Sarkawt_Raswl.jpg

سەرکەوت رەسوڵ، دواى دابڕانێکى زۆر دەردەکەوێتەوە

دواى دابڕانى (9) ساڵ لە بڵاوکردنەوەى بەرهەمەکانى، جارێکى دیکە بە بڵاوکردنەوەى نوێترین کارى ئەدەبى هەوادارانى خۆى ئاشتدەکاتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سایتى گەلاوێژ سەرکەوت رەسوڵ شاعیرى کورد، سەبارەت بە بەرهەمە نوێکەى وتى: "لە دوای سەری ساڵ ئەلبومێکی نوێی شیعری بە ناوی (مازەراب) بڵاودەکەمەوە، کە لە ئێستادا کارەکانی ئەو ئەلبومە بەرەو کۆتایی چوونە و تەنها هەندێک کاری هونەریی کەمى ماوە".

سەبارەت بەم کارە نوێیەى زیاتر وردەکارى باس کرد، کە بەرهەمەکەى (10) لە شیعر پێکدێت کە بەشێک لە شیعرەکان نوێن و چەند شیعرێکى کۆنى لە خۆگرتووە، کارە هونەریەکانى لە چەند شارێک بۆ ئەنجامدراوە، کارى تۆمارکردنى لە شارى هەولێر بە شێوەیەکى هونەرى و پڕۆفێشناڵ بۆ کراوە، هەروەها لە شارى دیمەشقى پایتەختی سوریا بەرهەمەکان چاپکراون و بەرگى بەرهەمەکەش لە شاری تاران بەچاپ دەگەیەندرێت.

سەبارەت بە درەنگ کەوتنى ئەم بەرهەمە و دواى (9) نۆ ساڵ دورکەوتنەوە لەگەڵ هەوادارانى خۆى وتى: "لە چەند ساڵی رابردوودا بەرهەمم نەبووە، ئەمەش بێ هۆکار نەبووە، بەشێکى پێوەندى بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و بەشەکانى دیکەى کوردستان هەبووە، بەشێکى دیکەش گرنگى نەدان بە بوارى ئەدەب، کە بەداخەوە ئەدەب لە هەرێمى کوردستان پشتگوێ خراوە، ئەمە جگە لەوەى لە ئێستادا گوێگرى بەرهەمى ئەدەبى کەم بووە".

سەرکەوت رەسوڵ لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: سەرکەوت رەسوڵ ئەحمەد.

- پیشەى ئەدەبى: شاعیر.

- لە رۆژى 1/7/1970 لە شارى هەولێر لە دایکبووە.

- لە ساڵى 1994 بڕوانامەى دبلۆمى لە زمانى کوردى لە پەیمانگاى مەڵبەندى مامۆستایانى هەولێر بەدەستهێناوە.

- لە ساڵى 2007 بڕونامەى بەکالۆریۆسى لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدین بە دەستهێناوە.

- لە ساڵى 2007 کتێبى (فاتە شێت)ى بە چاپکراوى سى دى بڵاوکردۆتەوە.

- لە ساڵى 2007 کتێبى (یادنامە)ى بە چاپکراوى سى دى بڵاوکردۆتەوە.

- لە ساڵى 2010 کتێبى (پایزە یاد)ى بە چاپکراوى سى دى بڵاوکردۆتەوە.

- لە ساڵى 2011 سى دى عیرفان بڵاوکردۆتەوە کە چەندین شیعرى لە خۆگرتووە.

- زیاتر لە 170 شیعرى کراوەتە گۆرانى لە لایەن گۆرانیبێژان (زەکەریا عەبدوڵڵا و بڵند عەبدوڵڵا، زیاد ئەسعەد، سەباح نورى، دانا عەبدولجەبار، چۆپى فەتاح، بڵند ئیبراهیم، محەمەد عەزیز و چەندانى تر).

- پانزە (15) ئاوازى کراوە بە گۆرانى.

- لە زۆربەى راگەیاندنەکانى بینراو، بیستراو نوسراو کاریکردووە.


ئەم بابەتە 795 جار خوێندراوەتەوە