناوبانگترین فیلمەکانی فیلمی سینەمایی (لالەنگی)یە کە لەرێگەیەوە ناوبانگی پێپەیداکرد، هەر ئەم فیلمە بوو بەهۆى ئەوەى  ببێتە کاندیدی خەڵاتەکانی ئۆسکار و گۆڵدن گلۆب بۆ باشترین فیلمی بیانی.

‎فیلمی (لالەنگی) فیلمێکە هەم دەربارەی جەنگ و هەم دەربارەی جەنگیش نییە. فیلمەکە باس لە جەنگی نێوان چیچانی و جۆرجییەکان دەکات بەڵام ئەوەی دەرهێنەر فۆکسی خستووەتە سەر رق و نەتەوە و دینە نەک شەڕکردنی دژی یەک و بەکارهێنانی چەک، چیچانییەک رقی لە هەموو نەتەوەکانی ترە، جۆرجییەک بە هەمان شێوە. ئەم جێگایەک بە خاکی خۆی دەزانێت و ئەویش بە خاکی خۆی. یەکیان ئیسلام و ئەوی تریان مەسیحی. ژیان بەم جۆرە بەردەوام دەبێت؟ فیلمەکە لە کۆتاییدا دەیەوێت تێڕوانینی ئێمە بگۆڕێت بۆ سنوورەکان، بۆ جەنگ و ناشرینی و خراپییەکانی مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤ. ‎

 زازا ئوروشادزێ لە چەند دێرێکدا:

- لە رۆژى 30/10/1965 لە شارى تبلیسى لە جۆرجیا لە دایکبووە.

- دەرهێنەر  و نوسەرى جۆرجى بووە.

- لە ساڵى 1988 بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە سینەما و شانۆ لە جۆرجیا بەدەستهێناوە.

- دەرهێنانى بۆ چەند فیلمێکى سینەمایى کردووە.

- لە ساڵى 1989 تاکو ساڵى 2019 بەشدارى لەکارى هونەریدا کردووە.

- لە رۆژى 7/12/2019 لە تەمەنى (54) ساڵى بە جەڵتەى دڵ لە شارى تبلیسى لە جۆرجیا کۆچی دوای کردووە.


ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو