Xanaqin.jpg

خانەقین لەبەڵگەنامەکانی ئێراندا بڵاودەکرێتەوە

ناوەندی کوردستان لە زانکۆی سلێمانی لە زنجیرەی کتێبە چاپکراوەکانیدا، بەم زووانە کتێبی خانەقین لە بەڵگەنامەکانی ئێراندا بڵاودەکاتەوە.

وا بڕیارە بەم نزیکانە ناوەندی کوردستان لە زانکۆی سلێمانی کتێبى (خانەقین لەبەڵگەنامەکانی ئێراندا)، کە بەڵگەنامەکان لە لایەن (کاروان عوسمان خەیات) ئامادەکراوە و (جووتیار نەریمان) وەریگێڕاون بۆ کوردی بڵاوبکاتەوە، بەڵگەنامەکانى ناو کتێبەکە سەرجەمیان بە زمانی فارسین و مێژووەکەی بۆ کۆتایی دەوڵەتی قاجار و سەرەتای دەوڵەتی پەهلەویی یەکەم (1925 -1941) دەگەڕێتەوە.

بەشێکی زۆری ئەم بەڵگەنامانە تایبەتن بە شاری خانەقین و ئاڵۆگۆری بازرگانی نێوان ئێران و عێڕاق لە ڕێگەی ئەم شارە سنورییەی کوردستانەوە، بەشێکیتر لە بەڵگەنامەکان تایبەتن بە ئاڵوگۆڕی نامەی کونسوڵی ئێران لە خانەقین لەگەڵ تاران و وەڵامی کاربەدەستانی ئێران لەبارەیانەوە لەگەڵ بابەتە ئابووری، سیاسی و ئیداریییەکان پەیوەست بە خانەقین و شارەکانی تری رۆژهەڵاتى کوردستان وەک کرماشان، قەسری شیرین و سەرپێلی زەهاو.... . هتد.

ناوەندی کوردستان: ناوەندێکی بەڵگەنامەیی- دیکۆمێنتکردن و توێژینەوەی ئەکادیمی سەر بە زانکۆی سلێمانییە، کار دەکات لەبوارەکانی دیکۆمێنتکردن، دیکۆمێنتپارێزی، کۆکردنەوەی دیکۆمێنتی ناوخۆ و دەرەوە و ئەرشیفی رۆژنامەوانی کوردستان، دەستنوسەکانی کوردستان (کۆکردنەوە و پاراستن) لەگەڵ کۆکردنەوەی مێژوی زارەکی و ئەنجامدانی توێژینەوە لەم بوارانەو کۆمەڵێک چالاکیتری زانستیی.

ئەم ناوەدە پێشتر هەزاران لاپەڕە بەڵگەنامەی تایبەت بەمێژوی نوێی کورد لە ئەرشیفی نیشتمانی عێراق و ئەرشیفەکانی عوسمانی و ئێرانی گەڕاندوەتەوە بۆ ئەرشیفی خۆی بەمەبەستی پێڕستکردن و هەڵگرتن و ئامادەکردنیان بۆ بەردەستی توێژەران.


ئەم بابەتە 51 جار خوێندراوەتەوە