Syamand_Aso.jpg

دوا سڵاوی سیامەند ھادی بۆ مەرگی ئاسۆی عومەر سوارە!

چیا لەتیف

تۆ دەزانی من بڕوام بە (قەدەر) نيیە!
گەر وابوایە دەبومە نوشتەنوس و
ملم لە ژێر کتێبەکاندا نەدەشکا!
بۆچی دەتەوێ من بەریتەوە بۆ ناو
ئەشکەوت؟!

***

تۆ دەزانی من بڕوام بە ھەڵکەوت نییە!
گەروابوایە دەبومە بازرگان و
لەباتی ناسینی مارکیزو بۆرخیس و چیخۆف/ سکەی زێڕو بۆنی پارەم دەناسی!
بۆ ئەتەوێ خەفەتم بدەیتێ و دەستم بخیتەسەر دڵێک کە مەرگت شکاندویەتی؟!
***
تۆئەزانی من تاقەیەکی وام ھەیە
کتێبخامەیەک لە الف تا کۆتا بخوێنمەوە
بەڵام بەرگەی ئەوەناگرم مردن بەو بچوکییە بتوانێ کێوێکی وەک تۆ بەرەو گۆڕستان ڕاکێشێت؟!
نەکا ئەمە لەدراما نوێیەکەتدایە؟!

^^^

تۆئەزانی
وشەیەک نەبو بریندارم کات!
دێڕێک نەبو سەرم بشکێنێ!
شعرێک نەبوو فرمێسکی چاوم بدزێ!
دەقێک نەبوو دڵم سوڕبدات!
کتێبێک نەبوو مێشکم ختوکەبدات!
شانۆیەک نەبوو خەندەم دابخات!
ڕۆمانێک نەبوو تینوم کات!
بەڵام ھاوڕێ گیان مەرگت ھەمو ئەمانەی بەمن کرد کە گەورەنوسەرەکانی دونیا نەیانتوانی پێمی بکەن!

^^^

تۆ ئەزانی
یادەوەریت
وەک نورێک وایەو ناکوژێتەوە لام
دلسۆزیت وەک چامەکەی نالی یە بۆ سالم و ھەرگیز لە زەینمدا پاکنابێتەوە!
جوانیەکانی تۆ وەک سحری مونالیزایە و تا سەرنجی بدەم نھێنی نوێ و تازەی لێئەدۆزمەوە!
نوکتەکانت وەک نوقڵی ترش وشیرینی خاڵەڕەجەب وایە بۆناو برینەکانی دەمار ئارامبەخشن..

^^^

تۆ ئەزانی
ئیتر
متمانەم بەکەس نیە بۆ جێگاکەی تۆ
ھیچ دەستێک بەپاک نازانم کە خیانەت نەکات!
ھیچ سلاوێک بەھی مرۆڤ نازانم دوای تۆ!
ھیچ چرایەک بەڕوناک نابینم کە لە ماڵەکەی تۆ وە نەیەت!
ھیچ زمانێک بەیەک نازانم کە لە زاری تۆدانەبێت!
دوای تۆ کەلاوەیەکت بۆمن جێھێشتوە
کەھیچ ڕاستی ناکاتەوەلام!
کتێبخامەکەم بسوتایە دەمکڕیەوە
بەلام لای کێ متمانەی تۆ بكرم؟!
ماڵەکەم بدز رایە وەرمەگرتەوە!
بەڵام ڕۆحی تۆ لە کێ بسەنمەوە؟!
دڵخۆشیەکم لەوەدابو ئەموت ئەگەر من بمرم ئەوا ھەمو عەشرەتەکەت بەپێنجوێنیشەوەدەستی کچەکەمدەگرن و ناھێڵێن ھەست بەبێکەسی و بێنازی باوکی بکات!
کەچی من لەم کۆستە گەورەیەی تۆدا وەک دەرزیەک وام و ھاتن و نەھاتنم چون یەکە!

^^^

تۆ ئەزانی
ئیتر گەلاوئژ لەلام پایزێکی شومە و
پێکەنینی سەر دەریا ش بەڵای تاعونە و
پیاسەکردنی سەرچنار وەک ژەھرێکی تاڵ وایە!
جگەرە کێشانێک بۆتۆ یادێکت زیندوەکاتەوە و
بۆنی کەباب یش ھەناسە یەکت تازەدەکاتەوە و
ھەرکتێبێکی نوێ تروسکاییە بۆ چاوانت و
بەڵام ماڵئاوایی نا!
من ڵەمەدا دەست وپێ سپیم و فێرنەکراوم کە میوان بەڕێبکەم!
حەزم لەوەنیە بێمە گۆڕستان!
پێمخۆشنیە کاتێک ھەبێ
دڵم بگوشێ و
ڕۆحم داخ بکا و
ئەژنۆم کورت بکاتەوە و
ھەستەکانم ڕوت کاتەوە و
یاری بە فرمێسکم بکا و
تۆنی دەنگم بۆ گریان تاقی کاتەوە!
وام لێمەکە ھاوڕێ گیانەکەم

^^^

خۆتۆ ئەزانی
من حەزم لە سلاوکردنە!
الزھایمر نەیتوانی
لە مارکیز
قودرەتی سڵاوکردنی لێوەربگرێتەوەو
ھەموبەیانیەک سڵاوی لە کتێبەکانی دەکرد!
لە محمدی ماملێ یش ھەموشتێکی لێ سریەوە کەچی سڵاوەكەی ڵەیڵای بۆنەبرا!
لە ئیبرایم یونیس یش دا نەیتوانی
سڵاوەكەی بۆ كورد لێوەرگرێتەوە!
لە عوسمان چێواریشا نەیتوانی سلاوەکەی بۆ سلێمانی بکوژێنێتەوە!
لە حسێن عارف یشدا ناتوانێت شار بخاتەسەر بومەلەرزە!
مەرگی تۆ ھاوڕێ گیان ھەموشتێکی لابرد تەنیا سلاوکردنەکەتی ھێشتەوە!
گرفتەکەم لەوەدایە
کە ئیتر لەھیچ کەسێکەوە ئەو سڵاوەی تۆ نابیستم!
بۆیە دوا سڵاوم لێوەربگرە کاکەم گیان...


ئەم بابەتە 123 جار خوێندراوەتەوە