ASo_omar.jpg

من ماوم

دواى کۆچى دوایى هونەرمەندى کورد (ئاسۆ عومەر سوارە) جێگرى سەرۆکى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ، هاوڕێ و هاوپیشەکانى روداو و بەسەرهاتە خۆش و ناخۆشەکان لەگەڵیدا دەگێڕنەوە، ئێمە وێراى دەستخۆشى لێیان هەوڵدەدەین بەشێکى روداو بەسەرهاتەکانى هاوڕێ و هاوکارمان کاکە ئاسۆ بۆ ئێوە بڵاوبکەینەوە، بۆ ئەوەى یادەوەرییەکانى بۆ هەتا هەتایە بە زیندوویى بمێنێتەوە.

لە واڵى مەجید ساڵح هاوڕێى کاکە ئاسۆ وەکو خۆى وەرگیراوە:

وەک زۆربەی هەینییەکان تر، لە کتیبخانە بچکۆلەکەی کاک خالید لە چاخانە شەعب دانشتبوین، کاک ئاسۆ باسی پرۆژە هونەریەکەی خۆی دەکرد.. لە ناکاو مامۆستا رەئوف بێگەرد خۆی کرد بە ژووراو و هەموو لەبەرپێی هەستاین... مەسەلەکە گۆڕا بۆ ئەدەبی نامەنوسین.. هەریەکەو لای خۆیەوە باسی یادگاری خۆی لەگەڵ نامەکانیا دەکرد.. ئاسۆ وتی کورترین نامە من نوسیومە!!

پاشان وتی: دوای داگیرکردنی کویت بە عەسکەری برام بۆ کویت و چەندین مانگ ماڵەوە ئاگایان لە مان و نەمانم نەمابوو.. کە سوپای عیراق توشی شکست هات ئەوەلای ماڵەوە یەقین دروست ببوو کە من کوژراوم.. رۆژێک بە رێکەوت کابرایەکی بەتەمەنی خەڵکی سلێمانیم بینی کە بە زۆر هینرابوو و دەگەڕایەوە بۆ سلێمانی، نامەیەکم پیدا ناردەوە بۆ باوکم نوسیم (من ماوم)...

کە کابرا نامەکەی دابوو بە ماڵ و دڵنیا بوونەوە لەوەی دەستوخەتی منە، شایی و خۆشی دەستی پێ کردبوو...

خۆزگە هاوڕێێ ئازیز ئەم جارەش نامەیەک لە تۆوە دەگەیشت بە هاوڕێکانت و دەتنوسی (من ماوم)...


ئەم بابەتە 53 جار خوێندراوەتەوە