Choman_Hardi.jpg

ژنێک لە پێش سەردەمی خۆی

چۆمان هەردی

بۆ ئەحلام مەنسوور

چەندە دەستپێکێکی جوان بووی!
پڕ بووی لە نووری وشەکان، لە داگیرسانی بیرۆکە.
یەکەم دەنگی مێیینە بووی، تاقە شۆخی نێوان ئەو ھەموو پیاوە بووی.
کە دەدوای ھەموو گوێکان قوڵاغ بوون بۆت،
دەردەکەوتی چاوەکان گشت برسی دەبوون.
بوێرانە عاشقدەبوویت و راستگۆیانە دەتنووسی،
بە پێچەوانەی تەوژمەکانەوە رێگەتدەبڕی.
شۆڕشێک بووی لە سەرکێشی، مژدەیەک بووی بۆ ئازادی،
نموونە بووی ئەگەر میللەت زیندوو بووایە.

خەڵکی ئەم مەملەکەتەی تۆ لەسەر شەرەف نەیانکوشتی،
نەیانویست بتکەنە شەھید. وردە وردە، قۆناغ بە قۆناغ کوشتیانی.
سەرەتا بێدەنگیان کردی، دوایی ھەڕەشەیان لێکردی،
دوایی کردیانی بە نوکتە، پێت پێکەنین،
وەک نەخۆشێک یان وەک شێتێک سەیریانکردی،
سەرەنجامیش بە تەنھاییان سپاردی، جێیانھێشتی.
بێڕێزی ئەم خەڵکە تۆی کوشت،
ترس و تەنھایی تۆیان کوشت.

پیاوەکانی ئەم وڵاتە-
(یەکێک بە ناوی عەشقەوە، بەدەم ئازاد، بە دڵ پڕ لە بەردی شەرەف؛
یەکێک بە ناوی دینەوە، دەست بە دەستنوێژ، دەم بە فەتوا؛
یەکێک بە ناوی ھاوڕێوە، گوێچنۆک و دەم بە فیتنە؛
یەکێک بەناوی ئەدەب و ھونەرەوە، روو بە خەندە، دەم بە رەخنە؛
یەکێک بەناوی حیزبەوە، بەقسە ئازادیخواز و بە کردە زۆر نەریتگەرا)
یەکە یەکە دڵتیان شکاند،
ھەر ھەموویان دەستیانھەبوو لەم کوشتنە ھێواشەتدا.

دەبوایە بمانزانیایە کە زۆر ناژیت و زوو دەمری.
ئەوەی یەکجار دووکەڵی خەمەکانتی ھەڵمژیبێ،
ئەوەی ساتێک تەنھایی قووڵ و سامناکی تۆی بینیبێ،
ئەوەی لە دووری دوورەوە چیرۆکی دڵشکانەکانی تۆی زانیبێ
دەبوایە بیزانیایە ئەو رۆژە دێت، زۆر خێراش دێت،
لەناکاوێ، بەبێ سرتە جێماندێڵی.

ئەو رۆژە ھات دادە ئەحلام، تۆ رۆیشتی.
لەپڕێکا بە خۆمان زانی کە درەنگە. کات نەماوە تا بێین بۆلات،
تا پێکەوە چایەکی تاڵ بخۆینەوە و تا پێت بڵێین لە منداڵی و گەنجیماندا
چەند دڵمان بە بوونت خۆش بوو.
کاتمان نەما دادە ئەحلام، درەنگ بەئاگا ھاتینەوە.

تۆ رۆیشتی و میللەتێکی پەشیمانت لەدوا جێما-
ھەموو کەوتینە شیعر نووسین، وتار نووسین، ئیعتیرافات.
پرسەکەتمان بردە مزگەوت، ئەو مزگەوتەی پیاوەکانی لە دژت بوون.
ئەم میللەتەی کە تا مابووی پڕبوو لە قسەی رەقوتەق،
پڕ لە دژ و دوژمنکاری، ئێستە داوای بەخشین دەکات.
ئەم میللەتە قەدەری پەشیمانییە چونکە ھەرگیز دەرس فێرنابێ،
درێژترین یادکردنەوەی دوو-سێ رۆژە و
دوایی دەچێت بۆ سەیران و بیری دەچێ چی روویداوە،
بیری دەچێ بۆ کوێ دەچێ و دەبێ چیبکات.
درەنگ کەوتین دادە ئەحلام، وەک ھەمیشە درەنگ کەوتین،
تۆ زوو رۆیشتی.


ئەم بابەتە 154 جار خوێندراوەتەوە