Mastwra.JPG

مە‌ستورە‌ی ئە‌ر‌دە‌ڵان، ژنێک لە نێوان ئەدەب و سیاسەتدا

مە‌ستورە‌ی ئە‌ر‌دە‌ڵان، کە ناوى تەواوى (ماھ شە‌رە‌ف خانم حەسەن محەمەد) شاعیر و مێژونوسی کورد، لە ساڵى 1803 لە شارى سنە لە بنەماڵەی قادرییەکان لە دایکبووە، باوکی مەستورە لە‌ پیاوە‌ رە‌سە‌نە‌کانی شارى سنە‌ بووە‌ و هەوڵیداوە کچەکەى بخوێنێت هەر بە هاوکاری باوکىەوە شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی کوردی و فارسیدا په‌یدا کردووه‌.

لە تەمەنی 17ساڵیدا بە بێ خواستی خۆی ژیانی هاوسەری لەگەڵ خەسرەو خان کوڕی ئەمانوڵا خانی ئەردەڵان حاکمی شاری سنە و پێکهێناوە، بەهۆى ئەوەى شووى بە خەسرەو خان کردووە کە ئەردەلانى بووە، بۆیە ئەویش نازناوى ئەردەلانى بۆخۆى هەڵبژاردووە، هۆکارى شوکردنەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە‌ سەردەمى  خو‌سرە‌و خانی ئە‌ردە‌لان کە والیی سنە‌ بووە، خان و ماڵە‌ قادرییە‌کان لە‌ یە‌کتر رە‌نجاون و دواى ئاشتبونە‌وە‌ مە‌ستوورە‌ بۆتە‌ خێزانی خەسرە‌و خان، لەدواى مردنى هاوسەریشى بە نەخۆشى جگەر، حکومەتى ئەوکاتەى ئێران بڕیارى دەستگیرکردنى هەندێ لە میرەکانى ئەردەلانیدا، بۆیە مەستورەى ئەردەلانى لەگەڵ میرزا عەبدوڵڵاى مامى هاتۆتە سلێمانى و شارەزوور.

مەستورە، هەموو کاتەکانی خۆى بە خوێندی شیعر و نووسینی مێژوو بردۆتەسەر، شیعرى بە زمانى  کوردی و  بە‌ فارسی نووسیوە، زۆربە‌ی شیعرە‌کانی لە‌ ناو چوونە، تە‌نیا دوو هە‌زار بە‌یتێکی ماوە‌تە‌وە‌، لەگەڵ ئەوەشدا شیعرە کوردییە‌کانی زۆر کە‌م ماون.

لە رۆژى 9/12/1847 لە تەمەنى (44) ساڵى لەشارى سلێمانى کۆچى دوایى کردووە و لە گردى سەیوان بەخاکسپێردراوە، دوای تێپەڕبوونی (165) ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا، گڵکۆی مەستورەی ئەردەڵان لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی دەدۆزرێتەوەو لەلایەن مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکەوە نوێدەکرێتەوە.

لەدواى کۆچیشى چەند کارێکى هونەرى بۆ ئەنجامدراوە، بۆ نمونە پووران درەخشەندە، فیلمساز و دەرهێنەر و نووسەری سینەمای ئێرانى چەندین بەڵگە لەسەر ژیانى کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەى فیلمێکى سینەمایى لەسەر ژیانى ئەنجامبدات، هەروەها لە چەندین شارى کوردستان پەیکەرى بۆ دروستکراوە.

چەند بەرهەمێکى لەدواى خۆى جێهێشتووە، لەوانە، دیوانى مەستورەى کوردستانى، کە بە زمانی فارسی نوسیویەتى، نزیکەی 2000 بەیتی لەخۆگرتووە و تا ئێستا چەندین جار لەچاپدراوەتەوە، مێژووى ئەردەڵان، یەکەمینجار بە زمانی فارسی لەچاپدراوە، بڕوای مەستوورە، نامیلکەیەک لەبارەى بیروباوەڕى ئیسلامەوە، کۆمەڵەى ئەدیبان، کە باس لە ژیانى ئەدیبان و نوسەران دەکات.

لە ساڵى 2016 سەرچاوەکانى هەواڵى ئێران لە زارى مامۆستایەکی زانکۆی کوردستان، هەواڵی دۆزینەوەی پەرتووکێکی دەسنووسی (80) لاپەڕەیی ژنە شاعیری ناوازەی کورد، مەستوورەی ئەردەڵانـی لە کتێبخانەی شاری تەورێز ڕاگەیاند، کە بە شێوەی پەخشان نووسراوە و یەک مانگ دوای کۆچی دوایی مەستورە بڵاوبۆتەوە، دواى پێداچوونەوە و ساغکردنەوەی پەرتووکەکە، پێشکەش بە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە کراوە.

 بۆ خوێندنەوەى ژیانى مەستورەى ئەردەلانى و چەندین ئەدیب و هونەرمەند کلیک لێرە بکە.


ئەم بابەتە 300 جار خوێندراوەتەوە