Mamwzin.jpg

شەوى یەڵدا لە مەم و زین زیندوو رادەگیرێت

لە درێژەى کار وچالاکییەکانیاندا کتێبخەى مەم و زین لە شەوى یەڵدادا چەند چالاکیەکى ئەدەبى هونەرى پێشکەش دەکەن.

وا بڕیارە رۆژى هەینى 20/12/2019 کاژێر (7)ى شەو لە باڵەخانەى داون تاون لە شارى هەولێر کتێبخانەى مەم و زین چالاکیەکى ئەدەبى و هونەرى پێشکەش بکەن.

سەبارەت بەم چالاکییە، (یاران هیوا )سەرپەرشتیارى کتێبخانەى مەم و زین بە سایتى گەلاوێژى راگەیاند، بۆ کۆتایى ئەمساڵ و لە درێژترین شەوى ساڵدا بۆ هەوادارانى ئەدەب و هونەر و کەسایەتییەکانى شار لە شارى هەولێر مەراسیمى بەرز راگرتنى شەوى یەڵدا دەکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستە جگە لە پێشکەشکردنى چەندین گۆرانى لەلایەن هونەرمەندان و پێشکەش کردنى چەند پارچە موزێکێک، چەند شاعیرێکى کوردمان بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەى بەرهەمە نوێکانى خۆیانمان بۆ بخوێنەوە و گروپى موزیکى (ژێ)ش چەند چالاکییەى هونەرى پێشکەش دەکەن.

سەبارەت بە کارى داهاتووش وتى: "بۆ ساڵى ئایندە بەرنامەى وردمان داڕشتووە و وەکو ساڵانى رابردوو بەردەوام دەبین لە چالاکییە ئەدەبى و هونەرییەکانمان".

کتێبخانەى مەم و زین لە چەند دێرێکدا:

لە رۆژى 9/10/2018 بەمەبەستی گرینگیدان بە لایەنی ڕۆشەنبیری و نوسەران و خوێنەران و کتێب و چالاکی مەدەنی لە لایەن دووگەنجی شاری هەولێر لەسەر ئەرکی خۆیان دامەزراوە، تا ئێستا (4) چوار کتێبی چاپکردوە.

کتێبخانەکە بۆ زیاتر خزمەتکردنە بە زمان و کللتوری باشوورى کوردستان و بەشەکانی دیکەى کوردستان، لە پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ دەزگا و وەشانخانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کاردەکات، کتێب بە زمانی کوردى (کورمانجی و سۆرانی)، عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی و تورکی لە کتێبخانەی مەم و زین بۆ خوێنەران بەردەستە.

چالاکیەکانی مەم و زین لە ماوەی (15) پانزە مانگ (35) سی و پێنج چالاکی جۆراوجۆر بووە، لەگەڵ یادکردنەوەی بۆنەی کللتوری و نەتەوەیی.، کردنەوەی پێشانگای کتێب لە زانکۆکان، رەخساندنی هەلی کار بۆ خوێندکارانى زانکۆ و کردنەوەی خولی میوزیک.

لە ئێستادا ئێستا کتێبخانەی مەم و زین بە شێوازێکی نوێ و گۆڕەپانێکی فراوان لە شوێنی نوێی بەردەوام دەبێت، مەم و زین دەبێتە سەنتەری کتێبە جیهانیەکان بە زمانە جیاوازەکان، کۆکردنەوەی زمان و کللتوری کوردستانی گەورە بە زاراوە جیاوازەکان.


ئەم بابەتە 83 جار خوێندراوەتەوە