Edris_ali.jpg

ئیدریس عەلى، چوار کتێبى نوێ بڵاودەکاتەوە

شاعیر و نوسەرى کورد (ئیدریس عەلى)، لە ساڵى نوێ و لە ناوەڕاستى مانگى یەکدا چەند کتێبێکى نوێ خۆى  بڵاودەکاتەوە.

وا بڕیارە لە ساڵى نوێ و لە ناوەڕاستى مانگى یەکدا، شاعیر و نوسەرى کورد (ئیدریس عەلى) چوار کتێبى خۆى بەناوەکانى (سەدەفى ئارامى، بەڕێى پوچیدا، شوفێرى چیرۆکەکان و مردووەکان ئازادن) بڵاوبکاتەوە، سەبارەت بەم بەرهەمە تازانەى تایبەت بە سایتى گەلاوێژ وتى: "نزیکەى (10) دە ساڵ دەبێت خەریکى نوسینى ئەم چوار کتێبە تازەیەم، کە هەریەکەیان سەر بە ژانرێکى ئەدەبین و ئێستاکە لە چاپخانە بەشێکى زۆر کارەکانیان تەواو بووە".

سەبارەت بە کاتى بڵاوکردنەوەى کتێبەکانیش ئاماژەى بۆ ئەوە کرد لە ساڵى نوێ و لە ناوەڕاستى مانگى (1) یەکدا هەر چوار کتێبەکە یان لە بۆکسێکدا لە مەراسیمێکى تایبەتدا بڵاودەکەمەوە.

لە کۆتایشدا وتى: "سەرجەم کتێبەکان لەسەر ئەرکى خۆم بەچاپم گەیاندوون و نرخى هەر چواریان زۆر هەرزانە، رەچاوى بارودۆخى دارایى هاووڵاتیانم کردووە، هەموان دەتوانن بە (6) شەش هەزار دینار ببنە خاوەنى بۆکسێکى کتیێب".

ئیدریس عەلى لە چەند دێرێکدا:

- ناوى تەواوى: ئیدریس عەلى عەبدولقادر

- لە رۆژى 1/3/1974 لە شارى هەڵەبجە لە دایکبووە.

- خوێندنى سەرەتایى لە شارى هەڵەبجە تەواوکردووە.

- لە ساڵى 1988 بەهۆى کیمیابارانکردنى شارى هەڵەبجە لە خوێندن دابڕاوە.

- لە ساڵى 1990 لە خوێندن وەرنەگیراوەتەوە و کراوە بە سەرباز و ڕەوانەى کوێت کراوە.

- لە دواى راپەڕینى 1991 گەڕاوەتەوە شارى هەڵەبجە و دەستى بەکارى هونەرى کردووە و لەگەڵ گروپى شانۆى شارەکە رۆڵى سەرەکى لە چەند شانۆیەکدا بینیووە.

- لە سەرەتاى ساڵى 2000 دەستەى نوسەران و بەڕێوەبەرى نووسین بووە لە رۆژنامەى ئاڵاى ئازادى و گۆڤارى سەردەم و گۆڤارى گەلاوێژى نوێ.

- لە ساڵى 2000 یەکەم کتێبى خۆى بەناوى (یاساى باخچەکەى ئێمە) کە دیوانە شیعر بووە بەچاپ گەیاندووە.

- تاکو ئێستاکە (8) هەشت کتێبى چاپکراوى هەیە.

- لە ئێستادا (4) چوار کتێبى تازەى لە چاپخانەیە، بەمەش دەبێتە خاوەنى (12) کتێب.

- زیاتر لە بوارەکانى (شیعر، رۆمان، گێڕانەوەى ئەدەبى، تەوەرى ڕەخنەیى و لێکۆڵینەوە) دەنوسێت.


ئەم بابەتە 42 جار خوێندراوەتەوە