Mojgan-Kavoosi_.jpg

موژگان کاووسی، حوکمی 69 مانگ به‌ندکرانی به‌ سه‌ردا سه‌پێنرا

موژگان کاووسی شاعیر و نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر و وەرگێڕى  کوردی، لەلایەن ده‌زگای دادوه‌ریی حکوومه‌تی ئێرانه‌وه‌ حوکمی به‌ندکرانی به‌ سه‌ردا سه‌پێندرا.

سەرچاوە هەواڵیەکانى ئێران بڵاویان کردەوە کە موژگان کاووسی شاعیر و نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر و وەرگێڕى  کوردی، حوکمی 69 مانگ به‌ندکرانی به‌ سه‌ردا سه‌پێنراوە، هەروەها سایتى هەنگاو کە لەلایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو بەڕێوەدەبڕیت هەواڵەکەى پشت راست کردۆتەوە و رایگه‌یاند: موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری  کوردی خەڵکی شاری کەلاردەشت لە باکووری ئێران، لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەکە رۆژی پێنجشەممە 19/12/2019، موژگان کاووسی، لەلایەن دادگای بەرایی شاری نەوشەهەر لە باکووری ئێران بە (3) سێ تۆمەتی جیاواز سەرجەم حوکمی (69) مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپێنراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کاووسی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە سایتەکەى ڕاگەیاندووە کە، موژگان کاووسی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە (33) مانگ بەندکران، بە تۆمەتی  (هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی) بە (30) مانگ بەندکران و بە تۆمەتی (پڕوپاگەندە دژ بە نیزام) حوکمی (6) مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٣ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، موژگان تەنیا بە تۆمەتی نووسینی پۆستێکی ئیستاگرامی کە نووسیبووی (بێ دەنگی خیانەتە) و لەگەڵ وێنەی گیانبەختکردوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی ڕابردووی مەریوان و جوانڕۆ بڵاوی کردبوویەوە، حوکمی (33) مانگ بەنکرانی بە سەردا سەپاوە.

موژگان کاووسی لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە و (20) ڕۆژ مۆڵەتی پێدراوە کە تانە لەو بڕیارە بدات. ناوبراو هەر ئەو ڕۆژە و دوای دانیشتنی دادگا بە دانانی بارمتەی (100) میلیۆن تمەنى بەشێوەى کاتى ئازاد کراوە.

ئەو نووسەرە کوردە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین وتاری لەسەر زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە کورتە  فیلمێکی بەڵگەیی بە ناوی (هیوا) بەرهەمهێناوە. ناوەڕۆکی ئەو فیلمە باس لە سەر مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی لە نێو کوردەکانی کەلاردەشت  لەپارێزگای مازندەرانی باکووری ئێران دەکا.

موژگان کاووسی لەمساڵدا کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیموور، لە نووسینى عارف قوربانی بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێراوە.


ئەم بابەتە 36 جار خوێندراوەتەوە