Dlzar.jpg

سبەى دەبێتە 100 ساڵ و مەراسیمی بۆ رێکدەخرێت

لە شارى هەولێر و کۆیە دوو مەراسیمى جیا بۆ یادی100ساڵەی لە دایکبوونى ئەحمەد دڵزارى شاعیر رێکدەخرێت.

وابڕیارە سبەى 8/1/2020 وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە شارى هەولێر لە ژێرناونیشی (دڵزار گوڵزارێک لە وشە) لە یادی 100 ساڵەی لە دایکبوونى شاعیرى کورد ئەحمەد دڵزار، لە مەراسیمێکی رێزلێنانى بۆ رێکبخرێت.

واش بڕیارە لە مەراسیمەکەدا جگە لە نمایشکردنى کورتە فیلمێک لەسەر ژیانى شاعیر، چەندین بابەت لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی لەلایەن پسپۆرانی بواری ئەدەبییەوە ‌ پێشکەش بکرێن.

لەلایەکى دیکەوە هەربەم بۆنەیەوە وا بڕیارە رۆژى 12/1/2020 کاژێر (10)ى بەیانى لە هۆڵى سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیە، زانکۆى کۆیە بۆ هەمان مەبەست مەراسیمێکى رێزلێنان بۆ شاعیرى کورد ئەحمەد دلزار رێکبخرێت و لە مەراسیمەکەدا (3) سێ لێکۆڵینەوە لەسەر شیعرەکانى و ژیانى سیاسى پێشکەش بکرێن.

بەیانى دلزارى شاعیرى کورد دەبێتە (25)ەمین شاعیر لە مێژووی جیهاندا کە تەمەنی بگاتە سەدەیەک و هەورازتر، شاعیری (ئایرشی – ئایرلەندی Colm de Bhailís) بە تەمەنترین شاعیر بووە کە (109) ساڵ ژیاوە لە (1796 تا 1906)، لە هەموو جیهانیشدا نزیکەی (165) ئەدیب هەبوون کە تەمەنیان سەدەیەک و هەوارزتریان تەواوکردوە.

ئەحمەد دڵزار لە چەند دێرێکدا:

- ناوی تەواوی: ئەحمەد مستەفا محەممەد.

- لە رۆژى 8/1/1920 لە شاری کۆیە لەدایکبووە.

- نازناوی (دڵزار)ی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه‌ و پێی ناسراوه.‌

- بەرلەوەی بچێتە خوێندنگا باوکى شیعری فارسی بۆ کردۆتە کوردی.

- لە ساڵی 1927 لەتەمەنی (7) ساڵیدا باوکى ناردویەتیە لاى (مەلا ئەسعەد) و لەوێ فێری نووسین و خوێندن بووە.

- لە ساڵی 1929 چووەتە خوێندنگاى سەرەتایی لە کۆیە.

- لە ساڵی 1937 کاتێک بۆ یەکەمجار خوێندنگاى ناوەندى لە کۆیە کراوەتەوە چووەتە خوێندنگاى ناوەندى.

- لە ساڵى 1940 یەکەم شیعری نووسیوە.

- لە شوباتی 1943 بووە بە سەرباز بۆ تەواو کردنی خزمەتی سەربازی، بەمەش وازى لە خوێندن هێنا.

- لە ساڵی 1943 لە شارى بەغداد ژیاوە.

- لە ساڵى 1944 چووەتە شارى بەسرە و دواتر گەڕاەتەوە بۆ شارى کۆیە.

- سەرجەم شیعرەکانی لە دیوانی ئەحمەد دڵزاردا کۆکراونەتەوە.

- بیرەوەریەکانی لە دووتوێى کتێبێکدا به‌ ناونیشانی (بیرەوەریەکانی رۆژانی ژیانم) چاپکراوە.

- زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی دەزانێ.

- بەشێکى زۆرى ژیانى لە بەندیخانەکان و پێشمەرگایەتی و دەربەدەری و غوربەت بووە.

- پتر له (15) پانزە ساڵ لەماڵ و منداڵەکانی دابڕاوە.

دڵزاری شاعیر بە پێی دەقێکی شیعری خۆی مێژووی خۆی گێراوەتەوە، کە دەڵێ:

هەشتی یەکی هەزار و نۆسەد و نەوەت و دوو 

حەفتا و دوو ساڵی رەبەق لە تەمەنم تەواو بوو 

وەک کەسانێکی ئازاد، ژینی ئاسایی نەژیاین 

دوای بەندی و پارتیزانی ئێستاش وا لە غوربەتاین 

بەڵام ئەوەی کە مایەی سەبەرزی و شانازییە 

سەرشۆرنەکردنمان و خەبات و گیانبازییه‌


ئەم بابەتە 123 جار خوێندراوەتەوە