Ayshashan1.jpg

عایشە شان، لە پێناو هونەر دور لە زێدى خۆی سەرى نایەوە

لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆ 18/12/1996 عایشە شان، کە ناوى تەواوى عایشە محەمەد وەسمانە لە شاری ئیزمیر بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچى دوایى کردووە، هەرچەندە وەسێتی کردبوو، کە لەو شارەی لێی لە دایکبووە و لێى قەدەغەکراوە بنێژرێت، بەڵام وەسێتەکەی جێبەجێ ناکرێت و هەر لە ئیزمیر بەخاک دەسپێردرێت.

لە ساڵی 1938 لە شاری ئامادی باکوری کوردستان لە دایکبووە، بە ناوەکانی عایشە شان، عایشانی کوردان و شاژنی بێ تاج لەناو خەڵکدا ناسراوە و لە لە ئامەد، دیلۆک، ئیستەنبوڵ، بەغدا، ئیزمیر و ئەڵمانیا ژیاوە، لە تەمەنى مناڵیەوە خولیای هونەری گۆرانی دەبێ ‌‌و سەرەتا بەزمانی تورکی گۆرانی دەڵێت، لە ساڵى 1947 لە تەمەنی (9) نۆ ساڵییدا و دوای کۆچی دوایی باوکی ئاستەنگییەکان لەبەردەمیدا گەورە دەبن و کەسوکارەکەی هەوڵ دەدەن لە گۆرانیی وتن دووریبخەنەوە، بەڵام بەمە رازى نابێت بەردەوام دەبێت لەسەر هونەرەکەى، بۆ ئەمەش ناچارە روو بکاتە شاری دیلۆک و لەوێ لە ڕادیۆدا کاردەکات، ئەگەرچى  دەیەوێت بە گۆرانى زمانی کوردیی بڵێت، بەڵام ڕێگای پێنادرێت، هەربۆیە بە زمانی تورکیی گۆرانیی دەڵێت.

لە ساڵى 1953 تەمەنی پانزە ساڵیدا بەنهێنی یەکەم کاسێتی خۆی تۆمار ئەکات، لە ساڵی 1961 دەچێتە ئەستنبوڵ ‌و لەوێ‌ چالاکی هونەری زیاتری ئەبێ ‌‌و زۆرتر دەناسرێ ‌‌و بەزمانی کوردیش گۆرانی دەڵێت‌ و گۆرانی ئەز خەزاڵم تۆمار دەکات، بە بڵاوکردنەوەى ئەلبومێکی کوردیی- تورکیی لەلایەن تەواوی کوردانەوە دەناسرێت، بەڵام جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئاستەنگیی دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی بە کوردیی گۆرانیی وتووە، بۆیە جارێکی دیکە کۆچبەر دەبێت، ئەمجارە ڕوو لە ئەڵمانیا دەکات.

لە تەمەنێکی منداڵیی و بێ خواستی خۆی هاوسەرگیریی پێکراوە، لە غەریبییدا منداڵە یەک ساڵ و نیوەکەى گیان لەدەست دەدات، بۆ مەرگى منداڵەکەى رۆژانێکی سەخت و دژوار تێپەڕ دەکات، بە گۆرانیی (قەدەر) باس لە بارودۆخى ژیانى خۆى دەکات، جارێکى دیکە دەگەڕێتەوە ئیستەنبوڵ و لەوێ هاوسەرگیریی دەکاتەوە و سێ منداڵی دەبێت.

لە ساڵی 1972 دەچێتە دەرەوەی وڵات ‌و لە وڵاتی ئەڵمانیا دەگیرسێتەوە‌ و لەوێ ‌‌و لەوڵاتی دیکەی ئەوروپا چەند ئاهەنگێکی گۆرانی سازدەکات، لە ساڵى 1979 بەهۆى فشارەکان لەسەر زمانی کوردیی و ڕێگەنەدان پێى بە زمانى کوردى گۆرانى بڵێت، لەسەر داوای محەمەد عارف جزیری ‌و عیسا بەرواری سەردانی بەغدا دەکات ‌و لە ئیزگەی کوردی بەغدا بە زمانی کوردی گۆرانییەکانی بڵاودەکاتەوە.

بەهۆی هەڕەشەی برا و کەسوکارییەوە هەرگیز نەیتوانی بچێتەوە بۆ ئامەد زێدى لە دایکبوونى خۆى، ئەو کاتەی دایکی لە سەرەمەرگدا دەبێت، رێگای پێنادرێت سەردانى دایکى بکات، تەنانەت دواى مردنیشى رێگەى پێنادرێت سەردانى گۆڕەکەى بکات، بۆ مەرگى دایکى گۆرانی (دایکێ حەیران) دەڵێت.

لە ساڵى 1992 بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە لەچالاکی هونەری دەکەوێت‌، لە رۆژى 18/12/1996 لە شاری ئیزمیر بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچى دوایى کردووە، هەرچەندە وەسێتی کردبوو، کە لەو شارەی لێی لە دایکبووە و لێى قەدەغەکراوە بنێژرێت، بەڵام وەسێتەکەی جێبەجێ ناکرێت و هەر لە ئیزمیر بەخاک دەسپێردرێت.


ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە