Bechar.jpg

پۆسیدۆن (بۆ قوربانییانی دەریای ئیجە)

ساڵح بێچار

ئێوە کە چوون

شەپۆلان و شڵپوهوڕی

(دوکان) و (دەربەندیخان) تان

لە فرمێسک و خورپەی دڵدا هەڵگرتبوو،

هەر لێرە (دوکان) پێیوتن

کەگەیشتن بە (ئیجە) بڵێن

ئێمە ڕستێک قەترە ئاوی

بـێناسناوی بەجێماوی

هەموو دەریا و

ئۆقیانووسەکانی دونیاین!

(دەربەندیخان) گوتی بڵێن

ئێمە ڕێژنە بارانێکی

بێ ئاسمان و بێ زەمینین.

***

نیوەشەوێک

لەو دەمەیدا کە ئەردۆغان

سەری کەچی

دەبردە بەر سوجدەی خودا

لەو ساتەیدا

سەرۆک، زاری

دەوڵەتی کوردی هەڵدەدا

ئێوە لەبەر

عەرشی تەڕی (پۆسیدۆن) دا

بە یەختێکی کونکونەوە

نزاتان بوو..

لەکاتێکدا بەبەرچاوی مردنەوە

دڵۆپ دڵۆپ دەتکانە ئاوی ئیجەوە!

***

(وان) یش پێشتر

ڕایسپاردبوون کە لەوێ

بە پۆسیدۆن ڕاگەیەنن

شەپۆلی دەریا ڕابگرێت

تا دەگەنە کەنارەکانی بێکەسیی!

(وان) یش وتی لەوێ بڵێن

ئێمە کە دێین

دەریا تەیناکەین بۆ ئاڵتوون

ئێمە خۆ، گوارەی ئاڵتوونی

کچۆڵەکانی خۆمانیش

دایەدەستی قارداشەکان.

بڵێن ئێمە نایەین وەکو

کریستۆڤەر

بەمەبەستی دۆزینەوەی

کیشوەرێکی نوێ بگەڕێین

ئێمە خۆمان

کیشوەرێکی نەناسراومان جێهێشتووە!

نا.. ناگەڕێین بەدوی نەوتا لەدەریادا

چونکە خۆمان

(ئیجە)ی نەوتمان

بۆ حوتەکان جێهێشتووە!

ئێمە هاتووین..

بۆ، هێندەی نوچدانێک ژیان

بۆ، ئەوەندەی پەنجەرەیەک لە ئایندە

بۆ، لوێچێک بەختەوەریی

بۆ، تۆزقاڵێک دادپەروەریی!

ئێوە کە چوون، کە گەیشتن

هەر خۆتان و خەیاڵێکی ئاڵۆزکاو و

نیوە ڕۆحێک بوون، کەسیرە

***

لەو شەوەدا

هەر وەک ئەوەی (ئیجە) بڵێت

ئەمانە کێن.. بۆ کوێ دەچن.. لەکوێوە دێن؟

دەریا تووڕە و نیگەران بوو

پۆسیدۆن بەسەر دەریاوە

ئەسپەکانی خۆی تاودەدا

(تریتۆن) یش

هێشتا سەرگەرمی گەمەی دۆلفینەکان بوو؛

لەبری ئەوەی

فوو بە گوێچکە ماسییە گەورەکەیدا بکا و

دەریا هێمن بکاتەوە.

موسای عیمران یش هەر نەهات

تا، دەریا بۆ پەڕینەوەتان شەق بکات.

(یاد) قیژاندی زۆر دەترسم

دایە خنکام.. دەڵێی فیلمی (تایتانیک) ـە

دایە گوتی:

ڕۆڵە ئێمە لەوەتەی هەین هەر فلیمین!

لەو شەوەدا

ئیجە بوو بە (گۆڕستانی چراکان) و

بۆ بەیانیش (تودەی زەمان)

لەگەڵ فۆتۆ ستۆرییەک،

بە مانشێتی سوور نووسیبووی

(چەند بازرگانێکی مادەی هۆشبەر لە ئیجەدا دەخنکێن!)

 

وێنەی یەکەم:

ژنێک هێشتا

چاوەکانی کراوە بوون

وەک بیەوێت

لە مان و نەمانی هەموو

ڕۆڵەکانی دڵنیابێت!

 

وێنەی دووەم:

منداڵێکی سەرئاوکەوتوو

چاوەکانی هەڵنەبڕیبوو

دەتگوت هەر لە جۆلانەکەیدا نووستووە!

 

وێنەی سێیەم:

ئەو لاوە بۆ دەستی ڕاستی

هێشتا لەسەر چەپی سینەی داناگرێت

کێ دەزانێت

ئاخۆ لەخەمی پارەی گیرفانیدایە

یان ئازیزێک لەدڵیایە!

وێنەی چوارەم:

ئەو پیاوە تائێستاش جزدانە خاڵییەکەی

لە باخەڵیا هەڵگرتووە!

وەك بڵێی هێشتاش چاوەڕێی

مووچەکانی پێنج مانگی ڕابردوویەتی،

مووچەکانی پێنج مانگی بابردوویەتی!

***

ئەی ئاو، گلەیی بێت لە تۆ

ئێمەی کورد متمانەمان بە (خاک) نەماوە

چونکە زۆر جار..

لە ناخی خۆیدا، زیندەبەچاڵی کردووین!

ئێمە چیتر بەقامان بە (با) نەماوە

ئەویش خەردەل و سیانیدی دەرخوارد داین!

بڕوامان بە (ئاگر) نییە..

ئەویش هەر لەم دونیا دۆزەخی پیشانداین!

ئەی (ئاو) گلەیی بێت لە تۆ

بۆ ئەمجارە خۆ هانامان بۆ تۆ هێنا

کەچی وا تۆش..

بە تورکان خواردووت داین.. ئەی ئاو...!


٦/٢/٢٠١٦

 

 

لێکدانەوەی چەند وشەیەک:

پۆسیدۆن: لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا خوداوەندی دەریایە. دەریا ھەمیشە گوێڕایەڵی (پۆسیدۆن)ـە و کەی بیەوێت دەریا دەخاتە شەپۆلان و ھەژان و بەپێچەوانەشەوە.

ﺗﺮﯾﺘﯚن: لە ئەفسانەی یۆنانیدا کوڕی پۆسیدۆنی خوداوەندی دەریایە، تریتۆن بەشی سەرەوەی جەستەی مرۆڤە و بەشی خوارەوەی ﻣﺎﺳییە. ﺗﺮﯾﺘﯚن، ھاوڕێی دۆﻟﻔﯿﻨﻪکانە. ﮔﻪﻣﻪیان لەگەڵدا دەکات و زۆر ﺟﺎرﯾﺶ ﺳﻮاری ﭘﺸﺘﯿﺎن دەبێت. ﺗﺮﯾﺘﯚن، ﮔﻮێچکە ﻣﺎﺳﯿﻪ گەورەی پێیە کە فووی پێدادەکات. ئاوازێکی لێوەدێت، لە دەﻧﮕﯽ ﻣﯚﺳﯿﻘﺎ دەﭼێت. ﺑﻪم ئاوازە، ﺗﻮڕەیی دەرﯾﺎ و ﺷﻪپۆلە سەرشێتەکان ﺋﺎرامدەکاتەوە.

یاد: ناوی یەکێکە لە منداڵە خنکاوەکانی نێو دەریای (ئیجە) وەک سیمبولێک بەکارھاتووە.

گۆڕستانی چراکان: ناونیشانی قەسیدەیەکی مامۆستا شێرکۆ بێکەسە.

تودەی زەمان: ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی تورکییە.

 

ئەم شیعرە ڕۆژی ١٥/٢/٢٠١٦ لە پارێزگای هەڵەبجە لە مەراسیمێکی تایبەت بە قوربانیانی "ئیجە" خوێندرایەوە و دواتریش ڕۆژی ٢٧/٢/٢٠١٦ لە مەراسیمێکی تایبەت بە هەمان ڕووداو لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی خوێندرایەوە.

 


ئەم بابەتە 271 جار خوێندراوەتەوە