Balnda.jpg

ماڵپەڕى باڵندە... داهێنانێکى بێ وێنەى ئەدەبى

ڤانۆ محەمەد

کۆمەڵک گەنج، خۆبەخشانە و خۆنەویستانە شەوانە تا بەرەبان و بەرەبەیان تا شەوگارێکى درەنگ، زۆرجار تاریک، بەڵام ئەوانە بە نوێترین دەقە شیعرى کوردى یاخود بیانى شەوگار روناک دەکەنەوە... کەس نییە ئاگاى لەوان بێت، بەڵام ئەوان بە ئاگان لە هەموو شیعرێکى تازە لە دایکبوو، بەلاى ئەوانەوە گرنگ نییە بە چ زمانێک شیعرەکە نوسراوە هێندەى بەلاى ئەوانەوە گرنگ شیعرەکە کێ نوسیویەتى و ناوەڕۆکەکەى چى دەڵێت.

ئەوان خێران لە بە کوردى کردنى نوێترین و ناوازەترین شیعر، کە رەنگە هەندێک لە شیعرەکان ساتى لە دایکبوونى تازە بێت، تازە بەو ماناى چەند دەقە و سەعاتێک نوسرابێت و بڵاوکرابێتەوە، بە پێچەوانەشەوە شاعیرانى وڵاتەکەم چەند دڵخۆشن، ئەو کۆمەڵە گەنجە بوێرە هەن، شیعرەکانیان دەکەن بە زمانە زیندووەکانى ئەم جیهانە...

ئەوان خەوەنى گەورەیان هەیە، ئاگاداربوون لێنان و هاوکارى کردنیان ئەدەب بەگشتى و شیعر بەتایبەتى زۆر زۆریش بەرەو پێش دەچێت، ئەوانە هەفتانە شیعرى هەفتە بۆ ئێمەى خوێنەر دەگوازنەوە.. وەلێ زۆرمان بێئاگاین لەوەى ئەوان بەتەنها لەخمى شیعر نین، ئەوەتا وەک خۆیان دەناسێنن، باڵندە ماڵپەڕێکی ئەدەبیی تایبەت بە شیعرە، بە تایبەت وەرگێڕانی شیعری جیهان بۆ کوردی. ئێمە مەبەستمانە شیعر لە دنیای کوردیدا لە پێگەی ڕاستەقینەی خۆیدا بوەستێت و بەردەوام لە خوێندنەوە، وەرگێڕان، بڵاوکردنەوە و بیستندا بێت. کەواتە دەتوانن لەم ڕێیانەوە هاوکاریی باڵندە بکەن…

یەک: لە ڕێی وەرگێڕانەوە

ئەگەر تۆ وەرگێڕێکیت و شیعر وەردەگێڕێت/ یان تازەگی حەز دەکەیت شیعر وەربگێڕیت، ئەوا پەیوەندییان پێوە بکە. ئەوان ڕێپیشاندەرت دەبن بۆ وەرگێڕانی شیعر و هەڵبژاردنی شاعیران. هەروەها وەرگێڕ سەربەستە لەوەی کە خۆی شیعر/ شاعیر هەڵبژێرێت. جگە لە شیعر، وەرگێڕانی گفتوگۆی شاعیران و گوتاری شیعری، لە کارەکانی ئەوانە.

دوو: وەرگێڕانی پێچەوانە

یەکێک لە کارەکانی باڵندە، وەرگێڕانی شیعری کوردییە بۆ زمانانی دیکە، لەم ڕووەوە ئەگەر تۆ توانات هەیە، یان لە بەرنامەتدایە ئەم کارە بکەیت، دەتوانیت پەیوەندییان پێوە بکەیت.

سێ: بەشی دەنگوڕەنگ

ئەگەر تۆ لە بواری دەنگ و وێنەدا توانات هەیە، یان حەز دەکەیت شیعر بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی لە بەشی دەنگوڕەنگی باڵندەدا بڵاو ببێتەوە، ئەوا پەیوەندییان پێوە بکە، بۆ ئەوەی لە ڕێی باڵندەوە شیعرێک هەڵبژێرن و بیخوێنیتەوە. هەروەها هەر ستۆدیۆیەک ئەگەر دەتوانێت بۆ تۆمارکردنی شیعرەکانی باڵندە هاوکاریان بێت، تکایە ئاگەداریان بکاتەوە.

چوار: پۆستەری باڵندە

باڵندە ساڵانە یەک هونەرمەند بۆ دروستکردنی پۆستەری باڵندە ڕادەسپێرێت. ئەم پۆستەرە هەرساڵەی تایبەتە بە شاعیرێک یان ڕووداوێکی شیعری. ئەگەر تۆ هونەرمەندێکی و حەز دەکەیت پۆستەری ساڵی داهاتووی باڵندە دروست بکەیت، تکایە لە ئێستاوە دەتوانیت پەیوەندییان پێوە بکەیت. ئەم پۆستەرە ماوەی ساڵێک لە دەستپێکی ماڵپەڕی باڵندەدا دەمێنێتەوە.

پێنج: هاوکاریی ماددی بۆ کتێبی باڵندە

باڵندە ساڵانە چەند کتبێکی شیعری چاپ و بڵاو دەکاتەوە. لە ئێستادا کتێبەکان لەسەر ئەرکی سەرپەرشتیکارانی پڕۆژی باڵندە چاپ دەکرێن. بۆ ئەوەی بتوانین کتێبی شیعریی زیاتر چاپ و بڵاو بکەنەوە؛ لە ڕووی ماددییەوە (تێچووی بەرگ، تێچووی نەخشەسازی، تێچووی چاپ) هاکاریی باڵندە بکەن. 


ئەم بابەتە 82 جار خوێندراوەتەوە