ASo_omar1.jpg

کۆچى دوایى کاکە ئاسۆ و خەمێکى قوڵ!

بەداخەوە، نەک تەنها ئێمە، بەڵکو هەموومان لە چەند رۆژى رابردوودا بەخەمێکى یەکجار قوڵدا تێپەڕین، مەرگى ئازیزێک، هونەرمەندێک، مامۆستایەک دواجار نوسەر و خەمخۆرێک هەموومانى تاساند، تاساند بە جۆرێک تواناى هیچ بیرکردنەوەیەک و کارێکمان نەبێت، بەڵام هەرگیز کاکە ئاسۆ ئەگەر لە ژیاندا بوایە ئەمەى نەدەویست، چونکە ئەو تا کۆتاکانى ژیانیدا بەردەوام بوو لە کارکردن و هەمیشە کارى جوان و بەردەوامیشى لە بەرامبەردا گەرەک بوو، ئێمە وەک ستافى سایتى گەلاوێژ لە چەند رۆژى رابردوودا وەکو هەریەک لە ئێوە لە خەمێکى یەکجار گەورەدابووین، رەنگە ئێوە لە یەکێک لە کارە هونەرییەکانى وەکو دراما یان فیلمێک یاخود بەرنامەى وێنەکانى دوێنێ لەسەر شاشە ئەوتان بینیبێ و عەشقى کارە جوانەکانى ئەو بووبن و سەرەپا خەم دایگرتبن، بەڵام چى بە ئێمە؟!

کاکە ئاسۆیەک هەموو رۆژێک بێت بۆ ژورى سایتى گەلاوێژ و لەخەمى هەموان و لەخەمى هەواڵ و خەمى چالاکى و خەمى فێستیڤاڵدا بێت، قوڕەسە بۆ ئێمە بتوانین هەواڵێک دابڕێژین و باس لە چالاکییەک بکەین و کاکە ئاسۆ لە تەنیشتمانەوە نەبێت، ئاخ چ بە ئازار بوو مەرگى؟! ئەو دەیخواست ئەمساڵ و لە بیست و سێیەمین قێستیڤاڵ گەورەترین ژوورى هەواڵ لە رۆژانى فێستیڤاڵ درووست بکەین و زۆرترین هەواڵ و چالاکى بۆ خوێنەران بگوازینەوە... ئەو ئەوەى دەخواست، ئێمە رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر بەرەو پێشەوە بچین و بەردەوام بین.

بەڵى... بەڵێ... بەڵێن بە کاکە ئاسۆى جوانەمەرگ دەدەین، بەردەوام دەبین و ئامۆژگارییەکانى هەرگیزو هەرگیز لە بیرناکەین، لەمشەوەشدا جارێکى دیکە دێینەوە خزمەتى خوێنەرانى سایتەکەمان کە بۆ ماوەى چەند رۆژێک بە گەیاندنى هەواڵ و زانیارى لێیان دورکەوتبوینەوە و سایتەکەمان تەنها تەرخانکردبوو بۆ خەمى ئێوەى ئازیز کە هەندێکتان پەیام و نوسینتان بۆ مەرگى کاکە ئاسۆ هەبوو، ئێمەش بەشێکیمان بۆ خوێنەران بڵاوکردەوە.

لە کۆتایدا بەناوى سایتى گەلاوێژ سوپاس و پێزانینى خۆمان ئاراستەى یەکە یەکەى هاووڵاتیانى کوردستان دەکەین، کە لە چەند رۆژى رابردوودا لە خەمێکى قوڵدابوون و خوا سەبورى ئێمە و ئێوە و کەس و کاریشى بداتەوە.

 سایتى گەلاوێژ – 4/1/2020


ئەم بابەتە 90 جار خوێندراوەتەوە