سەردانی پێشانگەی هاوبەشی محەمەد فەتاح و ساڵح ئەلنەجار-م كرد

مەلا بەختیار

محەمەد و ساڵح دوو شێوەكاری دیاری كوردستانن. محەمەد لە سلێمانی و ساڵحیش لە (خانەقین)ەكەم لەدایكبووە. هاوتەمەنن. بەڵام لە دوو خولیای هونەری جیاوازەوە، هزری هونەرییان دەڕەنگێنن.

محەمەد، كار لەسەر جوڵەی جەستەو رەنگی گەش و خامۆش دەكات. ئەم كارانەی جیاوازن لە كارەكانی پێشووی. فیگەری باشتری ئاوێتەی تابلۆكان كردووە. قۆناغی پێشووی بە جێهێشتووە. مرۆڤی بە ژن و پیاوەوە، سروشت و دەریای بەرجەستە كردووەو ئاماژەی جۆراو جۆری هەیە. لە درۆی مرۆڤەوە هەتا راستگۆیی. جوانی و ناشیرینی. گەش و خامۆش.. تاد..

ئەلنەجاڕیش.. كوت و مت جیاواز لە محەمەد، جەستە جێ‌ دێڵێ‌ و كار لەسەر (سەر) دەكات. لە رێگەی ماسك و ماسكی جۆراوجۆرەوە، ڕاستیەكانی ژیانی ئێستا، دەنەخشێنێ‌.

ساڵح، دەیەوێ‌ پێمان بڵـێ‌: ژیان سەیرە، زۆربەی خەڵكەكە، خۆیان نین. لە پشتی ماسكن. ماسك، بۆتە پۆشێنەری گەوهەری مرۆ. مرۆ، راستگۆیەتی كەم بووە. هەلپەرستی و فێڵبازی و درۆكردن، بۆتە سیمای ژیانی سەردەمەكە.. سەردەمی ماسكەكانە.. ئەمە راستیە لە تابلۆكانی ساڵح دا، بەزۆری لە رەنگی خۆڵەمێشی و سپی دا، رەنگێندراوون. رەنگی سپی بۆ گەشی ژیان و خۆڵەمێشیش بۆ دردۆنگی..

تێبینی:
لەگەڵ هەردوو هونەرمەند كەوتمە گفتوگۆ، پرسیم لە بری (مرسم)ی عەرەبی، بەكوردی دەستەواژە هەیە. گوتیان نیە.
منیش پێشنیازی (تابلۆگە)م بۆ كردن، پەسەندیان كرد، بە هیوای بەكار بێ‌.


ئەم بابەتە 128 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو