darwn.jpg

شارى ئەدەب ئاوێزانى شەوى یەڵدا دەبێت

بە بۆنەى ناساندنى شارى سلێمانى بەشارى داهێنەرى ئەدەب مەراسیمێکى شایستە بەڕێوەدەچێت.

وا بڕیارە رۆژى هەینى 20/12/2019 کاژێر (6)ى ئێوارە لە شەوى یەڵدادا لە هۆڵى تەلارى هونەر و لە شارى سلێمانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى بە بۆنەى ناساندنى شارى سلێمان وەک شارى داهێنەرى ئەدەب مەراسیمێکى شایستە ئەنجام بدات.

تریفە محەمەد ئەحمەد، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى و ئەندامى لێژنەى باڵا مەراسیمەکە بە سایتى گەلاوێژى راگەیاند وتى: "راستە کاتى مەراسیمەکەمان درەنگ کەوتوتە بۆ شارى سلێمانى کە لەلایەن رێکخراوى یونسکۆوە بە شارى ئەدەب دەستنیشان کراوە، بەڵام بۆ ئەمە هۆکارى تایبەتى خۆمان هەبوە، چونکە لەکاتى ناساندنى شارى سلێمانى و پێدانى ئەم نازناوە کۆمەڵێک چالاکى جۆراو جۆر لە شارى سلێمانى ئەنجامدرا و هەمووان بەگرنگیەوە لەم رۆژەیان روانى، بۆیە ئێمە پێمان باش بوو لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکى دیکە رۆژێکى دیکە دەستنیشان بکەین و ئامادەکارى زیاتریش ئەنجام بدەین، بۆیە شەوى یەڵدا درێژترین شەوى ساڵمان دیارى کرد بۆ ئەوەى ئەم چالاکییە ئەنجام بدەین و زۆرترین بابەت و بڕگە پێشکەشى مێوانەکان بکەین".

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، لەم مەراسیمەدا کۆمەڵێک رێکخراوو کەسایەتى و خورادنگەى شارى سلێمانى هاوکاریان بوونە و بۆ ئەم چالاکیەش چالاکى جۆراوجۆرى تایبەت بەخۆیان دەبێت.

سەبارەت بە کارنامەى مەراسیمەکەش وتى: "مەراسیمەکەمان تەنها ئاهەنگ و موزیک نابێت، بەڵکو کۆمەڵێک چالاکى دیکەى لە خۆگرتووە، جگە لە پێشکەشکردنى چەندین گۆرانى تایبەت بە شارى سلێمانى و گۆرانى سونەتى بۆ شەوى یەڵدا، فیلمێکى ئامادەکراو لەلایەن بەشى سینەماى سلێمانى بەریوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى نمایشدەکرێت کە باس لە هەنگاوەکانى پێشکەوتنى شارى سلێمانى دەکات تا بوونى بە شارى ئەدەب".

لە کۆتایشدا وتى: "هەر لەم شەوەدا رێکخستنى سفرەى شەوى یەڵدا بەڕێوەدەچێت، ئەمە جگە لەوەى چەندین شاعیرى گەوەرى شارى سلێمانى شیعرەکانى خۆیان پێشکەشى مێوانان دەکەن، تپیە میللەکانى شارى سلێمانیش چالاکى هونەرى خۆیان پێشکەش دەکەن، لە کۆتایشدا خەڵاتى بەڕێوەبەرێتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى پێشکەشى هەموو ئەو ناوەند و کەسایەتیانە دەکرێت، کە رۆڵیان هەبووە لەوەى شارى سلێمانى شان بەشانى شارى هەڵمەت و قوربانى و پایتەختى رۆشنبیرى ببێت بە شارى داهێنانى ئەدەبیش".


ئەم بابەتە 84 جار خوێندراوەتەوە