farouq_homar.jpg

نووسەرێک مەرگی ئەدەبی کوردی ڕادەگەیەنێت

 

فارووق هۆمەر یەکێکە لە چیرۆکنووسە دیارەکانی کورد و ساڵانێکە لە دەرەوەی وڵات دەژی. لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک گوتارێکی کورتی بە ناوی مەرگی ئەدەب بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا باس لە مەرگی ئەدەبی کوردی دەکات.

 

| مەرگی ئەدەب

| فارووق هۆمەر

 

من لێرەوە مەرگی ئەدەبی کوردی ڕادەگەیێنم. لە ژێر ئاسمانی ئەدەبی کوردی دا شتێک نییە شوێنی تەماشا کردن بێ، شتێکی تازە بوونی نییە، نوسەرێکی تازەکار و تازەساز بوونی نییە. ئەو جیهانەی پێیدەگوترێ جیهانی ئەدەبی کوردی لەدوای نەوەدەکانەوە بێ لە سفرێکی گەورە شتێکی دی نییە. تاق و تەرا نەبێ شتێک نەنوسراوە بۆنی ئەدەبی لێ بێ و مرۆڤ دڵی پێی خۆش بێ. چۆن ساڵانە ماشێنێکی نوێ و مۆبایلێکی نوێ دێت و لەنێو ئاهەنگێکی گەورەدا دەناسرێ و بێ لە هەنگاوی یەکەم کە موبایل و ماشێنە شتێکی دی نەدۆزراوەتەوە، ئاواش شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و کتێب دێت و ئاهەنگی بۆ ساز دەکرێ و تەنیا گاڵتەیێکی گەورە نەبێ بە ئەدەب، شتێکی دی نییە. دروستر ئێمە لە دونیایێکی ترسناک دا دەژین. شیعر هەیە شاعیر نییە، چیرۆک هەیە، چیرۆکنوس نییە، ڕۆمان هەیە ڕۆماننوس نییە. ئەوەش کتومت هەمان ئەو دونیا کۆپیکراوەیە، نەخۆشخانە هەیە دکتۆر نییە، پەرلەمان هەیە پەرلەمانتار نییە، دەوڵەت هەیە دەوڵەتکار نییە. ئاخر ئەوە چ یارییەکە لە دوای ڕامبۆ و بۆدلێرەوە تۆش بوێریت هەبێ و بە خۆت بڵێی شاعیر، لە دوای پۆ و جۆیسەوە ئەوەندە بێ چاووڕوو بی بتوانی بە خۆت بڵێی چیرۆکنوس. ئەمڕۆ جیهانی ئەدەبی کوردی چۆن جیهانێکە خاڵی لە تێڕامان و گەڕان و دۆزینەوە و پشکنین، ئاواش خاڵییە لە خوێنەری پڕ لە ڕوانین و زیرەک و دۆزەرەوە. خوێنەرێکی ئازا بتوانێ ڕەشو سپی و چاکوخراپ لێک جوێ بکاتەوە. ئیدی بینەر و خوێنەرێکیش پەیدابوون پڕ لە مامە حەمەیی و ترسنۆک و بێ بیروڕا. جیهانێکە خاڵی خاڵی و کەسێکی ئازای دەوێ بێت و دەرگاکە دابخات و هەمووان بنێرێتەوە ماڵێ. لە بەختی کوردیش ئەو کەسە نایەت و تاقەتی نییە بێت و ئەو دەرگایەی هەروا بە کراوەیی بە جێهێشتووە.


ئەم بابەتە 147 جار خوێندراوەتەوە