Sharaf.jpg

شانۆيى شەرەف، لە دوەمین رۆژى فێستیڤاڵ نمایشدەکرێت

دواى ئەوەى ئەمڕۆ سێشەممە 10/12/2019 شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ دەستى بەنمایش و کارە هونەریەکانی دەکات، وا بڕیارە رۆژى چوارشەممە 11/12/2019 لە دووەمین رۆژى فێستیڤاڵ شانۆگەری شەرەف لە نوسینی (نیهاد جامی) و دەرهێنانى (محەمەد جەمیل) نمایشبکرێت.

سەبارەت بە شانۆى شەرەف، (محەمەد جەمیل) دەرهێنەرى شانۆکە بە سایتى گەلاوێژى راگەیاند، شانۆگەرى شەرەف لە نوسینی (نیهاد جامی) یەو (محەمەد جەمیل) دەرهێنانى بۆ کردووە و هەریەکە لە (رۆزانا فەرهاد، رۆژین عزیز و وەیلان قاسم) وەکو ئەکتەر بەشدارى شانۆکە دەکەن.

هەورەها وتى: "شانۆکە، بەرهەمی بەرێوەبەرایەتی شانۆی هەولێرە، باس لە خێزانێکی رۆژهەڵاتى دەکات، کە ژن چۆن بۆتە قوربانی عەقلیەتی پیاوسالاری و کوشتنی خەون و ئاواتەکانی، ئازاری جەستەیی و فیکری لەلایەن پیاوەوە ئەنجام دەدرێت.

لەبارەى شانۆکە، نیهاد جامى لە واڵى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک نوسیویەتى: "چوارشەممە لەهەولێر نووسینی پرۆژەیەکی شانۆییم دێتە بەرهەم، شانۆگەری شەرەف ئەو شانۆنامەیەی دوای نمایشکردنیشی هێشتا بیری لێ دەکەمەوە، ئومێدی سەرکەوتن بۆ شانۆکار حەمە جەمیل و هاورێکانی دەخوازم، کە نمایشێکی ئاست بالا بەرهەم بێنن".

شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ، ئەمڕۆ سێشەممە 10/12/2019 کاژێر (6)ى ئێوارە لە هۆڵى میدیا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆ  به‌ به‌شداری گرووپه‌ شانۆییه‌کانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆک، که‌رکووک، چه‌مچه‌ماڵ، ئه‌ڵمانیا، یابان، پۆڵه‌ندا، دانیمارک، مه‌غریب، ئوردن و میسر، شه‌شه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ ئه‌نجامدەدرێت.

جگە لە نمایشی شانۆیی، کە رۆژانه‌ سێ شانۆگه‌ری نمایش ده‌کرێن له‌ کاژێرەکانى (4، 6 و 8)ى ئێوارە، چەندین کۆڕ و سیمیناری هونەری و پانێڵ بەڕێوەدەچن، کە سەرجەم نمایشەکان دەچنە پێشبڕکێوە و لە دوای بریاری لیژنەی دادوەری خەڵات بەسەر بەرهەمە براوەکاندا دابەش دەکرێت.

وا بڕیارە فێستیڤاڵ (6) شەش رۆژ تاکو 16/12/2019 بەردەوام بێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵیدا (2) دوو بڵاوکراوەش بڵاوبکرێتەوە، کە یەکێکیان رۆژنامەیەکی رۆژانەیە و تایبەتە بە نمایشەکانی فێستیڤاڵ و ئەوەی دیکەیان گۆڤارێکە لەگەڵ سازدانی فێستیڤاڵدا بڵاودەکرێتەوە.


ئەم بابەتە 226 جار خوێندراوەتەوە