5d175b37b48ca35abd863c38ba4bcff7.jpg

دۆستۆیڤسکی ئەدیبێکی دەروونناس

ئا: لالە مدحت

 

فیۆدۆر میخائیلۆڤیج دۆستۆیڤسکی ڕۆماننووسی بەنێوبانگی ڕووسی، لە 11ی تشرینی دووەمی ساڵی 1821 لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا هاتۆتە بوون، سەر بە خێزانێکی ڕیزی خوارەوەی چینی ناوەڕاستی مۆسکۆ بووە، باوکی سەربازێکی پلەبەرزی خانەنشین بووە، کە وەکو پزیشکێکی سوپا لە نەخۆشخانەی مارینسکی یارمەتی هەژارانی ئەدا، کە دواتر بە دەستی سەپانەکانیخۆی لە پارچە زەویەکی بچوکی دەرەوەی شاردا کوژرا، دایکی ژنێکی خوێندەوار و لە خێزانێکی بازرگان بووە بە ناوی ماریا ڤیدۆرڤنا دۆستۆیڤسکایا، کە لە ساڵی 1838دا کۆچی دوایی دەکات کە ئەوکات فیۆدۆر تەنها حەڤدە ساڵ دەبێت، هەر لەو تەمەنەیدا فیۆدۆر دەچێتە خوێندنگەی ئەندازیاریی سەربازی و پێنج ساڵ لەوێ دەبێت، تا ساڵی 1843که کۆتای بە مەشقی پیشەیی خۆی دێنێ، هەرچەندە ئەم پیشەیە دڵخوازی خۆی نییە، بەڵام بە ناچاری ساڵێک لەو بوارەدا کار دەکات، هەربۆیە دواتر بڕیار دەدات کەببێتە نووسەر.

 

لە ساڵی 1845پاش وازهێنانی یەکەم ڕۆمانی بە ناوی [هەژاران] دەنووسێت، دواتر ژمارەیەک چیرۆکی درێژ بڵاو دەکاتەوە کە دیارترینیان [شەوە ڕۆشنەکان] بوو.

لە ساڵی 1849لەبەر بەشداریکردنی لە گروپێکی ئەدەبی دژ بە ئیمپڕاتۆری ئەوکاتی ڕووسیا و هاوکات دژ بە مەسیح دەستگیر کرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەڵام لە ساتەکانی کۆتایی پاش ئەوەی بە چاوی خۆی مردنی هەندێ هاوڕێی خۆی دەبینێ سزاکەی ڕادەگیرێ و ئەم سزادانەی دادەبەزێ بۆ چوارساڵ زیندانیکردن بە کاری سەخت و تاقەتپڕوکێن لە گرتوخانەیەک لە ئومسکی سیبریا و چوار ساڵی تر سەربازی لە سوپادا، هەڵبەتە زیندان بەو هەموو خاڵە سلبییانەی لەسەر کەسایەتی مرۆڤ کە درووستی دەکات، بۆ کەسێکی وەکو فیۆدۆر تەواو پێچەوانە بوو، گرنگترین خاڵێک کە گەورەترین وەچەرخان بوو لە ژیانی ئەم کەڵە نووسەرەدا لایەنی دینی بوو، کە پێش زیندانی گەنجێکی ڕادیکاڵی بێئیمان بوو، بەڵام لە زیندان بوونی کتێب ڕێگا پێنەدراو بوو جگە لە ئینجیل کتێبێک بوونی نەبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە خوو بداتە ئینجیل، ئەم ئینجیلە لە توبۆسک کە بەڕێوە بوو بۆ زیندان بە دیارییان دابووە فیۆدۆر لە لایەن ژنانی دیسامبەرییەکانەوە، هەربۆیە لە نامەیەکیدا بۆ ژنێکی دۆستی دەنێرێ و تێیدا دەنووسێ (باوەڕ بەمەی کە شتێک جوانتر و قوڵتر و هاوسۆزانەتر و ماقوڵتر و بەرکەماڵتر لە مەسیح بوونی نیە نەک هەر شتێکی وەها بوونی نیە بەڵکو بە ئەشقێکی پڕ حەسرەتیشەوە بە خۆم دەڵێم چەشنە شتێک ناشتوانێت بوونی هەبێت، لەمەش بترازێ ئەگەر کەسێک بۆمی بسەلمێنێت کە مەسیح هەقیقەتی نەبێت، ئیدی ئەوکات من مانەوەم لەگەڵ مەسیح بە مانەوەم لەگەڵ هەقیقەت بەلاوە باشترە).

 

هەروەها لە نامەیەکیدا بۆ برازاکەی ئەنووسێت (لە دنیادا تەنها یەک ئینسانی بەڕاستی جوان بوونی هەیە ئەویش مەسیحە)، کە ئەمانە و ژیانی دواتری بەڵگەی ئەم گۆڕانەن کە لەم نووسەرەدا ڕووی دا. هەر لە زینداندا فیۆدۆر توانی گوێبیستی چەندەها بەسەرهاتی نێو زیندان بێت و لە دواتردا بتوانێ سوودی لێوەرگرێت و بەکاری بەرێت لە ڕۆمانەکانیدا، لە 23ی کانوونی دووەمی ساڵی 1854دا، دوای دەرچوونی لە زیندان فەرمانیان پێدا کە بچێت بۆ سیمیپالاتیبسک، کە شارۆچکەیەکی سەربازی بوو، لەوێ دەبوو چوار ساڵ خزمەتی سەربازی هەبێ، ئەوەی جێی تێڕامان بوو، بێ گلەیی لە نامەیەکیدا بۆ براکەی دەنووسێ (هیچ گلەیی و گازندەیەکم نیە، ئەمە خاچەکەی منە و منیش شایەنی ئەم خاچەم). لە ساڵی 1857هاسەرگیری لەگەڵ بێوەژنێک دەکات بە ناوی ماریا ئیسایڤا کە خاوەنی کوڕێکە بە ناوی پاڤێڵ، کە پاش مردنی ماریا پاڤێڵ ئەبێتە کۆڵەوەسەی فیۆدۆر و تا مردنی خەرجی دەکێشێ، لە ساڵی 1859پاش زیندان و سەربازی ئەگەڕێتەوە بۆ پترسبۆرگ زێدی خۆشەویستی خۆی.

 

دۆستۆیڤسکی نازناوی (پڕۆلیتاریای ڕۆشنبیر)

(کرێکاری ڕۆشنبیر) ئەکاتە نازناوی خۆی، نووسینەکانی پێک هاتوون لە ڕۆمان، چیرۆکی درێژ، کورتە چیرۆک، مۆدێرنیزم، بوونگەرایی، قوتابخانەی جیاوازی سایکۆلۆجی، ئایینزانی و ڕەخنەی ئەدەبی... هەڵبەتە زۆرێک لە بیرمەندان وەک دەروونناسێکی مێژوویی وەسفی دەکەن، بەڵام خودی نووسەر لە دەفتەری یاداشتەکانیدا دەنووسێ (من بە دەروونناس ناونووس دەکەن، بەڵام ئەمە ڕاست نیە من تەنیا ڕیاڵیستێکم بەواتای بەرزتری وشە، واتە هەموو شتە شاراوەکانی نێو ڕۆحی مرۆڤ وێنە دەکەم)، پاشان لە ساڵی 1861ڕۆمانی (خانەی مردووان)ی دەنووسێت، هەر لە هەمان ساڵدا (ئازاردراوان) دەنووسێت کە لە گۆڤاری (زەمەن)دا بڵاودەکرێتەوە، لە ساڵی 1862دوای هێنانەدی خەونی دێرینی خۆی و گەشتکردن بۆ ئەوروپا کە هەفتا ڕۆژ ئەخایەنێ، لە پایزی 1863دەگەڕێتەوە و لە گۆڤاری زەمەندا (یاداشتە زستانەییەکان لەمەڕ مەڕاقە هاوینەییەکان) بڵاودەکاتەوە، پاشان ساڵی 1864 ڕۆمانی (یادەوەریەکانی ژێرزەوی) ئەنووسێت، ساڵی 1864بۆ 1865بۆ فیدۆر ڕۆژانێکی سەخت ئەبن، ماریای هاوسەری کۆچی دوایی دەکات، میخایلی برای کە بڕبڕەی پشتی گۆڤاری (سەردەم) بوو دەمرێت، بەم جۆرە هەرچی قەرزێک کە لەسەر شانی براکەی و گۆڤارەکەیە ئەچێتە سەر شانی فیۆدۆر، هەڵبەت ئەوەش شاراوە نیە کە فیۆدۆر کەسێکی سادە و خۆشباوەڕ بوو، هەربۆیە لە لایەن زۆرێک پارەی لێبراوە بەناوی قەرزی گۆڤارەوە کە دوور و نزیک پەیوەندیان بە گۆڤارەکەوە نەبووە، بە هۆی ئەم قەرزە زۆرەوە پێویستی بەوە دەبێت کەسێک خێرا ڕۆمانەکانی بۆ بنووسێ تا بیداتە گۆڤاری مژدەبەری ڕووسی بۆ ئەوەی بڕەپارەیەکی پێشوەختە وەدەستخات هەر بۆیە پێویستی بە ئیختیزالچی (خێرانووس) دەبێت کە لە لایەن هاوڕێیەکیەوە کچێک ئەدۆزێتەوە کە خوێندکاری ئەو بەشەیە، بە ناوی [ئانا سنیتکینا] کچێکی تەمەن بیست ساڵ خوێندکاری زانکۆ کە یەکەم کاری ڕۆمانی (قومارچی)دەبێت لەگەڵی، بەوجۆرە لە کاتی دیاریکراودا بە هۆی ئەم خێرانووسەوە ڕۆمانەکە تەواو دەکات، لەم سەروبەندی کارەدا هۆگریەک دروست ئەبێت، ئەگەرچی فیۆدۆر تەمەنی چل و چوار ساڵ دەبێت و ئانا گریگۆریڤنا تەمەنی تەنها بیست ساڵێک دەبێ.

 

فیۆدۆر لەپای ئەو هەموو قەرزەی کە هەیبوو و بەخێوکردنی خێزانی برا کۆچکردووەکەی و کۆڵەوەسەکەی، دوو نەخۆشی لەگەڵا بوو، کە یەکیان فێ بوو (پەرکەم)ودووەمیان کە بووە هۆی کوشتنی نەخۆشی ئەمفیزیما(ئاوسانی سیپەلاک)بوو وە لە هەمووی سلبیتر قوماری ڕۆلێت بوو کە بۆ فیۆدۆر خولیایەک بوو تێکەڵ بە ڕۆحی، بەڵام ئەمانە هیچی نەبوونە ڕێگر لەبەردەم هاوسەرگیریاندا، کە لە ساڵی 1867و دوای نزیکی دوو ساڵ لە مردنی هاوسەری پێشووی هاسەرگیری لەگەڵ ئانا گریگۆریڤنادا دەکات، لە ساڵی 1866بۆ 1869دوو ڕۆمانی گرنگ ئەنووسێت بە ناونیشانی (تاوان و سزا) و (گەمژە)، وە (جادوولێکراوان) کە لە 1869دا ئەینووسێت، لەو دەمەدا سەفەری ئەوروپا دێتە پێشێ کە باسی سەفەری بۆ خزمەکانی باس دەکا بە نوکتەی وەرەگرن، هەنگێ دەزانن کە جدیە داوای بڕە پارەیەک ئەکەن کە فیۆدۆر لەو دەمەدا ئەوەی هەیەتی بەشی سەفەر ناکا، بۆیە هاوسەرەکەی هەرچی موڵکی میراتی هەیە ئەیانفرۆشێت، پاش گازندەکردنێکی زۆر فیۆدۆر بەم گەشتە ڕازی دەبێت، کە چوار ساڵ درێژە دەکێشێت، هەڵبەتە ئەم چەند ساڵەی ئەبێتە دڵخوازترین ساڵەکانی تەمەنی، هەنگێ لەم ماوەدا ئەبنە خاوەنی کچێک کە فیۆدۆر زۆر پەرۆشی دەبێت بەجۆرێ مامانی یەکەم کیژیان دەڵێت: بە درێژایی کاری مامانیم، هێشتا هیچ باوکێکم نەدیتووە کە بە درێژایی ژان و ژاری خێزانەکەی ئەمەندە بە پەرۆش و نیگەران بێت، ئەم کیژە ناو دەنێن سۆنیا کە نۆبەرەیان دەبێت،  دواتر ئەم کیژەیان لەدەست ئەدەن، کە ئەمەش ئەوەندە کاریگەری بەسووێی دەبێت لەسەریان کە ژنێف بەجێبهێڵن بە هۆی یادگاری کیژە نۆبەرەکەیان و دواتر کچ و کوڕێکیان بۆ دەمێنێتەوە بە ناوی لیلیا و فیدیا، وە دوای سۆنیای کچی منداڵێکی تریان ئەمرێت.

 

لە ساڵی 1870 ڕۆمانی (جادوولێکراوان) و کورتە ڕۆمانی (شووی هەتاهەتایی) نووسی، لە ژیانیدا گرنگی بە بەرهەمی زۆر نووسەر دەدا، بە تایبەت گۆگۆڵ و پوشکین و چەندانی تر بەتایبەت ڕۆماننووسی بەنێوبانگ گۆنچارۆف کە بە ئەقڵێکی گەورەی دەزانی و سوودی لە بەرهەمی زۆرێک نووسەر وەرگرتووە، بەنموونە باوە گۆریۆی بەلزاک، وە پشکنیاری گۆگۆڵ کە زۆرێک لە نووسەران هاوڕان لەوەی کە چیرۆکی (خەونی مامە گیان) لێکچووی ئەو بەرهەمەیە، کە یەکێکە لە باشترین داڕشتەکانی فیۆدۆر، وە نیکراسۆفی ڕەخنەگر کە هاوڕێیەکی نزیکی فیۆدۆر بوو، کە مردنی خەمێکی قووڵی لەسەر ژیانی چێ کردووە، لە ساڵی ۱٨۷۱ ڕۆمانی (ئەهریمەنان) دەرچوو، هەڵبەتە لەم ماوەدا فێی فیۆدۆر بەردەوام بوو کە هەندێ جار بۆ هەر فێیەک یەک هەفتەی ئەبرد تا بارودۆخی ئاسایی بێتەوە، هەڵبەتە کاریگەری زۆری هەبوو بەسەر یادگەیەوە، بەجۆرێ زۆر جاران ناو و کەسایەتیی هاوڕێکانی لە یاد دەکرد کە ئەمەش گەورەترین ڕەخنە بوو کە ڕوبەڕووی دەبۆوە و بەوە تۆمەتباریان دەکرد کە لەخۆبایی و لوتبەرزە.

 

لە ساڵی 1873 (یادگارییەکانی نووسەرێک)ی نووسی، هەر لە هەمان ساڵدا بووە سەرنووسەری هەفتەنامەی هاووڵاتی، بەڵام لە نیسانی ساڵی 1874 واز دێنێ بە هۆی بەرگەنەگرتنی هەڵوێستی کۆنەپەرستانەی ڕەق و سفتوسۆڵی ئەم هەفتەنامەیە، هەڵبەتە بەرهەمی زۆری هەیە لەوێ، لەوانە (بۆبۆک، دەبەنگ، بەڕاستی جوان، ماریای جوتێر، ڤیلاس، دەلال، درەختی پیرۆزی کریسمس، خەونی زەلامی گاڵتەجاڕ، چاخی زێڕین..) وە ڕۆمانی (گەنجی کاڵفام) کە دەڵێ لە گەنجی کاڵفامدا چوار ڕۆمانی سەربەخۆ بوونی هەیە.

 

هەڵبەتە ڕۆمانی نەنووسراوی زۆر هەبوو، یەک لەوانە (ئیلحاد) بوو کە نێوی دەنێت (ژیانی تاوانباری گەورە)، کە لە نامەیەکیدا بۆ براکەی ئەنووسێت ئەم ڕۆمانە هەموو هیوای من و تەمای منە لە ژیانی خۆم، لە کانوونی دووەمی ساڵی 1879کۆتا بەرهەمی بە ناونیشانی (برایانی کارامازۆف) لە تەتەری ڕووسیدا تا دوا فەسڵی لە تشرینی دووەمی 1880کە بە درێژترین ڕۆمان دادەنرێت بڵاودەکاتەوە.

 

زۆر ڕۆماننووسی بەنێوبانگ ستایشی شاکارەکانی ئەم کەڵە نووسەرەیان کردووە، یەک لەوانە لیڤ نیکۆڵایڤج تۆڵستۆی کە ئەوکاتیش بەهۆی نەخۆشیی هەوی جگەر دەیناڵاند، لە یەکەمین و دوایەمین دیداریدا لەگەڵ ئانا دەڵێت هەمیشە داغداری ئەوەم کە هەرگیز مێردەکەتم نەبینی، هەروەها بیرەوەریەکانی ماڵی مردووان یەکێک بوو لەو بەرهەمانەی فیۆدۆر کە تۆڵستۆی هەمیشە وەک باشترین بەرهەمی فیۆدۆر داناوە، وە ئەلبێرت ئەنیشتاین بە نووسەرێکی ئاینی مەزن وەسفی دەکات، نیچەش بە تاکە دروونناس ناوی دەبات و بە سامانێکی گەورەی ژیانی خۆی لە قەڵەمی دەدات، هەر لە ساڵی 1879موڵکێکی بۆ دەمێنێتەوە وەک میراتی لە لایەن ئەلیکسەندرا فیۆدۆرۆڤنا کومانینا کە دەکاتە پووری دۆستۆیڤسکی، لە 9ی شوباتی 1881لە سانپترسبۆرگ و بە ئامادەبوونی زیاتر لە چوارهەزار هاووڵاتی لە گۆڕستانی تیخفینسکی لە نزیک ئارامگای کارامازین و چۆکۆڤسکیەوە بەخاک سپێردرا.. خانوەکەی کرایە مۆزەخانە و لە ڕووسیا و ئەڵمانیا پەیکەری بۆ درووست کرا، ڕۆمانەکانی بوونە پڕخوێنەرترین کتێب کە هاوسەرەکەی ئەرکی فرۆشتنی گرتە ئەستۆ، تا ئێستاش گرنگی بە ڕۆمانەکانی ئەدرێت و وەک وەچەرخانێکی مێژووی تەماشای دەکرێت، لە بەرهەمەکانیەوە کۆمەڵێک گوتەی زێڕین هاتوونەتە بوون کە تا ئێستاش گرنگیی زۆریان پێدەدرێت لەوانە (تەنھا شتێک لەم دوونیایە کە بێتاقەتم دەکات ئەوەیە شایستەی ئەو ھەموو ئازارە نەبووم کە کێشام ...)، (تەسەوڕ ئەکەم باشترین پێناسەیەک بۆ ئینسان بکرێت ئەوەیە کە: ئینسان مەوجودێکە عادەت بە هەموو شتێک ئەکات)، (هەندێک جار پیاو غەم و پەژارەکانی خۆی دەخواتەوە و پێی سەرخۆش دەبێت.)

 

 

 

 


ئەم بابەتە 299 جار خوێندراوەتەوە