bahashtuyadgar.jpg

پەراوێزی ستاتیکا

هاوڕێ عەبدوڵا

"بەهەشت و یادگار" یەکێکە لە دیوانە شیعرییەکانی گۆران، لە ساڵی ١٩٥٠دا بڵاوکراوەتەوە. عەبدوڵڵا گۆران ئەم دیوانە پێشکەش دەکات بە " ئەو شۆخ و نازدارانە کە جوانییان وەک تیغ نابڕێ، وەک چرا پێش چاو ڕووناک ئەکاتەوە". وەک گۆران خۆی دەڵێت، سەرجەمی ئەم دیوانە شیعرییە لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداریدا خەریکە، و بەشی زۆری شیعرە کۆنەکانی ئەم دیوانە کە دەکەونە بەشی کۆتایی دیوانەکەوە بە کێشی عەرووز و کوردییەکی تێکەڵاو بە زمانی بێگانە نووسراون.

بەشەکەی تری دیوانەکە کە شیعری نوێن بە کێشی پەنجەیی-خۆماڵی نووسراون، و شاعیر هەوڵیداوە خۆی بپارێزێت لە بەکارهێنانی وشەی بێگانە. "جوانی بێ ناو"، یەکێکە لە شیعرە نوێیەکانی ئەم دیوانەی گۆران کە ئێمە لێرەدا لەسەری دەوەستین. لەم شیعرەدا گۆرانی شاعیر وەسفی جوانی کچێک دەکات: " قژکاڵ، لێوئاڵ، نیگاکاڵ، سەرگۆنا نەختێک ئاڵ، گەندەمووی دەموچاو، مەچەک هەڵنەگرتوو، ئەندام وردیلە، نەرمۆڵەی ئێسک سووک..." ئەمانە ئەو وەسفانەن کە شاعیر لە وەسفی کچێکدا دەریدەبڕێت. لەپاڵ ئەم وەسفانەوە بەر بە دوو دێڕی جیاواز دەکەوین، کە بەراوردی جوانیی نێوان کانی و دەریایە. بۆ ئەوەی ڕوونتر بگات دوو دێڕەکە وەک خۆی دادەنێینەوە:
 

کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو

لە بنیا بلەرزێ مرواریی زیخ و چەو

جوانترە لەلای من لە دەریای بێ سنوور

شەپۆلی باتە بەر تیژگی ڕۆژ شڵپ و هووڕ!
 

کانی بچوکە و پانتاییەکی جوگرافی زۆرکەم دەگرێتەوە، ڕوونە و بەئاسانی ژێرەوەی دەبینرێت و قوڵایەکی ئەوتۆی نییە. هەرچی دەریایە، پانتاییەکی جوگرافی فراوان دەگرێتەوە و قوڵە و ژێرەوەی نابینرێت، وەک شاعیریش دەڵێت بێ‌سنوورە! دەنگی خوڕەی کانی لەلای شاعیر خۆشتر و ستاتیکی ترە لە دەنگی شڵپ و هووڕی شەپۆلی دەریا. ستاتیکا یان جوانیناسی، تەنیا وەسفێکی ڕووت و بێ‌لایەنانە نییە، دەکرێت هەم ڕەخنەگرانە بێت هەمیش ئایدۆلۆژییانە، یانیش شاردنەوەی ترسێکی خودی بێت. واتا لەودیوی وەسفی جوانییەوە ڕەهەندی تر نووستوە. ئایە دەکرێت لەودیوی بەراوردی نێوان کانی و دەریاوە جگەلە ڕەهەندە ستاتیکییەکه ی بۆ شتێکی تر بگەڕێین؟ شتێکی تر بوونی هەبێت، ڕەهەندێکی تر نووستو بێت؟ ئایە ئەم بەراوردە تەنیا بەراوردێکی ستاتیکیی نێوان دوو دیاردەی سروشتییە، کە شاعیر بێ‌لایەنانە و سروشتیانە کانی لەلا جوانترە لە دەریا؟ لەودیوی ئەم بەراوردە ستاتیکییەوە ترسێک بوونی هەیە لە ناکۆتا، لە بێ‌سنووری، لە بێگانە، ترسێک وا لە شاعیر دەکات بگەڕێتەوە بۆ کانی، کە هەم کۆتادار و سنووردارە، هەمیش خۆماڵییە! ڕەنگە بتوانین لای شاعیر کانی وەک میتافۆری پەراوێزی دونیا و بەشە سروشتی و ستاتیکییەکەی دونیا وەربگرین.

دەریاش وەک سەنتەری دونیا و بەشە شارییەکەی دونیا. لەلای شاعیر لە بەشە پەراوێزەکەی دونیا، هێشتا ژیان ڕوون و سادە و سازگارە، ئاڵۆز و ناساز نەبووە. بەڵام لە بەشە سەنتەرییەکەی دونیا، ژیان ئاڵۆز و جەنجاڵ بووە، بێ‌سنوور و ناکۆتا، شڵپ و هووڕی سەنتەر یان با بڵێین شار، ژیانێکی ناستاتیکی و ئاڵۆزی دروستکردووە. لە بەرانبەر زاڵبوونی کولتوری سەنتەر و ستاتیکای سەنتەردا، شاعیر هەڵوێستێکی ستاتیکی دەنوێنێت و لە ڕێگەی ستاتیکایەکی ڕەخنەگرانەوە ڕووبەڕووی کولتوری سەنتەر و ستاتیکای بێگانە دەبێتەوە، و ستایشی دونیای پەراوێز و ستاتیکای پەراوێز دەکات. ئەم بەرگرییە ستاتیکییەش ڕەنگە تاکە کەناڵی شاعیر بوو بێت بۆ ئەوەی بەرگری لە پەراوێز بکات لە بەرانبەر سەنتەر و ئەو کولتورە زاڵە نوێیەی کە هاتۆتەکایەوە.

لە دێڕەکانی تری ئەم شیعرەدا بەر بە دەلالەتی تریش دەکەوین کە هەمان مەدلولی پەراوێزی و سەنتەرییان هەیە. شاعیر بەرگی ساکاری ئەو کچەی باسی دەکات دڵگیرترە لەلای لە هی بوک. شاعیر پەرۆشی شاگوڵ نییە، پەرۆشی تەڵێ گوڵە وەنەوشەی بچوک و خۆرسکە کە لەژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە. ئەوەی هەستێکی جوان و سپی بە شاعیر دەبەخشێت شەوانی پڕ ئەستێرە نییە، بەڵکو ئەستێرەی بەربەیانە. بەگشتی ئەوەی لای شاعیر جوانە، جوانییەکانی پەراوێزە. بەڵام وەک ئەوەی شاعیر خۆشی لە کۆتاییدا دەڵێت: "شۆخێکی نایابە، بەڵام ئاخ، بێ ناوە" لەبەرئەوەی پەراوێز هەمیشە لە پەراوێزایە و نەناسراوە.


ئەم بابەتە 68 جار خوێندراوەتەوە