Dr.Hersh.jpg

کتێبی راگەیاندنی نیشمانیی بڵاودەکرێتەوە

دوو مامۆستاى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى کتێبێک بەناونیشانى (راگەیاندنی نیشمانیی.. بایەخی بۆ هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم دامەزراندنی) لە مەراسیمێکدا خوێندنەوەى بۆ دەکەن و بڵاوى دەکەنەوە.

وا بڕیارە رۆژى دووشەممە 13/1/2020 کاژێر (11)ى پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی سیمینارى کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕیی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رێوڕەسمی واژۆکردن و دابەشکردنی کتێبی (راگەیاندنی نیشمانیی.. بایەخی بۆ هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم دامەزراندنی) لە نوسینى هەردوو نوسەر و ئەکادیمیست و مامۆستاى پۆلیتەکنیکى زانکۆى سلێمانى (د. هێرش رەسوڵ و د. کاروان عەلی) بەڕێوەبچێت.

واش بڕیارە لە مەراسیمەکەدا (د. کارزان محەمەد) مامۆستا لە بەشی تەکنیکی میدیاى هەمان زانکۆ خوێندنەوەیەکی زانستیی و پیشەیی بۆ کتێبەکە بکات.

لە پێشەکی کتێبەکەدا هاتووە:

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنە هەمەلایەنەکان لە شێوازى ژیانى تاک لە کۆمەڵە جیاوازەکاندا، جۆر و شێوەی ئامرازەکانى راگەیاندنیش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و بەپێى سروشتى قۆناغەکان، جۆر و شێوەى نوێ و کاریگەر هاتونەتەکایەوە.

راگەیاندنی نیشتمانیی، یەکێکە لەو جۆر و شێوە نوێیانە، کە مەبەست لێی دامەزراوەی راگەیاندنی فرەپەخشە، پشتبەست بە گوتارێکی رۆشنی نیشتمانیی، ورد و پیشەییانە، بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتیی و نیشتمانیی کاردەکات.

ئەوجۆرە دامەزراوەیە، لە دۆخی فەراهەمبونى ژینگەى لەبار، رۆڵى گەورە و گرنگ لە بوار و کایە جۆربەجۆرەکاندا دەگێڕێت، هەروا لە ئەنجامى کارکردنى پیشەییانە تێیدا، گۆڕانکاریى گەورەى سیاسیى، ئابوریى و کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیریی دروستدەبێت.

بەوپێیەی، کە هەرێمی کوردستان لە کۆی بوارە جیاوازەکانیدا بە شێوەیەکی گشتی، کێڵگەیەکی دەستلێنەدراوە بۆ توێژینەوە و تاوتوێکردنی ئەکادیمیء زانستی، کەوا راگەیاندنەکەیشی بەهەمانشێوە، تاکو ئێستا کەمترین کاری جددیی ئەکادیمیی لەبارەوە کراوە، بۆیە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە بە پێویست زانرا.

توێژینەوەکە، مەبەستییەتی، لە رێی وروژاندنی چەند پرسیارێکی سەرەکییەوە، وێڕای رونکردنەوەی بایەخ و پێویستیی "راگەیاندنی نیشتمانیی" بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان، بە دوای پێگەکەیدا لەو واقیعەدا بگەڕێت و ئاستەنگەکانی بەردەم دامەزراندنی دیاری بکات، هەروا گۆشە و رەهەندە جیاوازەکانی بابەتەکەش شرۆڤەبکات. بۆیە توێژەران، سود و بایەخەکەیان لە هەریەک رەهەندەکانی: (کۆمەڵ، نیشتمانی، ئەکادیمی و، پیشەیی) چڕکردۆتەوە.


ئەم بابەتە 71 جار خوێندراوەتەوە